كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

سەنتەری چاودێریی تەندروستیی سەرەتایی لە كەورگۆسك كرایەوە

كۆمسیاری باڵای نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران (UNHCR)، ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بنكەی نوێی چاودێریی تەندروستیی سەرەتایی (PHCC)یان لە ناحیەی كەوەرگۆسك لە پارێزگای هەولێر كردەوە.

بنكەی نوێی چاودێریی تەندروستیی سەرەتایی (PHCC) گشتیی كەورگۆسك، خزمەتگوزاریی چاودێریی تەندروستیی سەرەتایی پێشكەش بە زیاتر لە 20 هەزار كەس دەكات، لە كۆمەڵگەی پەنابەرانی سووری و ئاوارە عێراقییەكان، كە لە شارۆچكەی كەورگۆسك و ناوچەكانی دەوروبەریدا دەژین. لەئەنجامدا، كۆمسیاری باڵای نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران (UNHCR)، بەشداریی دەكات لە پێدانی دەستڕاگەیشتنێكی باشتر بە خزمەتگوزاریی تەندروستیی بە كوالێتی، بە هەمووان بەبێ جیاكاری. سەنتەری چاودێریی تەندروستیی تازە دامەزراو توانای وەرگرتنی ١٥٠ بۆ ٢٠٠ ڕاوێژكردنی هەیە لە ڕۆژێكدا.

دروستكردنی بنكەی چاودێریی تەندروستیی سەرەتایی (PHCC) لە ڕێگەی بەشدارییەكی بەخشندەی كۆمپانیای PricewaterhouseCoopers (PwC)، كە یەكێكە لە گەورەترین تۆڕەكانی خزمەتگوزاریی پیشەیی لە جیهاندا، بەدیی هاتووە. لەلایەن شارەوانیی كەورگۆسكەوە زەوی بۆ پڕۆژەكە دابین كراوە، بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیش، بەرێوەبردنی سەنتەری چاودێریی تەندروستیی سەرەتایی (PHCC) لەئەستۆ دەگرێت و كارمەند و ئامێری پزیشكی و دەرمانی پێویستی بۆ دابین دەكات.

حوسێن كەلاری، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەكان، خاتوو نیكۆڵ ئیپتینگ، جێگری نوێنەری كۆمسیاری باڵای نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران (UNHCR) لە عێراق، خاتوو كوێستان ئەحمەد، سەرۆكی شارەوانیی قەزای خەبات، بەڕێز سوهەیب ئەسعەد، هاوبەشی باج لە كۆمپانیای PwC، و خاڤیەر سینگ، سەرۆكی ئۆفیسی جیهانی بۆ كاروباری مرۆیی لە كۆمپانیای PwC، شریتەكەیان بڕی، بۆ ڕاگەیاندنی كردنەوەی بنكەی تەندروستیی نوێ. بنكەی چاودێریی تەندروستیی سەرەتایی (PHCC) خزمەتگوزارییەكانی چاودێریی تەندروستیی سەرەتایی گشتگیر پێشكەش دەكات، لەوانە ڕاوێژكاری، دابینكردنی دەرمان، خزمەتگوزاریی تاقیگەیی، ئیحاڵەكردنی حاڵەتی لەناكاو، كوتان و چاودێریكردنی گەشە، خزمەتگوزارییەكانی تەندروستیی زاوزێ و چاودێریی ددان.

لای خۆیەوە، نیكۆل ئیپتیگ، گوتی: “ئێمە سوپاسگوزارین بۆ ئەو پشتگیری و میواندارییەی، كە كۆمەڵگەی خۆجێی شارۆچكەی كەورگۆسك پێشكەشیان كردووە بۆ كۆمەڵگە ئاوارەكانی ناو كەمپی كەورگۆسكی نزیك. لەبەرامبەردا خۆشحاڵین، كە ئێستا پشتگیریی خزمەتگوزارییە تەندروستییە نیشتمانییەكان دەكەین، بۆ سوودی هەمووان، لەوانە پەنابەران و كۆمەڵگا خۆجێیەكانی كەورگۆسك بە هەمان شێوە”.

خاڤیەر سینگ، لە كۆمپانیای (PwC) راشیگەیاند، كە پابەندین بە پشتگیریكردن و بەهێكردنی ئەوانەی بە شێوەیەكی بەردەوام زۆرترین پێویستیان پێیەتی. ئەو بنكەی تەندروستییە سەرەتاییەی كە تازە لە كەورگۆسك  كراوەتەوە، كوالێتیی چاودێری و خزمەتگوزارییەكانی پێشكەشكراو بە كۆمەڵگەكانی دەوروبەری بە شێوەیەكی بەرچاو باشتر دەكات و بە شێوەیەكی ئەرێنی لە ژیانیاندا رۆڵی دەبێت.

گوتیشی: “سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی هاوبەشمان لە كۆمسیاری باڵای نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران (UNHCR) عێراق و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم بۆ هەوڵەكانیان، هەروەها تیمەكانمان لە PwC بۆ بەرجەستەكردنی بەهاكانی ئێمە بۆ ژیان”.

كۆمسیاری باڵای نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران (UNHCR)، سوپاس و پێزانینی دڵسۆزانە ئاراستەی گەل و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیای (PricewaterhouseCoopers) و سەرجەم ئەو لایەنە پەیوەندیدارانە دەكات، كە لە سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە بەشدار بوون.