كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

زیاتر لە هەزار كەس لە هەولێر ئەو ئاژەڵە بەخێو ده‌كه‌ن

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئاوڵەی مەیموون، كە لە ئەنجامی بەركەوتنی مرۆڤ بە مەیموونەوە دروست دەبێت، بەشێكی زۆری وڵاتان هاوردەكردنی ئەو ئاژەڵەیان قەدەغە كرد و چەند رۆژێك بەر لە ئێستا، پارێزگای مووسڵیش هاوردەكردنی مەیموونی قەدەغە كرد. بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری شاری هەولێریش ئەوە دەخاتە ڕوو، كە ئەوان هێشتا هیچ بڕیارێكیان لەمبارەوە بۆ نەهاتووە.

هێرش محەمەد، لە مەیدانی پەلەوەرانی هەولێر دوكاندارە و كڕین و فرۆشتن بە مەیموونی ماڵیی دەكات، بۆ (باسنیوز)، ئاماژە بەوە دەكات، كە زیاتر لە هەزار هاووڵاتی لە شاری هەولێر مەیموون بەخێو دەكەن، بەڵام تا ئێستا هیچ گرفتێك نەبووە و هیچ كەسێك باسی ئەوە نەكردووە، كە نەخۆشییەكی تایبەت بە مەیموون هەبێت، ”ئەوەی بیكڕێت، خۆی دەیباتە لای پزیشكی ڤێتێرنەری و خۆی ڤاكسینی لێ دەدات“.

نرخی مەیموون لە مەیدانی پەلەوەران و لای دوكاندارەكان، نزیكەی ٣٥٠ دۆلارە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییەش نرخەكەی نەگۆڕاوە و دەڵێت: ”ئەوەندەی من ئاگادار بم، زیاتر لە هەزار كەس تەنیا لە شاری هەولێر مەیموون بەخێو دەكەن، هەیانە دوو دانە و هەیە سێ دانەی هەیە، بەتایبەت ئەوانەی مەزرەعەیان هەیە، خەڵكێكی زۆر هۆگری ئەو ئاژەڵەن، چونكە حەزی لە یارییە و دەبێتە هاوڕێی مرۆڤ، ئەوەی هەشە، هەر لەناوخۆ كڕین و فرۆشتنی پێ دەكرێت“.

د. مامەند محەمەد، بەڕێوەبەری ڤێتەرنەریی هەولێر، لەبارەی قەدەغەكردنی هاوردەكردن و بەخێوكردنی مەیموون، ئەوە دەخاتە ڕوو، كە تا ئێستا هیچ بڕیارێكیان بۆ نەهاتووە، تا هاوردەكردنی مەیموون قەدەغە بكرێت. باس لەوەش دەكات، كە نەخۆشییەكە گەیشتووەتە وڵاتی مەغریب و ئیسرائیل، بۆیە مەترسیی هەیە، بەتایبەت ”ئەگەر مەیموون تووش بێت، بە هەر بەركەوتنێكی لەگەڵ مرۆڤ، ئەو نەخۆشییە بڵاو دەبێتەوە، بۆیە ئەوانەی مەیموون بەخێو دەكەن، پێویستە زۆر ئاگاداری خۆیان بن، چونكە لە رێگەی جلوبەرگ، شوێن و بەركەوتن، نەخۆشییەكە بڵاو دەبێتەوە“.

بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری هەولێر، جەخت لەوە دەكاتەوە، تائێستا هیچ بڕیارێك لە وەزارەتەوە لەبارەی ئەو ئاژەڵە و هاوردەكردنی دەرنەچووە، بەڵام دەڵێت: ”ئەگەر بڕیاریش دەربچێت، ئێمە دیراسەی دەكەین، ئەگەر بازرگانێكیش داوای هاوردەكردنی بكات، ئەوا ئێمە بۆ سەرووی خۆمانی بەرز دەكەینەوە و راوبۆچوونیان وەردەگرین“.

لە ماوەی رابردوودا، تیدروس ئەدهانۆم گیبریسوس، سەرۆكی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی، هۆشداریی دابوو لەوەی، جیهان ڕووبەڕووی تەنگژەی گەورە بووەتەوە و لە یەك كاتدا لەژێر هەڕەشەی كۆرۆنا، شەڕ لە ئۆكراینا و ئاوڵەی مەیمووندایە.

ئەم هۆشدارییەی ئەدهانۆم لەمیانی كۆنگرەیەكدا هات لە جنێڤ، كە میوانداریی پسپۆرانی تەندروستیی سەر بە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانی كردبوو، بۆ لێكۆڵینەوە لە بڵاوبوونەوەی ئاوڵەی مەیموون، لە 15 وڵاتی دەرەوەی كیشوەری ئەفریقیا.

رۆژی یەكشەممەی رابردوو، وەزارەتی تەندروستی لە حكوومەتی بەلجیكا، بڕیاری دا دەبێت تووشبووانی ئاوڵەی مەیموون بە لایەنی كەمەوە، بۆ ماوەی 21 ڕۆژ لەناو ماڵی خۆیاندا كەرەنتینە بكرێن.

بڵاوبوونەوەی خێرای ئاوڵەی مەیموون ترسی گەیاندووەتە وڵاتانی ئەورووپا و رۆژئاوا، هەندێك پێشبینی دەكەن، ئەم ئاوڵەیە مەترسییەكی نوێ بێت، كە لە زۆر ڕووەوە ترسناكترە لە پەتای كۆرۆنا، بەتایبەتی لە ڕووی ڕێژەی مردنی تووشبووانەوە.

وەك لە راپۆرتە سەرەتاییەكانی پزیشكیدا ڕوون كراوەتەوە، یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی تووشبوون و بڵاوبوونەوەی ئاوڵەی مەیموون، پەیوەندی و جووتبوونی هاوڕەگەزخوازانە، ئێستاش كە ئەورووپا لە وەرزی ئاهەنگەكانی شانازیی هاوڕەگەزخوازان نزیك دەبێتەوە، لە چەندین گەورەشاری رۆژئاوا،هاوڕەگەزخوازان تێكەڵ دەبن و ئاهەنگی بەرفراوان دەگێڕن، بۆیە مەترسی دەكرێت بڵاوبوونەوەی ئاوڵەكە خێراتر بێت.