كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

حکوومەتی هەرێمی کوردستان: هیچ ڕێككه‌وتنێكمان له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا بۆ ناردنه‌وه‌ی زۆره‌ملێی هاووڵاتیان نه‌كردووه‌

"له‌ كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌ت  له‌گه‌ڵ وه‌زیری ناوخۆی به‌ریتانیا باسی ئه‌و پرسه‌ نه‌كراوه‌"

 له‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌ هیچ ڕێككه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا بۆ ناردنه‌وه‌ی زۆره‌ملێی په‌نابه‌ران كردبێ.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 26/5/2022، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ڕاگه‌یاندراوێكی بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا ئه‌وه‌ خراوه‌ته‌ ڕوو:  ژمارەیەک هاونیشتمانیانی کورد لە بەریتانیا و میدیاکان پەیوەندی دەکەن لەسەر پرسی ناردنەوەی به‌ زۆری هاووڵاتیانی کورد و ڕێککەوتنی حکوومەتی هەرێمی كوردستان و بەریتانیا له‌و بارەیەوە، به‌ڵام نوێنه‌رایه‌تیی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ به‌ریتانیا بە پێویستی دەزانێ ڕایبگەیەنێ کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ جۆرە ڕێکكەوتنێکی لەگەڵ بەریتانیا نییە بۆ ناردنەوەی زۆرەملێ.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كراوه‌: به‌ ڕوونی ده‌یڵێین لە سەردانی فەرمیی سەرۆکی حکوومەتی هه‌رێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری ناوخۆی بەریتانیا بەهیچ شێوەیەک پرسی ناردنه‌وەی زۆرەملێ باس نەکراوە و هیچ ڕێککه‌وتنێکیش له‌و باره‌یه‌وه‌ نه‌کراوه‌. هه‌رێمی کوردستان و شانشینی یه‌کگرتووی بەریتانیا له‌سه‌ر ئاستی نه‌هێشتنی تاوانی ڕێکخراو و به‌دواداچوونی تاوانباران و بازرگانانی مرۆڤ هه‌ماهه‌نگن و  هاوکاریی یه‌کتر ده‌که‌ن.

له‌ به‌شێكی ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌دا، سه‌رنج خراوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی: په‌یوه‌ندییه‌ دوولایه‌نه‌کانی شانشینی یه‌کگرتووی بەریتانیا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان قووڵ و دۆستانه‌ن و له‌سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌شی و به‌رژه‌وه‌ندیی دوولایه‌نه‌یه‌، ئه‌و پرسه‌ی که‌ هه‌ندێک که‌س و لایه‌ن ده‌یانه‌وێت چه‌واشه‌ی بکەن و هه‌ستی هاووڵاتیانی پێ بجووڵێنن و بۆ‌ به‌رژه‌وه‌ندی کورتخایه‌نی خۆیان به‌کاری بهێنن، ڕه‌تی ده‌که‌ینه‌وه‌ و ئه‌وله‌ویاته‌کانی په‌یوه‌ندی دوولایه‌نه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک پرسی ناردنه‌وه‌ی به‌زۆر نییه‌.