زانیاری و لێدوانی فەرمی لەبارەی داهات و دابەشكردنی مووچەوە دەخرێتە ڕوو
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

زانیاری و لێدوانی فەرمی لەبارەی داهات و دابەشكردنی مووچەوە دەخرێتە ڕوو

لەبارەی داهات و دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران، دوو بەرپرسی باڵای ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان دڵنیایی دەدەنە مووچەخۆران و جەخت دەكەنەوە، كاری لەپێشینەی حكوومەت دابینكردن و دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەرانە.

ساناو فەرەیدوون، سەرۆكی فەرمانگەی كارگێڕی و دارایی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان، لە گفتۆگۆیەكی تایبەتی (باسنیوز)دا، كە ئەمڕۆ یەكشەممە بڵاو دەبێتەوە، لەبارەی مووچەی فەرمانبەران رایگەیاند: "سەقامگیری و جێگیریی دابەشكردنی مووچە پەیوەستە بە داهاتی ناوخۆ و داهاتی نەوت و پەیوەستە بە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەڵام كاری لەپێشینەی حكوومەت دابینكردن و دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەرانە".

باسی لەوەش كرد، لەپاڵ بابەتی دابینكردنی مووچە، حكوومەت بودجە و پارەیەكی زۆر بۆ چەندین بواری دیكە خەرج دەكات، گوتیشی: "لەگەڵ ئەوەشدا، حكوومەت بودجە بۆ بابەتی دیكەی خزمەتگوزاری دابین دەكات، لەوانە ئاو و كارەبا و خاوێنكردنەوە و هەڵگرتنی زبڵ و پاشماوە و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و دەرمان و ئامێر بۆ نەخۆشخانەكان و دابینكردنی خواردن و پێداویستیی بەندیخانەكان و چەندین بواری دیكە، كە دەبێت بەردەوام پارەیان بۆ تەرخان بكرێت".

لای خۆیەوە، د. جووتیار عادل، گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، تایبەت بە (باسنیوز)ی ڕاگه‌یاند: "سێ جۆر داهات هەیە، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان پشتیان پێ دەبەستێت، ئەویش داهاتی نەوتی و داهاتی نانەوتی و 200 ملیار دینارەكەی پشكی هەرێمی كوردستانە، كە حكوومەتی عێراق دەینێرێت".

جووتیار عادل، زیاتر گوتیشی: "ئێستا داهاتی نەوتی بە شێوەیەكی ڕێكوپێك و شەفاف دیارە و بڵاو دەكرێتەوە، ئەوەی دەمێنێتەوە داهاتی نانەوتییە، لەمەشدا هەوڵی زۆرمان داوە، بۆ ئەوەی ئەم داهاتە بە شێوەیەكی ڕێكوپێك كۆبكرێتەوە، بەشێوەیەك، كە لەگەڵ یاساكاندا بگونجێت، ئومێدیشمان زۆرە كە لە چوارچێوەی پرۆسەی گەیاندنی داهاتی نانەوتی بۆ گەنجینەی حكوومەت سەركەوتوو بین و لە خزمەتی هاووڵاتییاندا بین و بۆ مووچەخۆران تەرخان بكرێ".

شایانی باسە، وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، مووچەی مانگی پێنج لە 6ی 6ی 2022 دەست پێدەكات و لە 21 رۆژدا مووچەی هەموو وەزارەت و فەرمانگەكان دابەش دەكرێت.