كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

بەدیلی ئەردۆغان بۆ كورد كێیە؟

ئەگەر ئەردۆغان بڕوات، ئەوەی دێت چی بۆ كورد پێیە؟

نزیكەی 20 ساڵە، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، پیاوی یەكەمی توركیایە و دەسەڵاتی ڕەهای هەیە، لەو ماوەیەدا، توانیویەتی سەروەریی زۆر گەورە لە توركیا بۆ خۆی تۆمار بكات، هەر لە نزیكبوونەوە لە كورد و هەنگاونان بەرەو چارەسەركردنی كێشەی كوردەوە تا باشكردنی ڕەوشی ئابووریی توركیا، بەڵام دوای ئەوەی سیستەمی سیاسیی توركیای لە پەرلەمانییەوە كردە سەرۆكایەتیی، ڕەوشی ئابووریی توركیا بەرەو داڕووخان دەڕوات و كێشەی كوردیش هەر لەناو موجەمیدەدا ماوەتەوە و دەرنەهێنراوە. بۆیە بەشێك لە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، دەسەڵاتی ئەردۆغان بەرەو كۆتایی دەڕوات، بەو مەرجەی كوردیش پشتی تێ بكات.

لە مێژووی ئەو 20 ساڵەی ئەردۆغان پیاوی یەكەمی توركیا بووە، كورد هەمیشە فاكتەرێكی گرنگ بووە بۆ ئەوەی ئەردۆغان زۆرینەی پەرلەمانی توركیا بێت، تەنانەت لە ڕیفڕاندۆم بۆ هەمواركردنەوەی دەستووری توركیا و گۆڕینی بۆ سەرۆكایەتیی، ئەگەر دەنگدەری كورد بە ”بەڵێ“ دەنگی نەدایە، ئێستا ئەردۆغان كۆتایی بە دەسەڵاتەكەی هاتبوو.

ئەردۆغان باش دەزانێت ئەگەر كورد پشتی نەگرێت، ناتوانێت ببێتەوە بە سەرۆك، ئەی بۆچی كێشەی كورد چارەسەر ناكات و ئێستا دەڵێت لە توركیا شتێك نییە بەناوی كێشەی كورد؟

یەكێك لەو هۆكارانەی وای كردووە ئەردۆغان نكۆڵی لە بوونی كێشەی كورد بكات، هاوپەیمانە بچووكەكەی، پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی (مەهەپە)یە، كە لەناو پەرلەمانی توركیا بە دەنگی مەهەپە، پارتەكەی ئەردۆغان بووەتە زۆرینەی پەرلەمان.

ئەگەر بێت و ئەردۆغان، پرسی چارەسەری كێشەی كورد لەناو موجەمیدە بهێنێتە دەرەوە و كاری لەسەر بكات، مەهەپە، كە پارتێكە بۆ دوژمنایەتیی كورد دروست بووە، لە هاوپەیمانی لەگەڵیدا دەكشێتەوە و ئیدی پەرلەمانی توركیا هەڵدەوەشێتەوە، چونكە ئاكەپە لەناو پەرلەمان زۆرینە لە دەست دەدات، كە زۆرینەی لەدەست دا، دەسەڵاتەكانی سەركۆمار بەهای نامێنێت و ناچار بەرەو هەڵبژاردن بچن.

بەگوێرەی دەستووری توركیای دوای ڕیفڕاندۆم، سەركۆماری توركیا ئەوكات دەسەڵاتەكانی دەبێتە ڕەها، كە لەناو پەرلەمانی توركیا پارتەكەی زۆرینە بێت، چونكە هەر بڕیارنامەیەك كە دەریدەكات، پێویست دەكات لەناو پەرلەمانی توركیا بە 50+1 تێپەڕێنرێت، كاتێك ئەو زۆرینەیەی لەدەست دا، ئیدی ناتوانێت بڕیارنامە دەربكات، كاتێك سەرۆكیش نەیتوانی بڕیارنامە دەربكات، كەواتە پۆستەكەی بایەخێكی ئەوتۆی نابێت.

یەكێكی تر لەو هۆكارانەی وای كردووە ئەردۆغان، نكۆڵی لە كێشەی كورد بكات، ئەو توندییەی هەدەپەیە لەگەڵیدا، كە لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2015 هەدەپە دژایەتییەكی سەرسەختی ئەردۆغانە و بەئاشكرا وەكوو دیكتاتۆر ناوی دەبەن. ئەردۆغانیش، نایەوێت جارێكی تر هەدەپە بكاتە موخاتیبی كورد بۆ پرسی چارەسەری، چونكە دەڵێت هەدەپە بە فیتی پەكەكە سیاسەت دەكات و قەندیل چی پێ بڵێیت ئەوە دەكات، بۆیە پێوست ناكات پرسی چارەسەری لەگەڵ ئەواندا بخەینەوە بەرباس، تەنانەت زۆر جار بەرپرسانی ئاكەپە پێیان وایە، پرسی چارەسەری لە توركیا هەڵەیەكی گەورە بوو، چونكە پەكەكە بە هیچ شێوەیەك نایەوێت كێشەی كورد لە توركیا بەرەو چارەسەری بڕوات، هەربۆیە گوێیان بە پێشنیارەكانی عەبدوڵا ئۆجەلانیش نەدا.

دەنگدەری كورد لە توركیا، وەكوو ئەو پزیشكە وایە كە نەخۆشێكی بۆ دەهێنن و پێی دەڵێن ئەگەر چارەسەری نەكەیت كۆتایی بە ژیانی دێت. ئەردۆغان نەخۆشە و كەوتووەتە بەردەستی دەنگدەری كورد، ئەگەر بیانەوێت چارەسەری بكەن، كورسیی سەرۆكایەتیی چاوەڕێیەتی، ئەگەریش چارەسەری نەكەن، كۆتایی بە دەسەڵاتی 20 ساڵەی ئەردۆغان دێت لە توركیا.

بەڵام ئەوەی گرنگە و دەبێت هەڵوەستەی لەسەر بكرێت، ئەوەی دەبێتە شوێنگرەوەی ئەردۆغان كێیە؟ ئایا بڕوای بە كێشەی كورد هەیە؟ ئایا پێی وایە كورد لە توركیا نەتەوەیەكی جیاوازە و توركی شاخی نییە؟ ئایا ئەوەی دەبێتە شوێنگرەوەی ئەردۆغان، دەبێتە ئەو كەسایەتییەی كە دەنگدەری كورد خۆزگە بە سەردەمی دەسەڵاتی ئەردۆغان نەخوازێت؟

وەڵامی ئەو پرسیارانە ئەو كاتە دەدرێتەوە كە هەڵبژاردن بكرێت و هەڵوێستی كورد لەو هەڵبژاردنەدا ڕوون بێتەوە، ئاخۆ دەبێتە پزیشكێكی چارەسەركەر، یان پزیشكێك نەخۆشەكەی خۆی لەناو دەبات.