ئەك لەو درۆیە!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

زستان بوو، بە ئۆتۆمبێلی خۆم لە ھەولێرەوە بەرەو سلێمانی دەڕۆیشتمەوە و حەزم كرد لە ھەیبەت سوڵتانی كۆیەوە بڕۆمەوە، كوڕێكی خۆم لەگەڵدا بوو ئێستا بەرەو زانكۆ دەڕوات، بەڵام ئەو كاتە تەمەنی نەگەیشتبووە 6 ساڵی تەواو، من ھەر مەبەستم بوو بزانم ئەو كوڕەی خۆم لەو تەمەنەیدا ھەتا چەند توانای جیاكردنەوەی ڕاستی و درۆی ھەیە.

كە گەییشتمە ھەیبەت سوڵتان ھەندێك بەفر باریبوو، پێم گوت: ”تۆ دەزانی جارێك ھەر خۆم بە تەنیا ھاتمەوە بۆ سلێمانی و ھەر لێرەدا بەفر باریبوو لەسەر جادەكە ورچێك دەستی لێ ڕاگرتم!“ كورەكەشم یەكسەر گوتی: ”ئێ ئێ دەی!“ منیش پێم گوت: ”ئیتر وەستام و ورچەكە ھات بۆ لام و پێی گوتم سەرمامە، بەڵكوو لەگەڵ خۆت سەرم بخەیت و بمبەیتەوە بۆ سلێمانی با بەم سەرمایە و ئەمشەو لەم شاخە نەمرم!“ كوڕەكەم نەیھێشت ھیچی تری لەسەر بڕۆم و دەستبەجێ پێی گوتم: ”ئەك لەو درۆیە“ منیش گوتم: ”بۆچی درۆیە؟“
گوتی: ”ئەی چۆن درۆ نیە! ئاخر باشە ورچ چۆن قسە دەكات؟ تۆ ئەم درۆیانە چیە بۆ منی دەكەیت؟“

جا ئێستاش لەو كاتەی كە جووڵانەوەی نەوەی نوێ كە من لەمێژە ناوم ناوە (جوڵانەوەی عەبەشەكەنەی نوێ) لەبەرئەوەی قەرزداری خەڵك و حكوومەتی ھەرێمی كوردستانە، زەویەكانی چاڤی لاند ھەراج دەكات و دەیفرۆشێت، لەم كاتەدا دەڵێن: ”پارتی لەڕێگەی ھەندێك داوودەزگای خۆیەوە، نائومێدی لەناو خەڵكدا بڵاو دەكاتەوە بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان نەكرێن!“ و ھەروەك خۆیشیان دەڵێن: ”دەسەڵات! لەوە دەترسێت كە لە ھەڵبژاردنەكانی ئەمجارەدا كەسێكی بێلایەن بكرێتە سەرۆكوەزیران!“ منیش مەگەر ھەروەك چیرۆكی ورچەكەی ھەیبەت سوڵتان كە بۆ كوڕەكەی خۆم باس كرد و ئەویش دەستبەجێ پێی گوتم ئەك لەو درۆیە! منیش بە جووڵانەوەی عەبەشەكەنەی نوێ بڵێم: ”ئەك لەو درۆیە!“ چونكە:

1- سەرۆكی ھەرێمی كوردستان كە لەڕووی حزبیەوە جێگری سەرۆكی پارتییشە، بە فەرمانێكی ھەرێمی كە لە 24–2-2022 دەریكرد، ڕۆژی 1-10-2022ی وەك ڕۆژی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان دیاری كرد.

2- ئەوەندەی پەیوەندیی بە حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیشەوە ھەبێت، سەرۆكی حكوومەت كە لە ڕووی حزبیەوە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتییشە، ھەموو ئەو داوودەزگا حكوومییانەی كە پەیوەندییان بە ھەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستانەوە ھەیە، ڕاسپاردووە تا گشت پێداویستی و تەداروكاتی ئەو ھەڵبژاردنە ساز و ئامادە بكەن بۆ ئەوەی ئەو ھەڵبژاردنانە لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا بكرێت.

3- جێگری سەرۆكی پەرلەمان و فراكسیۆنی پارتی، ئەوەندە جەختیان لە پێویستیی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان لە كاتی خۆیدا كردەوە كە پێش ھەوڵەكانی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی، زیاتر لە جارێك گوتیان بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنەكان لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا بكرێت، ئەگەر ناچار بین پەنا بۆ بەكارھێنانی زۆرینەی پەرلەمانی دەبەین.

ئەی باشە ئیتر چۆن پارتی دەچێت نائومێدی بەناو خەڵكدا بڵاو بكاتەوە بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان لە كاتی خۆیدا نەكرێت؟ دیسان مەگەر بە جووڵانەوەی عەبەشەكەنەی نوێ بڵێمەوە: ”ئەك لەو درۆیە!“ باشە ئەو درۆیانە چیە جووڵانەوەی عەبەشەكەنەی نوێ بۆ ئێمەی دەكات؟