شارەزایەكی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان: ئاستی بەشداریی کوردستان لە داڤۆس، بەڵگەی بەهێزیی پێگەی دیپلۆماسی و ئابوورییەتی
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

شارەزایەكی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان: ئاستی بەشداریی کوردستان لە داڤۆس، بەڵگەی بەهێزیی پێگەی دیپلۆماسی و ئابوورییەتی

 

شارەزایەكی بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ڕایدەگەیەنێت، ئەو ئاستە بەشدارییەی هەرێمی كوردستان لە داڤۆس، بەڵگەی بەهێزیی پێگەی دیپلۆماسی و ئابوورییەکەیەتی. ئاماژە بەوەش دەدات، هاتنی ژمارەیەكی زۆر لە کۆمپانیاکان بۆ هەرێمی کوردستان، دەبێتە هۆی ئەوەی کە پارێزگاریی زیاتر لەلایەن وڵاتانەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەستەبەر ببێت.

د.سامان شاڵی، بۆ (باسنیوز)، ئەو ئاستە بەشدارییەی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس، كە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەت ئامادەی و سەرپەرشتیی دەكات، بەڵگەی بەهێزیی پێگەی دیپلۆماسی و ئابوورییەکەیەتی، گوتیشی: ”بەشداریی هەرێمی كوردستان لە کۆڕبەندی داڤۆس کە زیاتر لە پەنجا ساڵە بەردەوامە و گەورەترین سەرکردە و کۆمپانیا بەناوبانگەکانی لێیە کە لەم کۆڕبەندە چارەسەر بۆ پرسەکان دادەنرێت و لەسەر ئەو رووداوانەی لەم ساڵانەدا روویان داوە باسیان لێوە دەکرێ، خۆشبەختانە ساڵ بە ساڵیش قورسایی زیاتری هەرێمی کوردستان لەسەر کۆڕبەندی داڤۆش دەردەکەوێ.“

شاڵی روونیشی كردەوە: ”بۆ ئەمساڵ کە باس لە ئاسایش و ژینگە و وزە کراوە، ئەوە لە بواری ئاسایشدا کە پێشمەرگە توانیی داعش بشکێنێت، ئەوە لە ڕووی ئەمنییەوە زۆر گرنگە، لە ڕووی وزەشەوە کە بەهۆی شەڕی رووسیا و ئۆکرایناوە وزە کەم بووەتەوە و ئێستا هەرێمی کوردستان سەرچاوەیەکی گرنگی وزەیە، بێگومان پێگەی هەرێمی کوردستان لەو کۆڕبەندە گرنگییەكی زۆری هەیە، بەتایبەتی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی وەبەرهێنانی غاز و نەوت.“

ئەو چاودێرە نێودەوڵەتییەی کورد پێشی وایە: ”هاتنی ژمارەی زۆری کۆمپانیاکان بۆ هەرێمی کوردستان دەبێتە هۆی ئەوەی کە پارێزگاریی زیاتر لە هەرێمی کوردستان بکرێت و هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت، چونکە ئەو کۆمپانیا گەورانە کاریگەریی گەورەیان لەسەر سیاسەتی وڵاتەکانی خۆیان هەیە، ئەوان باجی گەورە دەدەن بە وڵاتەكانیان و ئەوانیش دەبێ پارێزگارییان لێ بکەن، لە هەر شوێنێک بن.“

ئەو چاودێرە نەیشاردەوە کە هەڕەشەی گەورە لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام هەرێمی کوردستان دەتوانێ بە گەشەی زیاتری ئابووری و دیپلۆماسی، بەهێزکردنی هێزی پێشمەرگە و وەبەرهێنانی زیاتر بۆ وزە، پارێزگاری لە گەشەی خۆیدا بکات.

گوتیشی: ”دیپلۆماسیەتی ئێستای هەرێمی کوردستان زۆر گەشەی کردووە، ئەو پەیوەندییە سیاسییانەی هەن، کاریگەریی زۆریان لەسەر پارێزگاریکردن لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام دەبێت زیاتری بکەین، جگە لەوەش، هەرێمی کوردستان لە رووی جوگرافیاوە شوێنێکی یەگجار گرنگی هەیە کە دەتوانرێ لەوەشدا سوودی گەورەی هەبێت، واتا هەرچەندە پێگەی دیپلۆماسی و ئابووریمان بەهێز بکەین، ئەوا پارێزراوتر دەبین.“

هاوکات ئەوەشی خستە ڕوو، کە ئابووریی بەهێز بێکاری کەم دەکاتەوە و گوزەرانی خەڵکیش باشتر دەکات، ئەوەش پشتیوانیی خەڵک بەگشتی بۆ حکوومەت زیاتر دەبێت.