ده‌زگای رۆشنبیری و راگه‌یاندنی پارتی راگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ده‌زگای رۆشنبیری و راگه‌یاندنی پارتی راگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە

ئەمڕۆ سێشەممە ده‌زگاى رۆشنبیری و راگه‌یاندنى پارتى دیموكراتى كوردستان راگەیەندراوێكی لەبارەی هێرشەكەی ئەمڕۆی پەكەكە بۆ سەر بنكه‌یەکی په‌خشی دەزگاکە له ‌(چیای بێخێر) لە نێوان شاری دھۆک و زاخۆ بڵاو كردەوە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە "پاش نیوەڕۆی ئه‌مڕۆ چەکدارانی پەکەکە لە رێگای مووشەکەوە ھێرشێکی ترسنۆکانەیان کردە سه‌ر بنكه‌یەکی په‌خشی دەزگاکەمان له‌ (چیای بێخێر) لە نێوان شاری دھۆک و زاخۆ، كه‌ بەھۆیەوە زیانێکی زۆری مادی به‌ر باڵه‌خانه‌ و ئامێرەکانی بنكه‌کە گەیشت و بووە ھۆی وەستاندنی پەخشی رادیۆی دھۆک و کەناڵی دھۆک تیڤی و رادیۆی زاخۆ و کەناڵی دەلال تیڤی و، چەند رادیۆ و کەناڵێکی دیکە کە لە رێگای ئەو بنکەیەوە پەخشی بەرنامە و پڕۆگرامەکانیان بۆ ئەو دەڤەرە دەکەن".

راگەیەندراوەكە دەڵێ "له‌ كاتێكدا ئێمه‌ ئه‌م كرده‌وه‌ ترسنۆکانەیە‌ به‌توندترین شێوه‌ ریسوا و شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین، رای ده‌گه‌یەنین كه‌ به‌ ئامانجگرتنی بنكه‌ی په‌خش و کەناڵە میدیاییەکانی دەزگاکەمان جگه‌ له‌ ترس و تۆقینی په‌كه‌كه‌ له‌ ده‌نگی دلێر و بوێر و راستبێژی راگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، مانایه‌كی تر ناگه‌یەنێت".

دەشڵێ "هه‌وڵی نه‌زۆكی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ بۆ كپكردنی ده‌نگی حه‌قبێژان و ده‌نگی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی میدیاکار و راگەیاندنەکانی پارتی، بۆ په‌رده‌ پۆشكردنی كارە نایاسایی‌ و داگیركارییه‌كانیانه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆیه‌ ترسنۆكانه‌ په‌لاماری یه‌كێ له‌ بنکه‌ ھەرە پێشکەوتووەکانی په‌خشی ده‌زگای رۆشنبیر و راگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌دەن كه‌ ئه‌م بنكه‌یه‌ جگه‌ له‌ بنكه‌یه‌كی په‌خشی میدیایی، نیشانه‌ی شارستانی و پێشكه‌وتنی هه‌رێمی كوردستانه‌ و، هیچ به‌هانه‌یه‌ك نیه‌ بۆ به‌ئامانجگرتنی. ھەروەکو ئاشكرایه‌ ئه‌و كرده‌وه‌ ناڕەوایەشیان نیشانه‌ى داڕمان و شكستی بەرنامە و فکری بەسەرچووی‌ ئه‌و تاقمه‌‌ سه‌رلێشێواوه‌یه‌، كه‌ په‌نا بۆ هه‌موو كارێكی نامرۆڤانە و نایاسایی ده‌به‌ن بۆ گه‌یشتن به‌ مه‌رامه‌ تاوانكاریی و داگیركارییه‌كانیان".

ده‌زگاى رۆشنبیری و راگه‌یاندنى پارتى لە كۆتاییدا جارێكی دیکە كرده‌وه‌كەی پەكەكەی ریسوا و مه‌حكوم كردووە و داوا له‌ چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ ده‌كات ده‌ست له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵگرن و چیتر نەبنە ھۆکاری ھەڕەشە و ناسەقامگیری.