كۆمپانیای (تارا ئایر)ی نیپاڵی رایگه‌یاند، یه‌كێك له فڕۆكه‌كانیان به 22 سه‌رنشینه‌وه دیار نه‌ماوه و په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵی پچڕاوه.
كاتژمێر 9:55 ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 29/5/2022، له شاری بوخارا له باكوری رۆژئاوای وڵاتی نیپاڵ، فڕۆكه‌یه‌كی گه‌شتیاری به‌ڕێكه‌وتووه به‌ره و ناوچه شاخاوییه‌كانی (جومسوم)، به‌ڵام دوای چه‌ند خووله‌كێك فڕۆكه‌كه كه له جۆری (توین ئۆتر) بووه، په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ تاوه‌ره‌كانی چاودێری پچڕاوه و شوێن بزر بووه.
له لێدوانێكیشیدا بۆ ئاژانسی هه‌واڵی (فرانس پرێس)، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ناوخۆی نیپاڵ (فانیندرا مانی) رایگه‌یاندووه: " فڕۆكه‌كه هه‌ڵگری 22 سه‌رنشین بووه و 3 له‌وانه تیمی فڕۆكه‌وانین و 19 كه‌سیشیان گه‌شتیار بوون.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، دوو هێلیكۆپته‌ر و تیمه‌كانی گه‌ڕان، سه‌رقاڵی دۆزینه‌وه و دیاریكردنی چاره‌نووسی فڕۆكه ونبووه‌كه‌ن، به‌ڵام تا ئێستا به‌هۆی ناله‌باری كه‌شوهه‌وا و ته‌مومژی ناوچه‌كه نه‌توانراوه به هیچ ئه‌نجامێك بگه‌ن.