وەزارەتی دارایی بڕیاری دا، ئەو فەرمانبەر و لێژنانەی پێشینەی فەرمانگەكانیان لەسەرە و پاكتاویان نەكردووە، دەرماڵەكانیان رادەگیرێت و خەرج نەكرێت.
بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە رۆژی 11ی5ی2022 دەرچووە و كۆپییەكی دەست (باسنیوز) كەوتووە و بۆ وەزارەتەكان نێردراوە، هۆشداری بە هەندێك لە فەرمانبەران دراوە.
بەپێی نووسراوەكە، كە گشتاندنی داراییە و تایبەتە بە پێشینە وەستاوەكان و جەخت كراوەتەوە بۆ پێشینە وەستاوەكان، كە پێشینەی جۆراوجۆر و بەردەوام دەگرێتەوە و هی ساڵانی پێشووە و تاوەكوو ئێستا یەكلا نەكراونەتەوە، دەبێت یەكلایی بكرێنەوە، ئەگەرنا دەرماڵەی فەرمانبەرەكان رادەگیرێت.
لە دقی نووسراوەكەدا هاتووە "پێشینە وەستاوەكان، كە پێشینەی جۆراوجۆر و بەردەوام دەگرێتەوە و هی ساڵانی پێشووە و یەكلا نەكراونەتەوە، كە لە ئەستۆی فەرمانبەر یاخود لێژنەكانن و ماوەی یاساییان بەسەردا چووە و لە حاڵەتی دواكەوتن و یەكلانەكردنەوەیان لە ماوەی دیاریكراودا، یاخود ژمێرەی كۆتایی، ئەوا دەبێت سەرجەم دەرماڵەی ئەو فەرمانبەرانە خەرج رابگیرێت و خەرج نەكرێت".
ئاماژە بەوەش كراوە، دەرماڵەی ئەو فەرمانبەرانەی لە لێژنەی پێشینەكانن، یان پێشینەكانیان لە ئەستۆدایە، رابگیرێت و بكرێتە بارمتە، تاوەكوو ئەو كاتەی پێشینەكان پاكتاو دەكرێن، هاتووە "بەرپرسی ژمێریاری و سەرۆكی فەرمانگەكە بەرپرسیار دەبن لەسەر ئەو بابەتە و یەكلانەكردنەوەی پێشینەكان".
تەحسین محەمەد، ژمێریاری یەكێك لە وەزارەتەكان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "نووسراوەكەی دارایی گەیشتە دەستمان، ئەو بابەتە ئەو فەرمانبەرانە دەگرێتەوە، كە بە لێژنە پێشینەیان وەرگرتووە، بەڵام پاكتاویان نەكردووە و پسوولەكانیان تەواو نییە، بۆ نموونە، یەكێك پێشینەی جۆراوجۆری وەرگرتووە بۆ نۆژەنكرنەوەی فەرمانگەكەی، كە زۆرجار بایی 100 بۆ 150 ملیۆن دینار بووە، بەڵام تاوەكوو ئێستا یەكلایی نەكردووەتەوە و پاكتاوی نەكردووە، یان پێشینەی مانگانە و نەسرییەی وەرگرتووە و یەكلایی نەكردووەتەوە و كێشەی لە گەنجینەكانە".
ئەو ژمێریارە باسی لەوەش كرد، ئەگەر پێشینە لە كۆتایی ساڵ پاكتاو نەكرێت، یان لە ژمێرەی كۆتاییش پاكتاو نەكرێت، بە سەرپێچیی دارایی ئەژمار دەكرێت.
