سروە و عالیە.. دوو بەڵگەی وێرانەیی عێراق!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 05/06/2022

سروە و عالیە.. دوو بەڵگەی وێرانەیی عێراق!

ئەگەر عێراق بە مانای دەوڵەت، دەوڵەتی نوێی تیا بوایە، دڵنیام لە ھیچ داوودەزگایەكی باڵای عێراق نە سروە عەبدولواحـیدی تیا دەبوو، نە عالیە نوسەییف. ئەوە لە بەدبەختیی ئێمەیە كە بەیانیان لە خەو ھەڵدەستین، لەجیاتی ئەوەی گوێ لە پارچە میوزیكێكی دڵنشین یان گۆرانیەكی عەلی مەردان بگرین، تووشمان دەبێت بە تووشی لێدوانی سروە عەبدولواحیدی سەرۆكی فراكسیۆنی جووڵانەوەی عەبەشەكەنەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق.

عەرەبەكانیش لەجیاتی گۆرانییەكی ئارامی فەیرووز، تووشیان دەبێت بە تووشی لێدوانی عالیە نوسەییفی ئەندامی دەوڵەتی یاسا، ئەوە بە مەرجێك لە عێراقدا ئەوە ھیچ كە دەوڵەتی تیا نیە، بەڵام لەو كاتەی كە دەوڵەتی یاساكەی عالیە نوسەییف خاوەن بڕیار بوو لە حكوومەتی عێراقدا، ئەوەی تیای نەبوو یاسا بوو.

جا ئێستاش چونكە سروە و عالیە ھاوپەیمانی یەكترن، ھەر یەكێكیان بە شێوەیەك دژایەتیی ھەرێمی كوردستان دەكەن، سروە دەڵێت: ”دەسەڵاتی دادوەری لە ھەرێمی كوردستان نادەستوورییە!“ و عالیەش لە دادگای فیدراڵی سكاڵای دژی پارتی تۆمار كردووە، بە حسابی خۆی بۆ ئەوەی پارتی وەك حزب ھەڵبوەشێنێت! چونكە بە قسەی عالیە، پارتی لە جێبەجێكردنی دەستوور یاخی بووە!

خۆی ئەگەر ویستت بزانیت جۆر و ڕێژەی گەندەڵی لە ھەر وڵاتێكدا چەندە، ھەندێك پێوەری نێودەوڵەتی ھەن و دەتوانیت لەسەر بنەمای ئەو پێوەرانە، جۆر و ڕێژەكانی گەندەڵی لە ھەر وڵاتێكدا دیاری بكەیت، بەڵام من خۆم ھەندێك پێوەری ترم ھەن كە بڕوام پێیانە و لەسەر ئەم پێوەرانە، جۆر و ڕێژەی گەندەڵی دیاری دەكەم.

جا یەكێك لەو پێوەرانە ئەوەیە، ورد سەیر دەكەم بۆ ئەوەی بزانم ئەوانەی لە پۆست و پلە باڵاكاندان كێن؟ دوای ئەوە، ئەو كەسانە چیان پێیە و چی دەڵێن و چی دەكەن و دەتوانن چی بكەن؟ ئنجا ڕادەی ھۆشیاری و ڕۆشنبیری لەو بوارەی كاری تێدا دەكەن چەندە و لە چ ئاستێكدان؟ بۆیە لەسەر ئەو بنەمایانە كە خۆم بۆ خۆمم دیاری كردوون، كە سەیری ھەریەك لە سروە و عالیە دەكەم، ئنجا باشتر دەزانم ئەو دووانە ھەر خۆیان و لە خۆیاندا دوو بەڵگەی زۆر زەق و دیارن بۆ زانینی ڕادەی گەورەیی و ترسناكی وێرانەیی و گەندەڵی لە عێراقدا... بەڵام من بۆچی وا دەڵێم؟

1- سروە دەڵێت: ”دەسەڵاتی دادوەریی ھەرێمی كوردستان نادەستوورییە!“ ئاخر باشە خۆ ئەوانەی كە لە پۆستە باڵاكاندا بەتایبەتی لە پەرلەمانی عێراقدان، دەبێ لانی كەم دەستووری عێراقیان ھەرس كردبێت، بەڵام پێدەچێت سروە لە دەستووردا زۆر كۆڵەوار بێت، بۆیە بۆ وەڵامی ئەو فەرماییشتەی كە دەڵێت: ”دەسەڵاتی دادوەریی ھەرێمی كوردستان نادەستوورییە!“ پێویستە بڕگەی یەكەمی مادەی 117ی دەستووری عێراق بسرەوێنرێتە سروە!

چونكە مادەی ئاماژەپێكراو لە دەستووری عێراق، دەڵێت: ”لە كاتی جێبەجێكردنیەوە ئەم دەستوورە دان دەنێت بە ھەرێمی كوردستان و ئەو دەسەڵاتانەی كە لە ھەرێمی كوردستاندا ھەن“ ئێ باشە خۆ یاساكانی عێراق یان دەستوور، لەو كاتەوە جێبەجێ دەكرێن كە لە وەقائیعی عێراقدا بڵاو بكرێنەوە، ئەم دەستوورەی ئێستای عێراقیش، لە ژمارە 4012ی وەقائیعی عێراق لە 28–12–2005 بڵاو كراوەتەوە، واتە نزیكەی 17 ساڵە دەسەڵاتەكانی ھەرێمی كوردستان بە گوێرەی بڕگەی یەكەمی مادەی 117 دەسەڵاتی دەستووریین.

ئنجا كە دەشگوترێت (دەسەڵاتەكانی ھەرێمی كوردستان) واتە گشت دەسەڵاتەكان بە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی دادوەرییشەوە، كەواتە ھەر بە گوێرەی بڕگەی یەكەمی مادەی 117ی دەستوور، دەسەڵاتی دادوەریی ھەرێمی كوردستان دەستوورییە، ئیتر نازانم سروە بۆ ئەو فەرماییشتەی كە دەڵێت: ”دەسەڵاتی دادوەریی ھەرێمی كوردستان نادەستوورییە!“ پشتی بە چی بەستووە؟ ئایا پشتی بە دەستووری حزبی بەعسی عەرەببیی ئیشتیراكی بەستووە؟ یان بە دەستوورەكەی عالیە نوسەییفی دەستەخوشكی؟

2- ئەوەندەشی پەیوەندیی بە سكاڵاكەی عالیە نوسەییفەوە ھەیە و بە حسابی خۆی ”دەبێ پارتی وەك حزب ھەڵبوەشێتەوە، چونكە پارتی لە دەستوور یاخی بووە و دەستوور جێبەجێ ناكات!“ لێرەدا باسی دەستوور لەگەڵ عالیە ناكەم، بەڵام بە حوكمی ئەوەی عالیە تەمەنی نزیك دەبێتەوە لە 60 ساڵ، لانی كەم دەبێ ئەوەی لەبیر بێت كە لە سەدامی باوەگەورەیەوە ھەتا دەگاتە سەركردەكانی ئێستای عالیە، ئەوانە ھەموویان نەك ھەر مستەفا بارزانی و مەسعود بارزانییان بە سەرۆكی پارتێك دەزانی، بەڵكوو بە سەرۆكی كورد و كوردستانیشیان دەزانی و ھەر واش مامەڵەیان لەگەڵ مستەفا بارزانی و مەسعود بارزانیدا كردووە.

ئەگەر عالیە تۆزقاڵێك ھۆشیاریی مێژوویی ھەبوایە، تووشی ئەو ناماقووڵیە گەورەیە نەدەبوو كە بڵێت: ”با پارتی وەك حزب ھەڵبوەشێنرێت!“ لە كاتێكدا عالیە خۆی بەڵگەی گەورەی داڕزان و ھەڵوەشاندنی عێراقە و ئەگەر باسی ھەڵوەشاندن بكرێت، دەبێ عالیە و ئاغاكانی عالیە ھەڵبوەشێنرێن و بە پەڕۆیەكی پیس لە عێراقیش دوور بخرێنەوە، با عالیە بڕوات چاوێك بە دروشمی خۆپێشاندەرانی خۆپێشاندانەكانی تشرینی 2019ی بەغدا و شارە شیعەنشینەكاندا بخشێنێتەوە و بزانێت خەڵك چییان پێدەگوتن!