عێراق بە بودجەی نەنێردراوی كوردستانەوە، یەدەگی بانكی ناوەندی دەگەیەنێتە 90 ملیار دۆلار
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

عێراق بە بودجەی نەنێردراوی كوردستانەوە، یەدەگی بانكی ناوەندی دەگەیەنێتە 90 ملیار دۆلار

 

وەزیری دارایی عێراق ئاشكرای كرد، چاوەڕوان دەكەن تا كۆتایی ئەمساڵ، بڕی یەدەگی دراوی بیانی لە بانكی ناوەندی بۆ 90 ملیار دۆلار بەرز بكەنەوە، لە كاتێكدا زانیارییەكان دەریدەخەن بەشێكی زۆری ئەو پارەیەی عێراق وەك یەدەگی بانكی ناوەندی سەیری دەكات، بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانە كە لە ساڵی 2014ەوە بە نایاسایی دەستی بەسەردا گرتووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی ئایاری 2022، عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق بە میدیای فەرمیی وڵاتەكەی رای گەیاند، پێشبینی دەكەن تا كۆتایی 2022، بڕی یەدەگی دراوی بیانی لە بانكی ناوەندی بۆ 90 ملیار دۆلار بەرز ببێتەوە، هۆكارەكەشی بۆ دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریكی (كە هاووڵاتیانی عێراقی باجەكەیان دا و نرخی كاڵاكان زۆر بەرز بووەوە) و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و گونجاندنی ئیدارەدانی دارایی گەڕاندەوە.

ئەوەشی ئاشكرا كرد كە لە كۆتایی مانگی نیسانی رابردوودا یەدەگی دراوی بیانی لە بانكی ناوەندیی عێراق 70 ملیار دۆلار بووە.

چاودێران و ئابووریناسان پێیانوایە، هۆكاری سەرەكیی بەرزبوونەوەی یەدەگی دراوی عێراقی لە بانكی ناوەندی، نەناردنی مووچەی خەڵكی كوردستان و بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانە لە ساڵی 2014ەوە تا ئێستا.

بە گوێرەی ڕێككەوتنێكی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لەو سەردەمەی ئەیاد عەللاوی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو، پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق 17% بووە، تا ئەوكاتەی سەرژمێریی گشتی دەكرێت. بەڵام تا ئێستا سەرژمێری نەكراوە و بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی كوردستانیش بەردەوام ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ”عێراق هیچ ساڵێك پابەندی ئەوە نەبووە كە 17%ی بودجە بداتە هەرێمی كوردستان".

لە سەرەتای مانگی ئاداری رابردوو، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد كە ئەو پارەیەی بۆ هەرێمی كوردستان نێردراوە، تەنیا 5%ی داهاتی گشتیی عێراق بووە و 95%یشی بۆ عێراق بووە.
بە گوێرەی زانیارییەکان تا ساڵی 2013، بەرزترین پشكی هەرێمی كوردستان كەمتر لە 14 تریلیۆن و پێنج سەد ملیار دینار بووە.

لە رۆژی 6ی 3ی 2022، ڕامی موحسین، شارەزای ئابووریی عێراق بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، لە ساڵی 2014 هەرێم دوو تریلیۆن و 287 ملیار دیناری بۆ نێردراوە. لە ساڵی 2015 دوو ترلیۆن و 502 ملیاری بۆ نێردراوە و لە ساڵانی 2016 و 2017 هیچ پارەیەک نەنێردراوە. هاوکات لە 2018 دوو تریلیۆن و 862 ملیار دینار نێردراوە و لە 2019 پێنج تریلیۆن و 444 ملیار دینار نێردراوە و لە 2020 دوو تریلیۆن و 402 ملیار نێردراوە و تا مانگی 11ی 2021یش 803 ملیار دینار بۆ هەرێم نێردراوە.

هەر لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رای گەیاند: ”باس دەكەن بە حیساب 64 ملیار دۆلار یان زیاتر یەدەگ ئێستا لە عێراقدا هەیە، دەمەوێت بپرسم ئەم یەدەگە لە كوێ هاتووە؟ ئایا بەشێكی ئەو بڕە پارەیە نییە كە هی هەرێمی كوردستانە و بۆ ئێمە نەنێردراوە؟ بە ناوی یەدەگ هەڵیانگرتووە و بۆ ئێمەیان نەناردووە؟ ئەی ئەو هەموو ساڵە ئەو هەموو پارەیەی بۆ هەرێمی كوردستان نەنێردراوە، چی لێ هاتووە؟ خۆ ئەوە هەمووی ئیلتزاماتی حكوومەتی فیدراڵییە، ناكرێت باسی ئەوە بكرێت كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پابەندیی لە ئەستۆیە، بەڵام حكوومەتی فیدراڵی هیچ پابەندییەكی لەسەر نییە".