كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

(باسنیوز) مەترسییەکی گەورەی پەکەکە لەسەر سلێمانی و یەکێتی ئاشکرا دەکا

لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا بە شێوەیەکی چڕ لەناو خاکی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە، بە جۆرێک، سوپای تورکیا بەھۆی بوونی چەکدارەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەناو چەقی خاکی ھەرێمی کوردستان، چەندان جار گوندەکانی ھەرێمی کوردستانی بۆردومان کردووە و لە ئەنجامدا بەدەر لە كوژرانی چالاكوان و چەكدارانی پەكەكە، خەڵكی سڤیلییش بوونەتە قوربانی.
ھەفتەی ڕابردوو، سوپای تورکیا بەھۆی بوونی چەکدارەکانی پەکەکە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، گوندی تووتەقەڵی سەر بە قەزای چەمچەماڵی بۆردومان کرد و بەھۆی بۆردومانەکەوە دوو ھاووڵاتیی سڤیل و سێ چەکداری پەکەکە کوژران، بەڵام (پەکەکە) حاشا لەوە دەکات، سوپای تورکیا بەھۆی ئەوانەوە ھێرش بکاتە سەر ھەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا ئەو شوێنانەی لەناو خاکی ھەرێمی کوردستان، بارەگای چەکدارەکانی پەکەکەی لێ نییە، بۆردومان نەکراون و ژیان لەو شوێنانە ئاساییە.
لەمبارەیەوە چاودێرانی سیاسی ئاشکرای دەکەن، (پەکەکە) بیانوو دەداتە سوپای تورکیا، بۆ ئەوەی خاکی کوردستان بۆردومان بکات، ھەروەھا ئەو ھێزە بە ھێزێکی مەترسیدار بۆ سەر خاکی ھەرێمی کوردستان دادەنێن و پێیان وایە، (پەکەکە) بووەتە بەڵا و سەرئێشە بۆ خەڵکی کوردستان و بەھۆی ئەوانەوە ژمارەیەک گوند بۆردومان کراون و سەدان گوندیش چۆڵ كراون و بە هەزاران خێزان ئاوارە و دەربەدەر بوونە.
پەکەکە تەنگی بە گوندەکانی شارباژێڕ ھەڵچنیوە
چەکدارەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە شارۆچکەی ماوەت و شارباژێڕ و گوندی گەڵاڵەی سنووری شارباژێڕ، بارەگای سەربازییان ھەیە و ئۆتۆمبێلەکانی ئەو گرووپە بەردەوام لە گوندەکانی ئەو دەڤەرە ھاتوچۆ دەکەن و خاڵی سەربازیی کاتییان داناوە و سەرانە و گومرگ لە ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر و ئۆتۆمبێلی تایبەتی ھاوڵاتییان وەردەگرن. ڕۆژی ٢٦ی ٦ی ساڵی ٢٠٢٠، بەھۆی بوونی چەکدارەکانی (پەکەکە) لە ناوچەی شارباژێڕی شاری سلێمانی، سوپای تورکیا سەریرانگەی کونەماسیی بۆردومان کرد و بەو ھۆیەوە ژمارەیەک ھاووڵاتیی سڤیل بوونە قوربانی.
سەرکردەکانی پەکەکە لە شاخی ئەزمەڕ
ئەگەرچی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ماوەی چەند ساڵێکە ڕێگەی بە (پەکەکە) داوە لە سنووری شاری سلێمانی کاری سیاسی و مەدەنیی خۆیان بكەن، بەڵام (پەکەکە) ئەو ھەلەی قۆستووەتەوە و ڕێکخستنەکانی خۆی فراوان کردووە و لەناو جەرگەی شاری سلێمانی، بە شێوازی جۆراوجۆر (پەکەکە) چەندان بارەگای فەرمی و نھێنیی کردووەتەوە، ھەروەھا کاتێکێش سەرکردەکانی (پەکەکە) لە قەندیل و ئەو شوێنانەی بوونەتە مۆڵگەی ئەو حزبە دێنە ناو شاری سلێمانی، بەئاشکرا لەناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکاندا ھاتوچۆ دەکەن.
بۆیە سوپای تورکیاش ئەوەی بە دەرفەت زانیوە و چەندان جار چالاكوانەكانی ئەو حزبەی کردووەتە ئامانج، بەتایبەتی بۆدرومانکرنی چیای ئەزمەڕ، کە دەکەوێتە ناوەندی سەنتەری شاری سلێمانی. ڕۆژی ١٥ی١٠ی ٢٠١٩، دوو کادیری باڵای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە ناوەکانی (جەمیل و دەمھات) دەڕۆنە شاخی ئەزمەڕ، کە ناوچەیەکی گەشتیارییە، بەڵام ئێوارەی ھەمان ڕۆژ، لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە و لەناو خەڵکی مەدەنیدا ھەردوو کادیرەکەی (پەکەکە) دەکوژرێن.
پەکەکە شەقام لە دژی یەکێتی دەجووڵێنێت
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ئاست ملھووڕی و سەرەڕۆییەکانی گرووپێکی تۆقێنەری وەک (پەکەکە) بێدەنگیی ھەڵبژاردووە و ئەو گرووپە بەھۆی ڕێکخستنە نھێنییەکانی خۆیەوە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو شەقامی سلێمانیی کۆنتڕۆڵ کردووە، بە جۆرێک، ھەر کاتێک بیەوێت شەقام لە دژی یەکێتی دەجووڵێنێ و خۆپیشاندان لە دژی ئەو حزبە ئەنجام دەدات.
چەندانجار ڕێکخستنەکانی ئەو حزبە بەئاشکرا بانگەوازیان بۆ لایەنگرنی خۆیان کردووە، بۆ ئەوەی بەشداریی خۆپیشاندانەکانی سلێمانی بکەن، رێكخستەنكانی پەكەكە ژمارەیەك فەورمانگەی خزمەتگوزاری و بارەگای حزبیشیان سووتاندووە، پێشتر عەتا سەراوی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی ڕایگەیاند، پەکەکە بە ناوی خۆپیشاندانەوە پەلاماری یەکێتی دەدات، ئەوانەی خۆپیشاندانیش دەکەن، ھەوادار و دۆستانی پەکەکەن.
پەکەکە، سلێمانیی کردووەتە مۆڵگە
ڕێکخستنەکانی (پەکەکە) لە شاری سلێمانی بە جۆرێک فراوان بوون، ئەگەر یەکێتی فریای خۆی نەکەوێت، ڕەنگە پەكەكە لە داھاتوودا سلێمانی کۆنتڕۆڵ بکات. بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز)، سەرکردەکانی (پەکەکە) داوایان لە تەڤگەری ئازادیی نزیک لە (پەکەکە) کردووە، ھەر کاتێک لە سلێمانی خۆپیشاندان، یان گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی ئەنجام درا، بانگەواز بکەن و لایەنگرەکانیان ئاگادار بکەنەوە، بۆ ئەوەی بەشداریی خۆپیشاندانەکان بکەن و ڕۆڵی خۆیان لە خۆپیشاندانەکانی سلێمانیدا بگێڕن.