ژمارەیەك کۆمپانیای بەریتانی و جیھانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دەکەن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ژمارەیەك کۆمپانیای بەریتانی و جیھانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دەکەن

 

سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان، ئاشكرای كرد، ژمارەیەك کۆمپانیای بەریتانی و جیھانی بانگھێشت کراون و و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو كۆمپانیایانە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.

د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بۆ لە نزیکەوە ئاشنابوون بە دۆخی وەبەرھێنان لە کوردستان، ژمارەیەك کۆمپانیای بەریتانی و جیھانیمان بانگھێشتی هەرێمی کوردستان کردووە و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو كۆمپانیایانە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن".

ئاماژەی بەوەش دا، تەواوی ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی دەکەن و بەگوێرەی یاسای وەبەرهێنان، هیچ جیاوازییەك لە نێوان وەبەرهێنەری ناوخۆیی و بیانی ناکرێت و باشترین دەرفەتیان بۆ رەخسێندراوە.

ماوەی چەند رۆژێكە شاندێکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، کە پێکھاتوون لە سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان، وەزیری پلاندانان، سەرپەشتیاری ئێدارەی سەربەخۆی زاخۆ و چەندین وەبەرھێنەر و بازرگانی دیكه‌ لە بەریتانیان و بەشدارییان له‌ کۆنفرانسی بەهارەی ئەنجوومەنی کاری عێراقی - بەریتانی IBBCـدا کرد.

لە پانێڵێکیشدا لە په‌راوێزی کۆنفرانسەکە، کە ئەندامانی ئەنجوومەنی کاری عێراقی - بەریتانی و چەندین وەبەرهێنەر و کۆمپانیای جیهانی بەشداربوون، هەلەکانی وەبەرهێنانی لە کوردستان خراوەتە ڕوو.

محەمەد شوكری ئاماژەی بەوەش دا، داوایان له‌ كۆمپانیاكان كردووە، بێن لە سێکتەرەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی، دارایی و بانك، پەروەردە و تەندروستی وەبەرهێنان بکەن، گوتیشی: " ئەنجوومەنی کاری عێراقی - بەریتانی 63 كۆمپانیای گەورە لەخۆ دەگرێت ئەوان بەڵێنیان داوە بێن لە كوردستان وەبەرهێنان بكەن".

بەپێی بەدواداچوونی (باسنیوز)، زیاتر لە 140 كۆمپانیای جۆراوجۆری بەریتانی لە هەرێمی كوردستان لە چەند سێكتەرێك كار دەكەن و بەشداری كاری وەبەرهێنانن.