بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان: بەهۆی پەكەكەوە ١١٨ گوند لە سنوورەکەمان چۆڵ کراون
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان: بەهۆی پەكەكەوە ١١٨ گوند لە سنوورەکەمان چۆڵ کراون

”پەکەکە لەپێناو خۆی، ژیانی خەڵكی هەرێمی كوردستان دەخاتە مەترسییەوە و باج و سەرانەشیان لێ وەردەگرن“

ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: ”رووبەری ناحیەی سیدەکان هەزار و ٦١٧ کیلۆمەتر دووجایە و بەر لە  ٢٠١٧ نزیكەی ٤٨٪ی لەژێر کۆنترۆڵی پەکەکەدا بوو، بەڵام دوای ٢٠١٧ هەموو ئەو ناوچانە کەوتنە دەست تورکیا، ئێستا مەفرەزەکانی پەکەکە بە شێوەی نهێنی لەم ناوچانە جموجوڵ دەکەن.“

بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان باس لەوەش دەکات، کە: ”پەکەکە تەقە لە بنکە سەربازییەکانی تورکیا دەکات و بۆ پاراستنی خۆیشی خەڵک وەک قەڵغان بەکار دەهێنێ، بەتایبەت لە گوندە سنوورییەکان، کە هێڵی تەماسن.“ ئاماژەی بەوەش کرد، کە چەكدارانی پەکەکە جلی هاووڵاتییانی سڤیل و رەوەندەکان دەپۆشن کە لەو ناوچانەن، بۆ ئەوەی خۆیان لە بۆردومانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بپارێزن، هەروەها کێشە بۆ رەوەند و کۆچەرییەکان دروست دەکەن و باج و سەرانەیان لێ وەردەگرن.

پێوەند بە رفاندنی گەنجەکانی سنوورەکە لەلایەن پەکەکەوە بۆ قەندیل، بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان ئەوەی ئاشکرا کرد کە ”چەند حاڵەتێك هەبووە.“ هەروەها لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، بەهۆی دانانی تەقەمەنی لەلایەن پەکەکە و بۆردومانی تورکیاوە، ٢١ هاووڵاتی شەهید و بریندار بوون، لە ساڵی ١٩٨٤ تا ئێستە بەهۆی شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیاوە ٩٠ هاووڵاتی لە سنووری ناحیەی سیدەکان شەهید و بریندار و کەمئەندام بوون.

لەبارەی چۆڵکردنی گوندەکانی سنووری سیدەکان بەهۆی خراپیی رەوشی ئەمنییەوە، ئیحسان چەلەبی دەڵێت: ”ئێستا ١١٨ گوند لە سنووری ئێمە چۆڵن، ئەو گوندانەی، کە لە ٢٠١٧ تا ئێستە چۆڵ کراون، پێنج تا شەش گوندن، هەندێک لەو گوندانە خەڵکەکەیان بۆ گەڕاوەتەوە، بەڵام بەشێکی دیکەیان بە چۆڵی ماونەتەوە، لە ساڵی ١٩٨٤ لەگەڵ دەستپێکردنی کاری چەکداریی پەکەکە، ١١٨ گوند لە سنووری ئێمە چۆڵیان كردووە و خەڵکەکەی ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ئاوەدانی بکەنەوە.“

ئەوەشی خستە روو، کە دەڤەرەکە زیاتر هەنگ و مەڕداری تێدا بەخێو دەكرێت، بەڵام بەهۆی سووڕانەوەی بەردەوامی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەكانی تورکیا بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا، بۆ نموونە، گوندەکانی لێلکان، خەلیفان، بڵەسەنان، بەرمیزە، کە کەمتر لە ٨٠٠ مەتر لە بنکە سەربازییەکانی تورکیاوە دوورن، بۆیە خەڵک ناتوانێت لە سنووری گوندەکانی خۆیان مەڕوماڵات زیاتر ببەنە لەوەڕگەكان و بیانلەوەڕێنێن، چونکە زۆر جار مەڕوماڵاتەکەیان بەر بۆردومان دەکەون، کەسیش قەرەبووی ئەو هاووڵاتییانە ناکاتەوە.

بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان گوتیشی: ”خەڵکی ٢٠ گوندی سەر سنوور، بەشی زۆریان مەڕوماڵاتەکانیان فرۆشتووە، چونکە پووش و پاوانی گوندەکان دەسووتێت، بە هەزاران داری سروشتی سووتێنراون، بەتایبەت لە گوندەکانی بەرمیزە و کانییەڕەش.“ جگە لەوەش، ساڵانە ئەو داهاتەی هاووڵاتییان لە بەروبوومە بەهارییەکانی وەک کەنگر و رێواس سوودی لێ وەردەگرن، ئەوەشیان نەماوە، بەهۆی چالاكیی چەكداریی پەكەكە و لەبەر نزیکیی بنکەکانی تورکیا لەم ناوچەیە.

هەرچی سەبارەت بە کەرتی گەشتیارییە، کە هاووڵاتییان بەهۆی مەترسیی هەبوونی شەڕ و ئەو رەوشە ئەمنییە نالەبارەی کە پەکەکە دروستی کردووە، بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان باس لەوە دەکات، کە ناوچەكەیان لە کەرتی گەشتیاریدا زەرەرمەندی یەکەمە، چونکە شوێنە دڵڕفێنەکانی سیدەکان کەوتوونەتە نێو ئەو خاڵانەی کە ململانێی سەربازییان تێدایە، کۆمەڵێک مێرگ و تاڤگە هەیە، خەڵک ناتوانێ بەهۆی نائارامی و خراپیی دۆخی ئەمنییەوە بچنە ئەو شوێنانە کە گەشتیاران ئارەزووی سەردانی دەکەن، بە نموونە، بەربزین، مێرگەمیر، مێرگەدوکان، بێرمەسارد، مێرگەحەوش، شوێنی زۆر ناودار و دڵگیرین بۆ بواری گەشتیاری.