نەك ھەر دادگا فیدراڵیەكەی، بەڵكوو عێراق خۆی ھەڵەیە!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 29/05/2022

نەك ھەر دادگا فیدراڵیەكەی، بەڵكوو عێراق خۆی ھەڵەیە!

لەبەر ئەوەی دادگای فیدراڵیی عێراق بڕیاری سیاسی دژی كورد و ھەرێمی كوردستان دەردەكات، بۆیە زیاتر قورسایی ڕەخنەكانی كورد لەسەر ئەو دادگایەیە، ئەگینا ھەڵە و عەیبەكانی عێراق ھەر بەتەنیا ئەو دادگایە و بڕیارەكانی ئەو دادگایە نیە، بەڵكوو عێراق ھەر خۆی لە خۆیدا ھەڵە و عەیبەیە! بۆ نموونە:

1- ھەموو پێكھاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزھەبیەكانی عێراق، زۆر باش دەزانن كە ھۆكار و فشاری دەرەكی نەبێت، ئیتر ھیچ خاڵێكی بنەڕەتیی ھاوبەش نیە كە بەیەكەوە كۆیان بكاتەوە، كەچی وەھای دەردەخەن كە بەیەكەوەن! ئەمە ھەڵە و عەیبی بنەڕەتی و یەكەمی عێراقە.

2- كورد بە عێراق دەڵێت: ”فەرموو دەستوور جێبەجێ بكە“ بەڵام عێراق نایكات، ئنجا ھەر كە كورد پێیان دەڵێت: ”باشە ئەگەر دەستوور جێبەجێ ناكەن، خۆ ھەر لە دیباجەی دەستووردا ھاتووە كە جێبەجێكردنی دەستوور، گرەنتیی یەكێتیی خاك و خەڵكی عێراق دەكات، جا لەبەر ئەوەی ئێوەش دەستوور جێبەجێ ناكەن، ئێمەش ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەكەین و ئەمەش بۆ ئەوەیە ببینە دوو دراوسێی باشی یەكتر و ئیتر بەبێ قڕە و ئاژاوە ھەر یەك لە ماڵی خۆی و ڕێز لە بەرژەوەندییە ھاوبەشەكانی نێوانیشمان دەگرین،“ بەڵام ئەمەشیان قبووڵ نیە، ئەی ئنجا چی؟ ئەوان دەڵێن: ”تەسلیمبوون و ژیان لەژێر سایەی جۆرێكی تر لە دیكتاتۆری،“ ئێ كوردیش دەڵێت: ”سەرتان دای لەبەرد!“ ئەمەش عەیبی دووەمی عێراق.

3- حەشدی شەعبی، لە 13–6-2014وە دروست دەكرێت و لە كۆی 71 گرووپی ئەو حەشدە 41 گرووپیان بە ئاشكرا دەڵێن: ”ئێمە وەلائمان بۆ عێراق نیە و لەڕووی سیاسی و عەقیدەیی و سەربازی و ئەمنییەوە، پەیوەندیمان بە عێراقەوە نیە و ھیچ فەرمانێك لە سەرۆكوەزیرانی عێراق وەرناگرین، با سەرۆكوەزیران بە گوێرەی دەستوور فەرماندەی گشتیی ھێزە چەكدارەكانی عێراقیش بێت!“

ئنجا ھەر ئەم حەشدە كە 41 گرووپیان وەلائیان بۆ دەرەوەی عێراقە و ھەموو فەرمانێك لە دەرەوە وەردەگرن ھەر لە تیرۆر و ڕفاندنی نەیارانی خۆیانەوە بیگرە ھەتا دەگاتە مووشەكبارانكردنی ناوچەی سەوزی بەغدا و ھەولێر، كەچی ھەر ئەم حەشدە بۆ نموونە لە بودجەی ساڵی 2015ی عێراق 6 ترلیۆن و 36 ملیار دینار كە دەكاتە زیاتر لە 5 ملیار دۆلاری بۆ تەرخان دەكرێت، بەڵام ھەر لە ساڵی 2014وە عێراق نەك ھەر بودجە و ئیستیحقاقی پێشمەرگە كە قەت نەیداوە، بەڵكوو لەو ساڵەوە كۆی بودجە و ئیستیحقاقی ھەرێمی كوردستان دەبڕێت، ئەوە بە مەرجێك لە ساڵی 2015 دا پێشمەرگە لە گەرمەی شەڕی دژی داعشدا بوو! پێشمەرگەش لە ساڵی 2014وە دروست نەبووە، بەڵكوو لەوەتەی كورد دژی داگیركەر و دیكتاتۆری خەبات دەكات، پێشمەرگەش ھەبووە و لە ساڵی 2005یشەوە بەگوێرەی دەستووری عێراق بەشێكە لە مەنزوومەی بەرگریی عێراق، كەچی ھەتا ئێستاش وەزارەتی بەرگریی عێراق بۆ دابینكردنی ئیستیحقاقی پێشمەرگە لەناو بودجەی وەزارەتی بەرگریی عێراق ھەر ئەمڕۆ نا سبەی بە وەزارەتی پێشمەرگە دەكات و ھەر دەڵێن: ”ئەڵا كەریم بەسیتە و ئیشەڵا چارەسەر دەكرێت!“ ئەمەش عەیبێكی تری عێراق.

4- لە دوای ھەر ھەڵبژاردنێكی پەرلەمانی عێراق كە ئەوان زۆرینە دەبن و گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی پێكدەھێنن، كورد لەگەڵیان دەڕوات و بێ كێشە حكوومەتیان لەگەڵدا دروست دەكات، بەڵام كاتێك ھەر ئەوان دەبنە كەمینەی سیاسی و ئنجا كورد لەگەڵ زۆرینەی عەرەبی شیعە و زۆرینەی عەرەبی سوننە دەچێتە ناو گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی بۆ پێكھێنانی حكوومەت، ئەمجارەیان ئەوان دەڵێن: ”ئێمە نایەین، مەسەلەی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی فشەیە، با ئێمە كەمینەی سیاسییش بین، بەڵام نابینە ئۆپۆزسیۆن و ناشھێلین حكوومەت پێكبھێنن و ئیتر دەبینە سێیەكی پەكخەر واتە ئیشمان پەكخستنە!“ ئەمەش عەیبێكی تری عێراق.

5- جا باشە كە ئەوە عێراق بێت كە ھەر خۆی یەك پارچە ھەڵە و عەیبەیە، ئایا دەبێ چاوەڕوانی چ جۆرە دادگایەكی باڵای! فیدراڵی و چ جۆرە بڕیارێك لەم جۆرە دادگا فیدراڵیە بكرێت؟ ھەر بۆ بیرخستنەوەش، عێراق ھەر شتێك بێت تەنیا لەسەر وەرەقەی دەستوور فیدراڵییە، ئەگینا لەسەر زەمینەی واقیع، حەق بوو عێراق ئاوا پێناسە بكرێت: ”عێراق، شتێكە كەس نازانێت چیە، ھەر كەس بۆ خۆی چی دەدزێت با بدزێت، كێ دەكوژێت با بكوژێت، پاشكۆی كێ و كوێ دەبێت كەیفی خۆیەتی و ئازادە!“