بڕە پارەیەک وەک شایستەی دارایی جووتیاران خرایە سەر ئەژماری حکوومەت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

بڕە پارەیەک وەک شایستەی دارایی جووتیاران خرایە سەر ئەژماری حکوومەت

 

وەزارەتی بازرگانی و پیشه‌سازی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، لە دوورۆژی داهاتوو چەكی پارەی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران دەگات، دەشڵێت: "جووتیاران 10 رۆژ دوای رادەستكردنی گەنمەكەی پارەی خۆی بەتەوای پێدەدرێت".

نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بڕێک پارە خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی بازرگانی بۆئەوەی بیدەین بەو جوتیارانەی گەنمەکانیان رادەست دەکەن".

لەبارەی وردەكاری زیاتر گوتی: "وەزارەتی بازرگانی عێراق پارەی پێویستی بۆ ئەو جووتارانە ئامادە كردووە كە گەنم رادەستی سایلۆكان دەكەن، بڕە پارەیەكیش خراوەتە سەر ئەژماری وەزارەتمان، لە یەك دوو رۆژی داهاتوودا چەكەكان دەگەن و دواتر بەپێی رێكارەكان پارەی ئەو جووتیارانە دابەش دەكەین كە ئێستا گەنم رادەستی سایلۆكان دەكەن".

نەوزاد شێخ كامیل، هەوالێكی خۆشی دایە جووتیاران و ئاشكرای كرد، ئەمساڵ زۆر بە خێرایی پارەی جووتیاران دەدرێت، گوتیشی: "وەكوو ساڵانی پێشوو نابێت چوار مانگ یان ساڵێك پاش رادەستكردنی گەنم پارە بدرێتە جووتیاران، بەڵكوو پاش 10 رۆژ راستەوخۆ پارەكە دەدرێتە ئەو جووتیارەی گەنمەكەی داوەت سایلۆ".

بۆهەر تەنێكی گەنمی جووتیاران، ئەمساڵ 850هەزار دینار دەدرێت و بەراورد بە ساڵی رابردوو پارەكەی زۆر زیاد كراوە.

روونی كردەوە بەشی یەكەمی پارەكە ئامادەیە و چەكەكان دەنێردرێت و دابەشكردنی پارەكەش پاش رێكارەكان دەستپێدەكات، گوتیشی: "هەر شارێك بەپێی پێویستی پارەكەی بۆ دەنێدرێت و هەفتانەش پارەی زیاتر دەنێدرێت تاوەكوو پڕۆسەی دابەشكردنی پارەكە خێراتر بێت".

شایانی باسە، ئەمڕۆ شەممە 28ـی ئایار، لە هەرێمی كوردستان و بە تایبەت لە پارێزگای هەولێر لە رێگەی سایلۆ دەستكرا بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران.