بڕیارە كۆتایی ئەم هەفتەیە مووچهی لیوا هاوبهشهكانی پێشمەرگە دابەش بكرێت و وهزارهتى دارایی بانكهكانى ئاگادار كردووهتهوه.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست (باسنیوز) کەوتوون، ئەمڕۆ سێشەممە 31ی ئایار، ژمێریاری وەزارەتی دارایی و ژمێریاری وەزارەتی پێشمەرگە بانکەکانیان ئاگادار کردووەتەوە، ڕۆژی 2ی 6، مووچەی مانگی پێنجی لیوا هاوبەشەکان دابەش بكرێت.
بەپێی زانیارییەكان، دابەشكردنی مووچەی لیواكان هاوشێوەی مانگی پێشوو دەبێت و مەرج نییە هەموویان لە یەك رۆژدا مووچە وەربگرن.
چەند لیوایەكی پێشمەرگە بودجەیان لەلایەن وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا دابین كراوە و مانگانە دوای ئەوەی پارەكە دەخرێتە سەر ئەژماری وەزارەتی پێشمەرگە، مووچەكانیان پێ دەدرێت.
لای خۆیەوە لیوا قارەمان شێخ كەمال، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "هەركاتێك پارەی ئەمریكییەكان بگات، 24 یان 48 كاتژمێر دواتر مووچەی لیوا هاوبەشەكانی پێشمەرگە دابەش دەكرێت و هیچ كێشەیەكی تێدا نییە".
مانگی پێشوو، مووچەی مانگی چواری لیوا هاوبەشكان لە 12ی 5ی 2022 دابەش كرا.