هەنگاوەكانی مەسرور بازرانی و هاژوهووژی كۆیلەكان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
ھۆگر نێروەیی 28/05/2022

هەنگاوەكانی مەسرور بازرانی و هاژوهووژی كۆیلەكان

جاران، کورد لە سەدان دەرگای وڵاتانی دەدا، ھیچ وڵاتێک دەرگای خۆی بەڕوویدا نەدەکردەوە، گەر کەسێکیش دەرگای بۆ بکردبایەوە، لە بچووکترن یەکەی سیستەمی وڵات دەبوو، پەرلەمانتارێک، یان سیاسییەکی خانەنشینکراو، یان ڕۆژنامەنووسێکی نەناسراو بوو! یان ژەنەراڵیكی خانەنشین، ئەوانیش ھەر کەمێک گوێیان دەگرت، ئەوانە بە گشتی نەک ھەر بەدوای چارەسەرەوە نەبوون، بەڵکوو تاقەتیان نەبوو ھێندە گوێ لەو ئازارانەش بگرن، زۆرینەشیان ھەر نەیاندەزانی نەتەوەیەک ھەیە بە ناوی کوردەوە، تاوەكوو لەسەری بێنە دەنگ، چونكە لە دیدی ئەوانەوە، کوردەكان نە خاکێک، نە ئاڵایەک، نە وڵاتێک، نە ھەرێمێک، نە کانتۆنێک، نە زمانێکی فەرمییان ھەبوو تا جیھان دانی پێدا نابێت!

ئێستا، جیھان پێشوازی لە کورد و سەركردەكانی هەرێمی كوردستان دەکات، بانگھێشتنامەی فەرمییان بۆ دەنێرن، ھەر وڵاتێک لە وڵاتەكەی دیكە بەپەلەترە کە دەرگای دیبلۆماسیەتی خۆیان لەسەر کورد و هەرێمی كوردستان بکەنەوە، بەتایبەتی لەدوای جەنگی ڕووسیا و ئۆكراینا، ئەورووپا بە گرنگییەکی زۆر لە جیۆپۆلۆتیک و سەرچاوەی وزەی ھەرێمی کوردستان دەڕوانێ.
ھەروەھا وڵاتانی ئەورووپا، دونیابینی و ھەنگاوەکانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ئەرێنی و ئایندەیەکی گەشەوە لێ دەڕوانن. پێشوازییەکی گەرمی لێ دەکەن، ئەویش لە پرۆتۆكۆڵی پێشوازییكردندا وەك سەرۆكوەزیرانی ھەرێمێک نا، بەڵکوو وەک بەرپرسێكی باڵای دەوڵەتێكی سەربەخۆ.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەیەوێت سوود لەو دەرفەتە وەربگرێت و بەکاری بھێنێت بۆ بەهێزكردن و بەرەوپێشبردنی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان لە كەنداو، بێگومان پێش گەشتەكانی ئەمساڵی دیدار و سەردانی زۆر گرنگی هەبوون، بەڵام ئەمساڵ لە وڵاتانی ئیمارات و قەتەر و بەحرێنەوە دەستی پێ کرد، پاشان بەرەو تورکیا، دواتر لە بەریتانیا پێشوازییەکی شاھانەی لێ کرا، کە خاوەن پێگەی بەهێز و شادەماری ئابووریی ئەورووپایە.

لەم رۆژانەشدا داڤۆس لە پێشوازیی مەسرور بارزانیدا بوو، دەرفەتێکی زێڕین بوو تا مەسرور بارزانی توانای هەرێمی كوردستانی لەڕووی ئابووری و سیاسی و ئاسایشی ناوچەکەوە لەسەر مێزی داڤۆس نماییش كرد، کە زۆربەی یەکە و سەرکردەکانی سیستەمی وڵاتان لەدەوری مێزی داڤۆسەوە کۆ بووبوونەوە. مەسرور بارزانی وەك لە سەرەتای دەستبەكاربوونیەوە بەڵێنی دا، دەیەوێت ھەرێمی کوردستان بکاتە خاوەنی ژێرخانێكی ئابووریی بەھێز و سیستماتیك و دامەزراو، دەیەوێ هەرێمی كوردستان بەھێز بکات و بە دیبلۆماسیەتێكی سەردەمانەوە لە قەتیسبوونی هەرێم لە ناوچەکەدا، بەرەو ئەورووپا و جیھان ھەنگاوی کرداریی پێ بنێت، گەرچی نەیارانی کوردستان دەیانەوێت لە ناوچەکە قەتیسمان بکەن، بۆ ئەوەی كورد و هەرێمی كوردستان ھەر لە پاشكۆیی و ژێردەستەییدا بژین.

لە سەردەمی حوکمڕانیی فیرعەونەکان لە میسڕ، جارێکیان فیرعەونێک دەیویست حوکمڕانیی خوداوەند ئاموون نەھێڵێت و کۆتایی بە سەردەمی چینایەتی بھێنێت و ھەموو خەڵکی میسڕ لە یەک ئاستدا بن، جیاوازی لەنێوان ھەژار و نەدار و دەوڵەمەنددا نەکرێت، یەکسەر ھاواری کاھینەکانی پەرستگای ئاموون بەرز بووەەوە و گوتیان: ”فیرعەون شێت بووە، دەیەوێت میسڕ بەرەو ھەڵدێر ببات، ئەو ژیانە خۆشەی چەند سەدەیە ئاموون بۆ گەلی میسڕی ڕەخساندووە نەھێڵێت.“ بۆیە هۆیەوە چەندین قەیرانیان دروست کرد و میسڕیان ڕووبەڕووی دۆخێكی سەخت کردەوە.

کاھینەکان بانگەشەی ئەوەیان کرد، کە ئاموون نەفرەتی لە میسڕ کردووە، بۆیە تا ئەم فیرعەونە بمێنێت نەفرەتی ئاموون کۆتایی نایات، خەڵکیش باوەڕی بەم قسانە کرد و دژی فیرعەون وەستان، تا جارێکی تر کاھینەکان سکیان قەڵەو بووەوە و كەوتنەوە ژیانی شاھانە، خەڵکیش ھەر نەدار و نەدارتر بوو، کۆیلایەتی زیاتر پەرەی سەند و بەشێکی زۆر کەمی خەڵک لە حوکمڕانیی خوداوەند ئاموون سودمەند بوون.

جا ئەوانەی هەرێمی كوردستانی خۆمان كە کۆیلەن و بە كۆیلەیی ژیاون، پێیان وایە رزگاربوونیان لە كۆیلایەتی كاری نەكردەیە و سروشت قبووڵی ناكات! ئەوانەشی كە خاوەنداریی ئەو كۆیلانە دەكەن، وەکوو کاھینەکانی پەرستگەی ئاموونی بەرد، قەت نایانەوێت ھەرێمی کوردستان بە سیستەم و دامەزراوە و بەرەو جیھانیبوون ھەنگاو بنێت، چونکە بە کۆتاییهاتنی سەردەمی خۆیانی دەزانن، بۆیە ھەرچییان لەدەست بێت دەیکەن، بۆ ئەوەی ئەم ھەنگاوە گرنگانەی سەرۆکی حکوومەت سەر نەگرێت، کە بە زیانی خۆیان و چەند کەسێک و لە بەرژەوەندیی گشتیدا دەیبیننەوە.