ئەم عەبدولسەتارە پێویستی بە وەرزشی عەقڵە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 30/05/2022

ئەم عەبدولسەتارە پێویستی بە وەرزشی عەقڵە

پێش ھەر شتێك كە بە یەكێك دەگوترێت: ”پێویستی بە وەرزشی عەقڵ ھەیە“ ئەمە بەو مانایە نایەت كە بەو كەسە بگوترێت بێعەقڵە، من بە ھیچ مرۆڤێك ناڵێم ”بێعەقڵ“ بەوانەشەوە كە لەڕووی زانستی پزیشكییەوە گرفتی مێشك و دەمارەكانی مێشكیان ھەیە، وەك مرۆڤ ڕێزی زۆرم بۆ ھەموو مرۆڤێك ھەیە، بەڵكوو بەو مانایە دێت كە پێویستیی بەوەیە عەقڵی خۆی چالاكتر بكات.

ئنجا ھەروەك چۆن بەگشتی وەرزشی جەستەیی بۆ تەندروستیی جەستەیی باشتری مرۆڤەكان پێویستە، ئا ئەوھاش وەرزشی عەقڵ بۆ چالاكتربوون و وردی لە بیركردنەوەی مرۆڤەكان پێویستە. بەتایبەتی بۆ ئەو كەسانەی كە لە پلە و پۆستی گشتی یان حزبیدان و قسە لەسەر بابەتە گشتییەكانی تایبەت بە ژیانی خەڵك دەكەن، ئەم نووسینەشم بۆ عەبدولسەتار مەجیدی كۆمەڵی دادگەری \كۆمەڵی ئیسلامی سابیقەن\ ھەر لەو چوارچێوەیەدایە.

جا ھەرچەندە ئێستا ئەم عەبدولسەتارە وەزیری كشتوكاڵ نیە و نەشمبیستووە و نەمزانیوە لە یەكێتیی جووتیارانیش بێت، بەڵام ھێشتا وازی لە گەنم نەھێناوە و لە فەرمایشتێكی عەبدولسەتارییانەدا و لەبارەی بەرھەمی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی ھەرێمی كوردستان، دەڵێت: ”ئامۆژگاریی برا جووتیارەكان دەكەم گەنمەكانیان ڕادەستی سایلۆكانی سەر بە وەزارەتی بازرگانیی عێراق بكەن و بەملاولای نەفرۆشنەوە!“ جا سەیر كەن:

1- عەبدولسەتار لە كاتێكدا ئەم قسەیە دەكات كە وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ڕایگەیاندووە: ”ئەمساڵ بە ھەمان نرخ بۆ ھەر تۆنێك و بە ھەمان شێوەی عێراق، گەنمی جووتیاران وەردەگرن و دوای 10 ڕۆژ لە وەرگرتنیشی چەكی پارەی گەنم دەدرێتە جووتیاران،“ كەچی عەبدولسەتار بە جووتیارانی كوردستان دەڵێت: ”گەنمەكانتان ڕادەستی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بكەن، وەك ئەوەی ھەرێمی كوردستان حكوومەتی تیا نەبێت ئەو حكوومەتەی كە خارە عەبدولسەتار تیایدا وەزیری كشتوكاڵ بوو!“ بەڵام لەوەتەی خۆی لەو وەزارەتە و حزبەكەی لە حكوومەت نەماون، وا دەزانێت حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش نەماوە و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان تەنیا ئەو كاتانە ھەیە كە عەبدولسەتار لەو حكوومەتەدا وەزارەتێكی بەركەوێت!

2- سەرنج بدەن، عەبدولسەتار لەو فەرماییشتەیدا بە جووتیارانی كوردستان دەڵێت: ”گەنمەكانتان ڕادەستی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بكەن و نەیفرۆشنەوە بەملاولا!“ واتە بەلای عەبدولسەتار مەجیدەوە، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئەملاولایە! تەنانەت شۆڤێنیستە دژەكوردەكانیش بە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ناڵێن ”ئەملاولا!“ بەڵكوو ئەو شۆڤێنیستە دژەكوردانە ئەگەر زۆر ڕقیشیان لە كورد ھەڵسێت، بە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەڵێن: ”حكوومەت یان ئیدارەی باكووری عێراق!“ كەچی لێرەدا عەبدولسەتار ئەو شۆڤێنیستانەشی تێپەڕاندووە و دەڵێت ئەملاولا!

3- عەبدولسەتار لە كاتێكدا ئەم فەرماییشتەی فەرمووە كە دابینكردنی ئاساییشی خۆراك و لانی كەمی خۆبژێوی، بووەتە كاری لەپێشینە و پلانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و بۆ ئەم مەبەستەش دەبێ سەرچاوەی یەكەمی نان واتە گەنم، لەبەردەستی خۆتدا بێت واتە لە ھەرێمی كوردستاندا بێت و نابێت نانت بخەیتە دەستی دەرەوەی خۆت، بەتایبەتییش ئەگەر دەرەوەكە ئەم عێراقە جوانەی! ئێستا بێت كە حەز ناكەن كورد نینۆكی ھەبێت بۆ ئەوەی سەری خۆی پێ بخورێنێت، كەچی عەبدولسەتار مەجید دەڵێت نانیش تەسلیمی عێراق بكەن.

خۆزگە بەوردی دەمزانی! ئەم گیانی خۆڕادەستكردن و خۆتەسلیمكردنەی عەبدولسەتار مەجیدیەكان لە چیەوە سەرچاوەی گرتووە كە ئێستا ئا ئەوھا وەك خۆی دەڵێت ئامۆژگاریی! جووتیارانیش دەكات كە گەنمەكانیان واتە سەرچاوەی یەكەمی نانی ھەرێمی كوردستان، ڕادەستی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بكەن. ھەتا ئێستا ھەر ڕادەستكردنی نەوت بوو، ئەوە ئێستا ڕادەستكردنی نانیشی ھاتە سەر!

4- جا ئا لێرەوەیە كە لە سەرەتاوە و ھەر لە ناونیشانی وتارەكەوە دەڵێم: ”ئەم عەبدولسەتارە پێویستی بە وەرزشی عەقڵە“ و لە بەرامبەر ئەوەی كە عەبدولسەتار دەڵێت: ”ئامۆژگاریی برا جووتیارەكان دەكەم گەنمەكانیان ڕادەستی سایلۆكانی سەر بە وەزارەتی بازرگانیی عێراق بكەن و بەملاولای! نەفرۆشنەوە.“ منیش وەك ھاووڵاتیەكی كوردستان، ئامۆژگاریی عەبدولسەتار دەكەم كە بۆ وەرزشی عەقڵ و زیاتر چالاككردنی عەقڵ و بیركردنەوەی وردتر دوو شت زۆر گرنگن، یەكەم خوێندنەوە، دووەم یاریی شەترەنج، بۆیە ئامۆژگاریی عەبدولسەتار دەكەم ئەگەر ناخوێنێتەوە، بخوێنێتەوە، ئەگەر دەشخوێنێتەوە زیاتر بخوێنێتەوە و ناوە ناوەش یاریەكی شەترەنج بكات!