لە كەركووك دەست بە دابەشكردنی شایستە داراییەكانی ئەو جووتیارانە دەکرێت كە ئەمساڵ گەنمیان ڕادەستی سایلۆ كردووە.
لەم بارەیەوە، حوسێن قەنبەر، بەڕێوەبەری كۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵەی كەركووك لە ڕاگەیاندنراوێكدا ڕایگەیاند: ''ئەمڕۆ دووشەممە 6ی 6ی 2022، لە كەركووك دەست بە دابەشكردنی قۆناغی دووەمی شایستە داراییەكانی ئەو جووتیارانە دەکرێت كە ئەمساڵ گەنمیان ڕادەستی سایلۆ كردووە''.
گوتیشی: ''بڕی ئەو پارەیەی كە بۆیان تەرخان كراوە بریتییە لە چوار ملیار و 500 ملیۆن دینار''.
ماوەی چەند ڕۆژێكە لە كەركووك دەست بە وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران كراوە و بۆ هەر تۆنێك 850 هەزار دینار دیاری كراوە و بەزوویی و قۆناغ بە قۆناغ شایستە داراییەكانی جووتیاران دەدرێت.