كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

پارێزەرێك: هێنانی ژنی دووەم و سێیەم زیاتر لە نێو پیاوان بۆتە چاولێكەری

“لەم چەند مانگەی رابردوودا سەرووی پێنج هەزار كەس ژنی دووەم و سێیەمیان هێناوە”

پارێزەرێك ئاشكرای دەكات، بابەتی هێنانی ژنی دووەم لە نێو پیاوان بۆتە چاولێكەری و ئەو مەرجانەی كە دیاریكراون بۆ هێنانی ژنی دووەم یان زیاتر، لەبەرچاو ناگیرێن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی حوزەیرانی 2022، رەنج یوسف، پارێزەر، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “لەم چەند مانگەی ئەمساڵدا سەرووی پێنج هەزار كەس ژنی دووەمی هێناوە، ئێستا لە پێویستی دەرچووە، بۆتە چاولێكەری، ڕێك وای لێهاتووە كە دەڵێ كورد ئەگەر پارەی هەبێ، یان زەلام دەكوژێ یان ژن دەهێنێ!”.

ڕوونیشی كردەوە كە ئەو پیاوانە زیاد لە ژنێك دەهێنن، “خۆیشیان نازانن چی دەكەن، لە خێزانێكی دیكە نەوەی دیكە دەخەنەوە، ئەوانیش پێویستییان بە پەروەردە و خۆشەویستی هەیە. ئەگەر كەسێك دوو مۆبایلی هەبێت، یەكێكیان لە ئەوەی دیكە بە باشتر دەزانێت، چۆن دەتوانێت دادپەروەری لە نێوان دوو ژن بكات؟”.

باسیشی لەوە كرد كە هەرچەندە لە یاسادا مەرجی ئەوە هەیە ئەو ژنەی هاوسەرگیری دەكات، 18 ساڵی تەواو كردبێت، بەڵام “بۆشایی یاساییمان لە بابەتی هاوسەرگیریكردنی كەسانی بە تەمەن لەگەڵ كەسانی زۆر گەنجتر لە خۆیان هەیە، ئەم بابەتی هاوسەرگیریی گەورە لەگەڵ كەسانی بچووك هەر بەهۆی بوونی بۆشایی یاسایی بەردەوامیان پێدراوە! ناكرێ دوو كەس لەگەڵ یەكتر بژین كە جیاوازیی تەمەنیان سەروو ٣٥ ساڵ بێت!”.

ئەو پارێزەرە نەیشاردەوە كە گەورەترین كێشەی هەرێمی كوردستان لە بابەتی فرەژنی ئەوەیە، “هەرێمی كوردستان دەوڵەتێك نییە تا تەنیا یاساكانی خۆی جێبەجێ بكرێت، بۆ ئەم كارانە خەڵكی دەچنە دادگاكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان لە سنووری پارێزگاكانی نەینەوا و كەركووك و دیالە و شوێنەكانی تر كە یاساكانی عێراقیان تێدا جێبەجێ دەكرێت. هەرچەندە لە عێراقیش چەند ڕێكارێك دانراوە، بەڵام هێشتا بەراورد ناكرێت بەو مەرجانەی لە هەرێمی كوردستان دانراوە”.

لە لایەن خۆیەوە د. رێبوار حەمە ساڵح، مامۆستای یاسا لە زانکۆی گەرمیان بە (باسنیوز)ی راگەیاند، یاسای باری كەسێتی بابەتی هاوسەرگیریكردنی ڕێكخستووە، لە یاساكەدا كەسێك 18 ساڵ تەواو بكات، بۆی هەیە هەموو هەڵسووكەوتێكی یاسایی ئەنجام بدات بە هاوسەرگیریكردنیشەوە، بەڵام ئەمەش چەند مەرجێكی بۆ دانراوە.

باسیشی لەوە كرد كە ئەگەر جیاوازییەكی زۆری تەمەن لە نێوان كەسەكاندا هەبێت، ئەوا جگە لە رەزامەندیی هەردوولا، نابێت هیچ ڕێگرییەكی تەندروستیش هەبێت، چونكە “ئەگەر جیاوازییەكی زۆری تەمەن هەبێت، ڕەنگە لە ڕووی تەندروستییەوە كێشەی منداڵەكانیان دروست ببێت، بەڵام ئەمە لایەنی تەندروستی دیاری دەكات”.

ئەو مامۆستایەی زانكۆ جەختی كردەوە كە لە یاساكانی هەرێمی كوردستاندا كۆمەڵێك مەرج دانراوە تاوەكوو كەسێك بتوانێت هاوسەرگیریی دووەم و سێیەم و چوارەم ئەنجام بدات، “دەبێت هەموو مەرجەكان پێكەوە هەبن ئینجا دادوەر رێگە بە هاوسەرگیری دەدات، یەكەمین مەرجیش رەزامەندبوونی ژنی یەكەمە بە هێنانی ژنی دووەم لە لایەن مێردەكەی”.