دەوروبەری عەبەشەكەنەی نوێ لە بەغداش دەستی خەڵكیان بڕیوە!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 01/06/2022

دەوروبەری عەبەشەكەنەی نوێ لە بەغداش دەستی خەڵكیان بڕیوە!

سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ كە من لەمێژە ناوم ناوە (جووڵانەوەی عەبەشەكەنەی نوێ) ھەر بەتەنیا بەوەوە نەوەستاوە كە لە سلێمانی و لەناو پرۆژەی چاڤی لاند دەستی ھەزاران ھاووڵاتیی خاوەن پشكی بڕیوە و فرتوفێڵی لێ كردوون و پارەكانیان دەخوات و لەجیاتی بەشە قازانجی خۆیان پێیان دەڵێن ”وەرن بۆ چاڤی لاند سواری كورسی – كورسی ببن!“ و ئێستاش لەبەر قەرزداریی حكوومەت، زەویەكانی چاڤی لاند ھەراج دەكات و دەفرۆشێت، بەڵكوو ئەوەتا دەورووبەری ئەم جووڵانەوەی عەبەشەكەنە نوێیە لە بەغداش لەلایەن برایەكی سەرۆكی جووڵانەوەی عەبەشەكەنەی نوێ بە ناوی نزار عەبدولواحـید، دەستی ھاووڵاتیان دەبڕن و پارەیان دەخۆن و فرتوفێڵیان لێ دەكەن.

ئەم نزار عەبدولواحیدە لە بەغدا خاوەنی كۆمپانیای (خيرات الدر!) بووە و گوایا كۆمەڵگەیەكی نیشتەجێبوونی ھاوچەرخ دروست دەكات بەناوی (المحبة!) و بۆ ئەم مەبەستەش، دەستەی وەبەرھێنانی بەغدا مۆڵەتی ژمارە 300233 - 2016ی داوەتێ و نزار عەبدولواحیدیش لە ساڵی 2019دا دەستی بە ناونووسین و گرێبەستكردن و پێشەكی وەرگرتن لەگەڵ 150 ھاووڵاتیی بەغدا كردووە. بە گوێرەی ئەو گرێبەستانەش، دەبوایە لە ماوەی ساڵ و نیوێكدا ئەو شوقانەی بۆ ئەو 150 ھاووڵاتیەی بەغدا تەواو بكردایە، بەڵام ئەوە دوو ھێندەی كاتی دیاریكراوی ناو گرێبەستەكە واتە 3 ساڵ تەواو بووە و ھێشتا نزار ئەفەندیی برای شاسوار ئەفەندی لەپێناوی خەڵكدا!

نەك ھەر ئەو شوقانەی تەواو نەكردووە، بەڵكوو خاوەن شوقەكان دەیانەوێت نزاری خاوەنی كۆمپانیای (خيرات الدر) ببینن و داوای مافی خۆیانی لێ بكەن كە دەبوایە ساڵ و نیوێك لەمەوبەر لە شوقەكانی (المحبة) نیشتەجێ ببوونایە و بە موحیبەتەوە! تێیدا ئیسراحەتیان بكردایە، كەچی بەو ھاووڵاتیانەی بەغدایان گوتووە نزاری (خيرات الدر)ی مەحبووبی لەپێناوی خەڵكدا! ھەر لە عێراقیشدا نەماوە و تێی تەقاندووە بۆ دەرەوە!

باسی ئەو بڕی پارەی پێشەكییە مەكەن كە نزار عەبدولواحید لەو 150 ھاووڵاتیەی وەرگرتووە، ئێوە تەنیا وەرن و ھەر بە گوێرەی گرێبەستەكان حسابی غەرامەی دواكەوتن بكەن، بە گوێرەی ئەو گرێبەستانە، غەرامەی دواكەوتنی تەواوكردنی ئەو شوقانە بۆ ھەر ڕۆژێك بڕی 50 دۆلارە. ئنجا ئەوە ساڵ و نیوێك لە وادەی خۆی تێپەڕیوە، كەواتە ھەر ھاووڵاتیەك تەنیا وەك غەرامە دەبێ 22350 دۆلار بە زمانی بازاڕ واتە دوو دەفتەر و بیست و سێ وەرەقە و نیو، لە نزاری خاوەن كۆمپانیای خەیراتولدوڕی برای شاسواری چاڤی لاند و سەرۆكی جووڵانەوەی عەبەشەكەنەی نوێ وەربگرێت، كە بە ھەر 150 ھاووڵاتیەكە دەبێ 3 ملیۆن 352 هەزار و 500 دۆلار، تەنیا وەك غەرامەی دواكەوتن لە نزاری برای شاسوار وەربگرن، كەچی ئەوە ھیچ كە پارە فت! بەڵكوو نزاریش خۆی گورگە كردووە و دیار نیە.

زانیاریی ئەوەش ھەیە كە سروە عەبدولواحیدی خوشكیان چووەتە لای نووری مالیكی بۆ ئەوەی لەم فەزیحەیەدا یارمەتیەكیان بدات و لە بەرامبەریشدا ئەوان بەرەو چوارچێوەی ھەماھەنگیی عەرەبی شیعە بۆی بكشێن! جا ئیتر ئێوە سەیری ئەم معامەلە و ئەم ئاڵتم ساڵتمەی شاسوار و نزار و سروە بكەن! خۆش ئەوەیە ھەندێك كەناڵی ڕاگەیاندنیش كە بە فشە بە خۆیان دەڵێن (سەربەخۆ!) ئەم بابەتانە ناوروژێنن و دەیكەن بە ژێر لێوەوە، بەڵام لێدوان لە كاندیدی جووڵانەوەی عەبە شەكەنەی نوێ بۆ پۆستی سەركۆماری عێراق وەردەگرن بۆ ئەوەی بە ناوی كۆمپانیای سۆمۆ و لەجیاتی كۆمپانیای سۆمۆ و - بە حسابی خۆیان - ھەرێمی كوردستان بترسێنن و دڵەڕاوكێ لەناو خەڵكدا بڵاو بكەنەوە!

لە ھەمووی خۆشتر ئەوەیە، ئەگەر بە بیرتان بێتەوە لە یەكێك لە بانگەشەكانی ھەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستاندا، سەرۆكی جووڵانەوەی عەبەشەكەنەی نوێ ڕووی دەكردە لاوان واتە نەوەی نوێ و پێی دەگوتن ئەگەر دەنگمان بدەنێ ئێوەش وەك خۆمان لێ دەكەین! كەواتە ئەگەر بەم كاروكردەوانەی ئێستایان بێت، دەبێ ئەم جووڵانەوەی نەوەی نوێیە، لاوان یان وەك نزاری برای لێ بكات یان وەك سروە! دە ئنجا وەرە ئەگەر منداڵی گەنج و تازەپێگەیشتووت ھەبێت و لای ئەمانە پەروەردە بكرێن، دەبێ فێری چی ببن یا ئیلاھی؟