کتێبێك لەسەر مێژووى 100 ساڵەى کورد لە چوارچێوەى دەوڵەتى عێراق بڵاو کرایەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

کتێبێك لەسەر مێژووى 100 ساڵەى کورد لە چوارچێوەى دەوڵەتى عێراق بڵاو کرایەوە

عومەر سەیدى نووسەر، پێنجەمین بەرهەمى خۆى لە دوو توێى کتێبێکدا بەناوى (شەوانى فرانکشتاین) بڵاو کردەوە، کە ئاوڕدانەوەیەکە لە مێژووى سەد ساڵەى کورد لە چوارچێوەى دەوڵەتى عێراق.

لەوبارەیەوە، عومەر سەید، نووسەرى کتێبەکە بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: "کتێبەکە لەلایەن چاپخانەى نوسیارە چاپ کراوە، کە 150 لاپەڕەیە و سێ نۆڤلێت لەخۆ دەگرێت، کە بریتین لە (شەوانی فرانکشتاین و هەڵوەدای بیابان و گوڵەکانی پیرەمەگرون)“.

لەبارەى ناوەڕۆکى کتێبەکە، نووسەر گوتى: "بە گشتی یەکەی بابەت و شوێن و پڵۆت، هەر سێ نۆڤلێتەکە پێکەوە دەبەستێت. زۆربەی پاڵەوانەکان قوربانیین و وەک ڕۆح و تارمایی و خەیاڵ دەردەکەون. ئاوێتەکردنی واقیعی مێژوویی و خەیاڵ و فەنتازیایە لەو ڕووبەر و سەرزەمینەی پێی دەگوترێت کوردستان".

ڕوونیشی کردەوە: "ناوەڕۆکى کتێبەکە بەرجەستەکردنی نیشتمانە لەناو زمان و ئازاردا، وێناکردنی ململانێی مرۆڤی کورد و ئەویتری کوردە، گەڕان و عەوداڵبوون بە شوێن خود و شوناسدا، پرسی سەرەکیی نێو دەقەکانن، ئاوڕدانەوەیە لە مێژووی سەد ساڵەی ئێمە و ئەویتر لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتەی پێی دەگوترێت عێراق، مێژووی پڕ جەنگ و ململانێ و شکست، هاواری ئەو قوربانییانەیە تا ئێستا".

عومەر سەید، ساڵی ١٩٧٠ لە شاری کەرکووک لەدایک بووە، جگە لە کارى ڕۆژنامەنووسى و شانۆ، تا ئێستا چوار کتێبى چیرۆک و ڕۆمانى چاپ و بڵاو بوونەتەوە، لەوانە: (بازنە ڕاخراوەکانی بابل، سەرزەمینی زیکزیکە، ئەسپەرە، ئاشووبی سین و کۆڕی شین).