میدیای ئەڵمانیا: سوید و فینلەندا نەبنە ئەندامی ناتۆ، سەرکەوتن بۆ پۆتینە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

میدیای ئەڵمانیا: سوید و فینلەندا نەبنە ئەندامی ناتۆ، سەرکەوتن بۆ پۆتینە

میدیاكانی ئەڵمانیا بە گرنگی دەزانن چارەیەك بۆ ئەو ڤیتۆیەی توركیا بدۆزنەوە کە ڕێگرە لە ئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە ناتۆدا. ئەوان پێیان وایە، ئەگەر ڕێگەچارەیەك بۆ ئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە ناتۆدا نەدۆزرێتەوە، بە واتای سەركەوتنی ڤلادیمێر پۆتین دێت.

ڕۆژنامەی (Die Welt)ی ئەڵمانی بڵاوی كردووەتەوە، ئەگەر توركیا و ناتۆ چارەسەرێك بۆ ئەندامبوونی سوید و فینلەندا نەدۆزنەوە، ئەمە بەو واتایە دێت كە پۆتین، سەرۆكی ڕووسیا، سەركەوتوو بووە.

ئەو ڕۆژنامەیە ئاماژەی داوە، لە كۆتاییی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، كۆبوونەوەی لوتكەی ناتۆ لە مەدرید بەڕێوە دەچێت، بۆیە دەبێت لەگەڵ توركیا بۆ بابەتی ئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە ناتۆ ڕێگەچارەیەك بدۆزرێتەوە، چونكە پێشتریش كێشەی لەو شێوەیە لەگەڵ توركیادا هەبووە و پاشان چارەسەر كراوە.

جونتەر سویفێرت، شارەزای سیاسەتی توركیا، قسەی بۆ ڕۆژنامەی (Tageszeitung)ی ئەڵمانی كردووە و دەڵێت: ”توركیا فشار دەخاتە سەر ئەمریكا بۆ ئەوەی فڕۆكەی جەنگیی F35ی پێ بفرۆشێت، ئەوكات ئەویش ڕازی دەبێت سوید و فینلەندا ببنە ئەندامی ناتۆ، بەڵام ئەمریكا قبووڵی ناكات و ئەو بابەتە لای ئەمریكا داخراوە. دەبێت ئەوە بزانین كە ناتۆ پێویستی بە توركیایە، توركیاش پێویستی بە ناتۆیە''.

جونتەر دەشڵێت: ''دوای ئەوەی ڕووسیا كریمیای داگیر كرد، دەریای ڕەش بەتەواوی كەوتە ژێر ڕكێفی ڕووسیا و لەوێ توركیای گەمارۆ دا، بۆیە توركیا بۆ ئەوەی بتوانێت لە دەریای ڕەش هاوكێشەكە ڕابگرێت، پێویستی بە ناتۆ هەیە''.