ساناو فەرەیدوون: لای سەرۆكی حكوومەت، گرنگترین شت چارەسەركردنی كێشەی چین و توێژە هەژارەكانە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ساناو فەرەیدوون: لای سەرۆكی حكوومەت، گرنگترین شت چارەسەركردنی كێشەی چین و توێژە هەژارەكانە

"بابەتی گواستنەوەی فەرمانبەران، زۆر ئاسانكاریی تێدا كراوە"

ساناو فەرەیدوون جوانڕۆیی، سەرۆكی فەرمانگەی كارگێڕی و دارایی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان، لە گفتۆگۆیەكی تایبەتی (باسنیوز)دا، چەندین پرسی تایبەت بە فەرمانبەران و گواستنەوەی راژە و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان و بابەتی مووچە دەخاتە ڕوو. دەڵێت: "حكوومەت ئەوپەڕی گرنگی بە خزمەتكردنی هاووڵاتییان و فەرمانبەران دەدات و كار بۆ كەمكردنەوەی رۆتین لەنێو فەرمانگەكان دەكات، تاوەكوو باشتر خزمەتی هاووڵاتییان بكرێت."

بەدەنگەوەچوونی داواكاریی هاووڵاتییان

سەرۆكی فەرمانگەی كارگێڕی و دارایی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان سەرەتا ئاماژەی بەوە دا، لەم كابینەیەدا هەنگاوی باش بۆ بەدەنگەوەهاتنی كێشەكانی خەڵك و فەرمانبەران نراوە، گوتی: "سەرۆكی حكوومەت زۆر گرنگی بەوە دەدات كە هاووڵاتییان لە ترۆپكی ئیشەكانی حكوومەتدا بن و بەدەمەوەچوونی داواكاریی هاووڵاتییان و چارەسەركردنی كێشەكانیان و لێپرسینەوەی فەرمانبەران بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان هەبێت، چونكە حكوومەت دواجار بۆ خزمەتی هاووڵاتییان و بەرژەوەندیی گشتییە.“

گوتیشی: "لەسەر داوای سەرۆكی حكوومەت، ئێمە لە ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازیمان لە هاووڵاتییان كردووە و بەدەم چارەسەركردنی كێشەكانیانەوە چووین و ئێستاش ئەو خاڵە رەچاو دەكەین و بەردەوامین لە وەرگرتنی داواكاری و سكاڵای هاووڵاتییان و فەرمانبەران."

ساناو فەرەیدون باسی لەوەش كرد، ئەنجوومەنی وەزیران دەرگای واڵایە بۆ وەرگرتنی كێشە و داواكارییەكانی خەڵك، گوتیشی: "زۆربەی كێشەی فەرمانبەران لە وەزارەتەكانیش هەر بۆ ئەنجوومەنی وەزیران دەنێردرێت و خەڵك و فەرمانبەرانیش راستەوخۆ هاتوون بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، ئەوەی بەپێی یاسا و رێنوێنییەكان بووبێت، كێشەكەی بۆ چارەسەر كراوە، ئەوەیشی لەدەرەوەی یاسا و رێنماییەكاندا بووبێت بابەتێكی دیكەیە، تا ئەو شوێنەی یاسا رێگەی دابێت، ئێمە كێشەكانمان چارەسەر كردووە."
باسیشی لە پلە بەرزركردنەوەی فەرمانبەران كرد و گوتی: "ئەو بابەتە پەیوەندیی بە دۆخی دارایی گشتیی هەرێمی كوردستانەوە هەیە."

سەرۆكی فەرمانگەی كارگێڕی و دارایی ئەنجوومەنی وەزیران، ئاماژەی بەوەش دا: "حكوومەت ئەوپەڕی گرنگیی بە هاووڵاتییان و فەرمانبەران دەدات و كار بۆ كەمكردنەوەی رۆتین لەنێو فەرمانگەكاندا دەكەین، تاوەكوو باشتر خزمەتی هاووڵاتییان بكەین، هەروەها ئێستا كاری لەپێشینەی حكوومەت، دابینكردنی مووچەیە، بەدوای ئەودا خزمەتگوزارییەكان دێن".

فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست

ئەو بەرپرسە لە ئەنجوومەنی وەزیران هاتە سەر روانگەی حكوومەت لەبارەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی و فەرمانبەرانی گرێبەست و گوتی: "لە روانگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هیچ جیاوازییەك لەنێوان فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەستدا نییە، تەنیا ئەوە نەبێت كە بەپێی یاسا، هەندێك رێسا و رێنوێنی هەیە جیاوازی لەنێوان مافەكانیاندا هەیە، ئەوەش بۆ جیاكاری نییە، بەڵكوو یاسا و سروشتی كارەكە وایە، فەرمانبەرانی گرێبەست فەرمانبەری دڵسۆز و ئیشكەرن و ئەوەی لە توانای دارایی حكوومەتدا هەبێت بۆیان دەكرێت و بەردەوامیش پشتیوانیان بووینە."

گواستنەوەی فەرمانبەران ئاسانكاریی تێدا كراوە

ساناو فەرەیدوون، لەبارەی چارەسەركردنی كێشەی گواستنەوەی فەرمانبەرانیش گوتی: "سەرۆكی حكوومەت فەرمانێكی دەركردووە و هەندێك لە دەسەڵاتی بە بەڕێوەبەرە گشتییەكان لەنێو وەزارەتەكان داوە و جیا كراوەتەوە لە دەسەڵاتی وەزیرەكان و هەندێك دەسەڵاتیش دراوە بە وەزیرەكان، بابەتی گواستنەوەی فەرمانبەران لەگەڵ ئەوەی هەر دەبێت بێتەوە ئەنجوومەنی وەزیران، بەڵام زۆر ئاسانكاریی تێدا كراوە، بۆ نموونە، دەسەڵاتی گواستنەوەی فەرمانبەرانی گرێبەست دراوەتە وەزیرەكان و بەپێی پێویستی گواستنەوەی راژەی فەرمانبەرانی گرێبەست لە چوارچێوەی وەزارەتەكە دەكرێت، پێشووتر ئەوە نەبوو، ئەو دەسەڵاتە گۆڕانكارییەكی تازەیە و پێشتر نەدەكرا."

زیاتر گوتیشی: "پێشتر دەسەڵاتی لارینەبوون تەنیا لای وەزیر بوو، ئێستا لە فەرمانبەری پلە سێ بەرەو خوار لای بەڕێوەبەرە گشتییەكانە، ئەوان دەتوانن لارینەبوونی گواستنەوەی راژە بدەن، بەبێ ئەوەی بچێتەوە لای وەزیر."

روونیشی كردەوە، سەرۆكی حكوومەت چەند دەسەڵاتێكی شۆڕ كردووەتەوە بۆ وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەكان، دەشڵێت: "وەزیر دەسەڵاتی پێ دراوە، تاوەكوو ساڵێك درێژكردنەوەی خزمەت بۆ ئەو فەرمانبەرانە بكات كە تەمەنی یاساییان تەواو بووە بەڵام 15 ساڵ خزمەتیان نییە، بۆ نموونە، تەمەنی 63 ساڵە و 14 ساڵ خزمەتی هەیە، ئەوا ساڵێكیان بۆ درێژ دەكرێتەوە و دواتر خانەنشین دەكرێن و لە مافی خانەنشینی بێبەش نابن."

ئاشكراشی كرد: "ئیدارە سەربەخۆكان دەسەڵاتیان پێ دراوە، بۆ گواستنەوەی راژەی فەرمانبەران، ئەویش بۆ رێكخستنەوەی كاروباری ئیدارە سەربەخۆكان، لە شوێنێك فەرمانبەر كەمە و لە شوێنێك زیاترە، بەپێی پسپۆڕییەكان گواستنەوە و ئاڵوگۆڕییان پێدەكرێت."

پەیوەست بەوەی بۆچی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە گواستنەوەی راژەی فەرمانبەران بەدەر كراوە، گوتی: "ئەو دوو وەزارەتە لەبەر لێكەوتەی دارایی لە گواستنەوەی راژە بەدەر كراون، چونكە ئەو دوو وەزارەتە دەرماڵەی تایبەتیان هەیە، ئەوەش بارگرانیی دارایی دەخاتە سەر حكوومەت، بەتایبەت وەزارەتی خوێندنی باڵا."

چاكسازی لە میلاكات و هەیكەلی هەموو دامودەزگاكان

ساناو فەرەیدوون، جەختی كردەوە، گواستنەوەی فەرمانبەران سنووردارە و رەها نییە، چونكە خەریكی رێكخستنەوەی میلاكن: "بڕیاری 33 لە حكوومەت هەیە و لیژنە هەیە میلاك و هەیكەلی وەزارەتەكان رێك دەخات، حكوومەت لەسەر ئەو خاڵە هەڵوەستەی كردووە كە نابێت گواستنەوەی راژە بەبێ دیراسەت بكرێت، تاوەكوو هەیكەل و میلاكاتی وەزارەتەكان رێك دەخرێتەوە، ئێمە چاكسازی لە میلاكات و هەیكەلی هەموو دامودەزگاكان دەكەین و پرۆسەكەش بەردەوامە."

ئەو بەرپرسەی ئەنجوومەنی وەزیران باسی لەوەش كرد، بەرنامەیەكیان لەنێو وەزارەتەكان دەست پێكردووە، كە لەگەڵ وەزیر و بەرپرسانی وەزارەتەكان كۆ دەبنەوە، بۆ خستنەڕووی كێشە و چارەسەرەكانیان، گوتیشی: "چەند وەزارەتێكمان بەسەر كردووەتەوە، لەوانە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و وەزارەتی بازرگانی، بە لای سەرۆكی حكوومەتەوە گرنگە ئەو چین و توێژانەی هەژارن، لە رێگەی وەزارەتەكانەوە كێشەكانیان چارەسەر بكرێت، هەروەها دەمانەوێت و كاریشمان كردووە كە رۆتین و ئاستەنگەكان كەم بكرێنەوە و گلەیی و كێشەكان چارەسەر بكەین، هەروەها دەمانەوێت پێداویستیی فەرمانگەكان بزانین، بۆ ئەوەی كاروبارەكان باشتر بكرێن و لیژنەیەكیش بۆ ئەوە پێكهاتووە و دەمانەوێت هەماهەنگییەكان پتەوتر بكرێن."

دابەشكردنی مووچە و بودجە بۆ بابەتی خزمەتگوزاری

ساناو فەرەیدوون، لەبارەی مووچەی فەرمانبەران و سەقامگیریی دابەشكردنی مووچە گوتی: "سەقامگیری و جێگیریی دابەشكردنی مووچە پەیوەستە بە داهاتی ناوخۆ و داهاتی نەوت و بە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەڵام پێشینەی حكوومەت دابینكردن و دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەرانە، لەگەڵ ئەوەشدا، حكوومەت بودجە بۆ بابەتی دیكەی خزمەتگوزاری دابین دەكات، لەوانە ئاو و كارەبا و خاوێنكردنەوە و هەڵگرتنی زبڵ و پاشماوە و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و دەرمان و ئامێر بۆ نەخۆشخانەكان و دابینكردنی خواردن و پێداویستیی بەندیخانەكان و تەناهی و چەندین بواری دیكە، كە دەبێ پارەی بەردەوامیان بۆ تەرخان بكرێت."