عەلی عوسمان: ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دامەزراندنی كۆمەڵێك پڕۆژەی پیشەسازی داوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

عەلی عوسمان: ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دامەزراندنی كۆمەڵێك پڕۆژەی پیشەسازی داوە

"كۆمەڵێك كارگە لەسەر بنەمای پێداویستییەكان دامەزرا، ژمارەیەك كاگه‌ش دروست دەكرێن"

 عەلی عوسمان، بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ كاروباری پیشەسازی، لە گفتوگۆیەكدا بۆ (باسنیوز)،  باس لە چەند پرسێكی پەیوەست بە دۆخی پیشەسازی دەكات و ڕایدەگەیەنێت، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دامەزراندنی كۆمەڵێك پڕۆژەی پیشەسازی بە سیستمی بەشداریی نێوان كەرتی گشتی و كەرتی تایبەتی داوە و دەشڵێت، كاركردن بۆ دامەزراندنی 12 ناوچەی پیشەسازی بەردەوامە و بە تەواوبوونی ئەم ناوچە پیشەسازییانە كەرتی پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان دەچێتە قۆناغێكی پێشكەوتووتر.

سەرەتا لەبارەی دۆخی كەرتی پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان گوتی: "بە ڕەچاوكردنی هەموو ئەو بارودۆخە خراپەی ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە، لەوانە قەیرانی دارایی و شەڕ و ململانێ سەربازی و سیاسییەكان، دەتوانین بڵێین بارودۆخی كەرتی پیشەسازی تا ڕاددەیەك لە ئاستێكی مامناوەندایە، وڵاتێك شەڕ و پێكدادان لەسەر خاكەكەی ڕووی دابێت و ژێرخانەكەی وێران كرابێت، هەروا بەئاسانی بنیاد ناندرێتەوە و متمانە بۆ وەبەرهێنەران ناگەڕێتەوە كە ڕوو لە كەرتی پیشەسازیی گەورە بكەن. ململانێ سەربازی و سیاسییەكانی عێراق كاریگەریی لەسەر هەرێمی كوردستانیش هەبووە، لە هەمووشی مەترسیدارتر قەیرانی داشكانی بەهای نەوت بووە، لە وڵاتێكدا كە بە وڵاتێكی پشتبەستوو بە تاكە سەرچاوەی داهاتی فرۆشتنی نەوت ناسراوە ئێستا لەگەڵ هەڵكشانی بەهای نەوتی خاو و هێوربوونەوەی شەڕ و ململانێ سیاسییە سەختەكان، دەنگی عەقڵانی فرەچەشنكردنی ئابووری و داهات دەستی پێ كردووە و لێرەولەوێ پڕۆژەی پیشەسازی و كارگەی جۆراوجۆر دادەمەزرێت، چەند یاسایەكی تایبەت بە گەشەپێدانی كەرتی پیشەسازی هەموار كراوەتەوە و یاسای پاراستنی بەرهەمی خۆماڵییش لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند كراوە''.

پەیوەست بە هەنگاو و كارئاسانی و پاڵپشتیی حكوومەت كە پێشكەشی كەرتی تایبەتی كردووە، عوسان عەلی  گوتی: "گەشەپێدانی پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان پێویستی بە پلانی بەردەوام هەیە، لەم پێناوەشدا ئێمە لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەروەكوو لە كارنامەی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، پلان و بەرنامەمان هەیە بۆ ئەوەی بتوانین هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ خاوەن كارگە و سەرمایەداراندا بكەین و پیشەسازی لە قۆناغی سەرەتاییەوە بگوازینەوە بۆ قۆناغی مامناوەند و بەرەوپێشەوەی ببەین و، كار بۆ بنیاتنانی ژێرخانی پیشەسازی بكەین. ئێمە لە وەزارەت بە وردییەوە لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان و كەرتی تایبەت بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو پلان و بەرنامانە دەكەین كە بۆ دامەزراندنی كارگەكان لە پارێزگاكانی كوردستاندا هەنگاوی بۆ دەنرێت، بەتایبەتی لە ڕووی دیراسەی كەڵكی ئابووری و سوودی ئابووریی دامەزراندنی كارگەی گەورە و پاراستنی بەرهەمەكانیان و، دۆزینەوە و ساغكردنەوەی لە بازاڕەكانی كوردستان و عێراق و ناوچەكەدا".

جەختی كردەوە لە كەرتی پیشەسازی و دروستكردن و بەڕێوەبردنی كارگەكاندا، زۆربەی هەرە زۆری كارگەكانی كوردستان لەلایەن كەرتی تایبەتەوە بەڕێوە دەبرێن و ئێستا لە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دامەزراندنی كۆمەڵێك پڕۆژەی پیشەسازی بە سیستمی بەشداریی نێوان كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت دراوە، ئەم سیستەمەی نێوان كەرتی تایبەت و كەرتی گشتی، تەنیا بۆ كەرتی پیشەسازی نییە، بەڵكوو بۆ دامەزراندنی ژمارەیەك پڕۆژەی گەورە و ستراتیژییە و ڕەنگدانەوەی باشی بۆ ئاوێتەكردن و تێكەڵكردنی توانای هەردوو كەرتەكە دەبێت''.

بەرپرسەكەی وەزارەتی پیشەسازی گوتیشی: "لە بواری كرێی كارەبا و دابینكردنی سووتەمەنیدا نەمانتوانیوە هاوكار و پاڵپشتی كارگە خۆماڵییەكان بین، لە بواری پاڵپشتی بەرهەمی خۆماڵی و قەدەغەكردن و دانانی ڕێژەیەكی زیاتری باجی گومرگی لەسەر بەرهەمی بیانی، بەتایبەتی بەرهەمەكانی هەردوو وڵاتی ئێران و توركیا، ئەمە وا ئاسان نییە كە باس دەكرێت، پێویستە ڕەچاوی ئەوەش بكەین لەوە زیاتر نرخەكان هەڵاوسان بە خۆیانەوە نەبینن و كەسانێك ئەم پاڵپشتی و قەدەغەكردنی هێنانی بەرهەمی خۆماڵییە نەقۆزنەوە و قۆرخكاری دەست پێ نەكەن و، ئەوەندەی دیكە نرخەكان نەفڕێنن. لە عێراقدا وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی دوو وەزارەتی جیاوازن، بەڵام سروشتی پێكهاتەی وەزارەتەكەی ئێمە هەردوو بوارەكە لەخۆ دەگرێت و، دوو بریكاری بۆ دانراوە لە هەندێك خاڵدا بەریەككەوتەمان دەبێت، بەڵام ئێمە توانیومانە تا ڕاددەیەكی باش هەماهەنگ بین بەوەی قۆرخكاری دروست نەبێت، ناكرێت یەك دوو كارگە پاراستنی بەرهەمی خۆماڵییان بۆ بكرێت و ئەوانیش دۆخەكە بقۆزنەوە و نرخەكان بفڕێنن. ئێمە دەمانەوێت نرخ بۆ بەرهەمی چیمەنتۆ و شیش و خشت دابنێین، تا بازاڕەكە قۆرخ نەكەن، ئێمە پابەندی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2021ی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستانین و لە كۆتایی ڕەشنووسی ڕێنمایی وەزارەتین''.

گوتیشی: "لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان كاری باش و گەورەمان ئەنجام داوە، لەوانە كاركردن بۆ دامەزراندنی 12 ناوچەی پیشەسازی لە سەرانسەری هەرێمی كوردستاندا، لە پارێزگای دهۆك لە بواری جێبەجێكردندایە و لە پارێزگای هەڵەبجە 400 دۆنم زەوی بۆ ناوچەی پیشەسازیی خۆراك دابین كراوە، دوای ئەوەی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە هەرێمی كوردستان دەستی لەو زەویییە كشتوكاڵییە هەڵگرت و ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران كراوە و، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندیی لەسەر دراوە، بە ئامادەبوون و تەواوبوونی ئەم ناوچە پیشەسازییانە كەرتی پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان دەچێتە قۆناغێكی پێشكەوتووتر، چونكە پێشتر كاتێك مۆڵەت بە كۆمپانیا و وەبەرهێنێك دەدرا كە كارگە دابمەزرێنێت، دەبووایە زەوی بۆ تەرخان بكرێت و كارەبا و خزمەتگوزاریی ئاو و ئاوەڕۆ و شەقام و ڕێگاوبان و تەنانەت بنكەی تەندروستی و مزگەوت و فەرمانگەی پۆلیسی پێویست بوو، خۆ جێبەجێكردنی هەموو ئەم پێداویستییانە پێویستیان بە ڕەزامەندی و كاری چەندین وەزارەت هەیە، بۆ ئەم كارانەش پێویستی بە ڕەزامەندیی وەزارەتی دیكە و بودجە و كاتێكی زۆری هەبوو، جاری وا هەبووە وەبەرهێنێك مۆڵەتی دروستكردنی كارگەیەكی وەرگرتووە، چووە خانوویەكی بەكرێ گرتووە. هەر سەبارەت بە كارئاسانییەكان، ئێمە لێخۆشبوونی گومرگیمان هەیە بۆ بەرهەمی كارگە خۆماڵییەكان بۆ ناردنە دەرەوەی بەرهەمەكانیان، بێ ئەوەی حكوومەت گومرگیان لێ وەربگرێت، بۆ ئایندەش ژمارەیەكی زۆری پارچەزەوی دابین كراوە بۆ ئەوانەی مۆڵەتی كارگە و پڕۆژەی پیشەسازییان هەیە''.

بریكارەكەی  وەزارەتی  بازرگانی پەیوەست بە پلانی ئەمساڵیان گوتی: "وێڕای هەموو ئەم قەیران و ئاستەنگانە و بارودۆخی عێراق و ناوچەكە و جیهان، خۆشبەختانە هەموو بوارەكانی خۆراك و کانزایی و ناکانزایی و بیناسازی و كەرەستەی خاو و پێكهاتەكانی نەوت و پترۆكیمیایی و چیمەنتۆ و ئاسن چوونەتە پێشەوە، ئێمە لە پلانی ساڵانەی خۆماندا ساڵی پێشوو و بۆ ئەمساڵیش و تا ساڵی 2023 كۆمەڵێك كارگە و پڕۆژەی پیشەسازیمان ڕاگەیاندووە، بۆ نموونە لە ساڵی ڕابردوودا كۆمەڵێك كارگە لەسەر بنەمای پێداویستییەكانی هەرێمی كوردستان دامەزرا، ئەمساڵیش ژمارەیەك كارگەی دیكە لەسەر ئەو بنەمایە دروست دەكرێن".