جێم ئوزەن، ناوێكی دیاری ناو دونیای سەرمایەداری و سیاسی توركیایە، ئەو كەسایەتییە لە هەڵبژاردنی 2002، پارتێكی تازەی بە ناوی پارتی گەنجان دامەزراند و چووە ناو هەڵبژاردنەوە، بەڵام نەیتوانی بەربەستی هەڵبژاردن بشكێنێت، ئێستا دەیەوێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی داهاتووی توركیا، خۆی بۆ سەركۆماری توركیا بەربژێر بكات.
ئوزەن، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2002، توانیی 7% دەنگەكان بهێنێت، بەڵام وەكوو پارت نەیتوانی بچێتە پەرلەمانەوە، بۆیە دەنگەگانی هەموو بۆ پارتی داد و گەشەپێدان ئاكەپە ڕۆیشت.
دوای هەڵبژاردن، حكوومەتی ئاكەپە، بە سەرۆكایەتیی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، تۆمەتی ئەوەی دایە پاڵ کە وەكوو سەرمایەدار گەندەڵیی كردووە و خۆی لە باج دزیوەتەوە، بۆیە لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەست پێ كرد، ئەویش لە ترسی لێكۆڵینەوە بەرەو پاریس ڕای كرد و تاوەكوو ئێستاش هەر لەوێ دەژی.
لە تازەترین دیمانەیدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی (بیزیم تی ڤی) دەڵێت: لە ماوەی 20 ساڵی حوكومڕانیی ئاكەپەدا، 400 ملیار دۆلاریان بە گەندەڵی بردووەتە بانكەكانی قەتەر، چونكە لە هەر پڕۆژەیەك كە لە توركیا دەكرێت، ئاكەپە سەرانەی 20%ی دەوێت.
لەبارەی ئەوەی خۆی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی توركیا بەربژێر دەكات؟ ئەو دەڵێت: ”ئێمە وەكوو پارتی گەنجان، بە تەنیا دەچینە ناو هەڵبژاردن و بەربژێری ئێمەش بۆ سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا خۆمم، بەڵام ئەگەر پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) بیەوێت لەگەڵماندا بێت، دەرگامان كراوەیە و دادەنیشین لەو ڕووەوە گفتوگۆ دەكەین''.
ئەو سەرمایەدارە كە ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ توركیا و دەیەوێت لە پاریسەوە ببێتە بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی توركیا، ماوەیەك جموجۆڵی میدیایی دەست پێ كردووە و باس لەوە دەكات كە سیستەمی سیاسیی توركیا دەگۆڕێت و دەبێت توركیا خۆی بۆ ئامادە بكات.
بەر لەوەی توركیا جێ بهێڵێت، ئوزەن وەكوو ئیمپڕاتۆری میدیای توركیا ناوی دەهات، چونكە خاوەنی چەندین تەلەڤزیۆن و ڕۆژنامە بوو، دیارترینیان تەلەڤزیۆنی (ستار تی ڤی) بوو.
وەكوو ئەوەی خۆیشی باسی دەكات، دوای ئەوەی توركیای بەجێ هێشتووە، نزیكەی یەك ملیار دۆلاری لە توركیا دەستی بەسەردا گیراوە و هەموو میدیاكانیشی قەیووم كراون.