گەنجینەکانی وەزارەتی دارایی لیستی مووچەی مانگی پێنجیان ئامادە کردووە و گوتەبێژی حکوومەتیش ڕایگەیاند، 30 ڕۆژ جارێك مووچە بە ڕێژەی سەداسەد دابەش دەکەن.
د. جووتیار عادل، گوتهبێژی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگهیاند: "خەڵک و فەرمانبەرانی کوردستان دڵنیا دەكەینەوە، پشتیوان بە خودا، هەموو 30 ڕۆژ جارێك مووچە بە ڕێژەی سەداسەد دابەش دەکەین و وەکوو حکوومەت بۆ دابینکردنی بودجە بۆ مووچە درێغی ناکەین".
گوتیشی: "ئەگەر نرخی نەوت دانەبەزێت کێشەی مووچەمان نەماوە، بەڵام داهاتی نانەوتی کەم و زیاد دەکات، بۆ نموونە، لە بەرژەوەندیی خەڵکی کەمدەرامەت باجمان لەسەر ژمارەیەکی زۆری خۆراک هەڵگرتووە، نرخی نەوتیش ئێستا باشە، بەڵام ئەویش هەڵبەز و دابەز دەکات، بەگشتی حکوومەت زۆربەی داهاتی خۆی بۆ مووچە تەرخان دەکات".
بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز)، وەزارەتی دارایی دەستی بە ئامادەکاری كردووە بۆ مووچەی مانگی پێنج و گەنجینەکان لیستی مووچەی وەزارەت و فەرمانگەکانیان وردبینی کردووە.
بەرپرسی گەنجینەیەک بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لیستی مووچەی مانگی پێنج ئامادە کراوە و چاوەڕوانی فەرمانی وەزارەتی دارایی دەکەین".
بەپێی زانیارییەکان، چاوەڕوان دەكرێ ئەم مانگە زووتر دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت.
شایانی باسه، ڕۆژی 9ی5ی 2022، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی چوار کراوە و ڕۆژی 30ی 5 کۆتایی بە دابەشکردنی دێت.