لە چوارچێوەی کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییه گشتییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەست دەکرێت بە کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سۆران و بەشێوەیەکی فەرمی کەسێک بۆ ئەو پۆستە دیار کرا.
م. هەژار حەکیم، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “دوای کردنەوەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەلایەن ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەست کراوە بە کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان، لەئێستاشدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکرێتەوە و سەرپەرشتیی سنووری هەر چوار قەزاکانی (سۆران، مێرگەسۆر، رواندز، چۆمان) دەکات".
ئاشکراشی دەکات، ڕەزامەندی دەرچووە، کە (خەسرۆ ئیسماعیل) بەڕێوەبەری تۆمارکردنی خانووبەرەی سۆران، وەک بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەستبەکار بێت.