خۆڵبارین یه‌كێكه له دیارده سروشتییه‌كان كه له‌گه‌ڵ دروستبوونی گۆی زه‌ویدا هه‌بووه و ده‌مێنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا ڕووده‌دات و به‌شێوه‌یه‌كی زۆر دووباره ده‌بێته‌وه، ناسروشتییه، ئەمەش به‌هۆی كه‌می باران بارین و وشكهساڵییهوهیه، كە خۆی ده‌بینێته‌وه له زه‌قبوونه‌وه‌ی دیارده‌ی قه‌تیسبوونی گه‌رمی و دیارده‌ى گه‌رمبوونى گۆی زه‌وی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له عێراق ڕووده‌دات، له هۆكاری قه‌تیسبوونی گه‌رمی زیاتره، ئه‌ویش گهندهڵیكردنه له پرسه ژینگه‌ییه‌كان، وه‌ك سێكته‌ره‌كانی تری ده‌وڵه‌تی عێراق.
خۆڵبارین چیه؟
خۆڵبارین بریتییه له به‌رزبوونه‌وه‌ی وردیله‌ی پێكهاته‌ی خاك كه نیوه تیره‌یان له 50 مایكرۆن – 500 مایكرۆنە، به‌هۆی هه‌ڵكردنى با له ناوچه بیابانه‌كانی ناوه‌ڕاست و خواروو و ڕۆژئاوای عێراقه‌وه، ئه‌ویش به‌هۆی چه‌ند هۆكارێكی سروشتی و مرۆیی دروست ده‌بێت.
هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كان بریتیین له كه‌مبوونه‌وه‌ی باران بارین و دووباره‌بوونه‌وه‌ی وشكه‌ساڵی له‌و ناوچانه كه وا ده‌كات جێگیری خاك كه‌م ببێته‌وه و یه‌كگرتوویی پێكهاته‌كه‌ی له ده‌ست بدات، بای هاتوو به ئاسانی له‌گه‌ڵ خۆیدا خۆڵ و لم و پێكهاته‌كانى خاك هه‌ڵبگرێت و ده‌توانێت بۆ به‌رزی 1,6 كم به‌رزی بكاته‌وه و زیاتر له 500 كم بیگوازێته‌وه و به‌ره‌و هه‌رێمی كوردستانی بهێنێت، هۆكاری دووه‌م سروشتییه، ئه‌ویش به‌هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی به‌رگی ڕووهكییه له‌و ناوچانه كه وا ده‌كات به ئاسانی ده‌نكۆڵه‌ی خاك هه‌ڵبگیرێت و بگوازرێته‌وه، هه‌روه‌ها هۆكاری مرۆیی زۆرن له‌وانه به‌كارهێنانی ئه‌و شوێنانه وه‌ك له‌وه‌رگا به‌هۆی هاتوچۆكردنی ئاژه‌ڵداران و ئاژه‌ڵ و خواردنی ئه‌و گژوگیایه‌ی كه ڕواوه و كه‌م ببێته‌وه، ئه‌وه‌ش كرداری داماڵین و داخورانی خاك زیاد ده‌كات.
هه‌روه‌ها هۆكارێكی دیكه‌ی مرۆیی زۆربوونی دیارده‌ی ترشهبارانە كه وا ده‌كات ڕێژه‌ی داماڵین و داخورانی خاك زیاتر بێت، هۆكاری سێیه‌میش دابه‌زین و كه‌مبوونی ئاوی ژێر زه‌وییە، هۆكاری چواره‌م زیاد كێڵانی ناوچه‌ی نزیك ناوچه بیابانهكانە. هۆكاری پێنجه‌م، ڕوودانی شهر و شۆڕی زۆر له‌و ناوچانه كه وا ده‌كات هاتوچۆی زۆر له‌و ناوچانه هه‌بن ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی داماڵین و شلبوونه‌وه‌ی چینی سه‌ره‌وه‌ی خاك، به گوێره‌ی توێژینه‌وه‌كان هۆكاری شه‌ڕ و شۆڕ له‌و ناوچانه‌ی كه كه‌ش و هه‌وایان وشكه، ساڵانه به‌هۆی چالاكی مرۆیی نزیكه‌ی 3000 تریلیۆن تۆن خۆڵ ده‌جوڵێنرێت، بۆیه لێره‌وه زیاتر ده‌رده‌كه‌وێت كه هۆكاره‌كان زیاتر مرۆیین و مرۆڤ وای كردووه كه ئه‌و دیارده سروشتییه زۆر دووباره ببێته‌وه.
به گوێره‌ی ئاماری به‌رده‌ستی ساڵانی پێشوو (ده‌زگای كه‌شناسی عێراقی) له ماوه‌ی ساڵانی 1950 - 1990، به شێوه‌یه‌كی مامناوه‌ند له ساڵێكدا 24 ڕۆژ خۆڵبارین هه‌بووه، له ساڵی 1990 - 2000 به‌رز بووەته‌وه بووەته 50 جار، به‌ڵام له ساڵی 2013 بووەته 122 جار و له ساڵی 2018 بووەته 150 ڕۆژ، پێشبینی ده‌كرێت له ساڵی 2050 ڕێژه‌كه به‌رزببێته‌وه بۆ 300 ڕۆژ له ساڵێكدا.
له ساڵی 2001 توێژه‌ری ئه‌مریكی والترویلكرسون توێژینه‌وه‌یه‌كی بۆ چاودێریكردنی ئه‌و شوێنانه ئه‌نجام دا كه هۆكارن بۆ خۆڵبارین و هه‌ڵسا به‌ده‌ستنیشانكردنی 14 شوێن له ناو عێراق و وڵاتانی ده‌وروبه‌ری كه هۆكارن بۆ دروستبوونی خۆڵبارین ئه‌مه‌ش له ناوه‌وه‌ی عێراق، سعوودیه، كوێت، ئێران، سووریا و ئوردن هه‌روه‌ك له نه‌خشه‌ى ژماره یەك ئاماژه‌ى پێدراوه.
لێره‌دا ئاماژه به هه‌ندێك پارێزگا و شوێن ده‌ده‌ین كه بوونه‌ته شوێنی بیابان له ناو عێراق، پارێزگای ئه‌نبار 105000 كم، به‌سرا 95000 كم، میسان 24000 كم، بابل 130000كم، زی قار 13850كم، موسه‌نا 18000كم، نه‌جه‌ف 875200كم.
زیادبوونی ڕێژه‌ی زه‌وی به بیابانبوون هۆكاره بۆ زۆربوونی دووباره‌بوونه‌وه‌ی خۆڵبارین له ڕۆژانی ساڵدا، ڕێژه‌ی زه‌وی به بیابان بوو له عێراق بۆ 54%ی كۆی گشتیی زه‌وی عێراق له 30 ساڵی داهاتوودا، هه‌رچه‌نده عێراق له ساڵی 2009 چووەته ناو په‌یماننامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی به بیابانبوون كه له ساڵی 1994 مۆر كراوه و له ساڵی 2021 چووەته ناو په‌یماننامه‌ی پاریس بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گۆڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌وا، به‌ڵام به‌هۆی خه‌مساردی و بوونی گه‌نده‌ڵییه‌كی زۆر له دام و ده‌زگاكانی حكوومه‌تی عێراقی و پشتگوێخستنی ژینگه‌ی عێراق له لایه‌ن به‌رپرسانه‌وه دۆخی ژینگه‌ی عێراق به‌م دۆخه گه‌یشتووه، چونكه له ڕێگه‌ی پڕۆگرامی نه‌ته‌وه یهكگرتووهكانههوه له ساڵی 2007 – 2018 زیاتر له 186 ملیۆن دۆلار بۆ 16 پڕۆژه‌ی ژینگه‌یی په‌یوه‌ست به به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی به بیابانبوون خه‌رج كراوه ئه‌مه‌ش له ڕێگای شەش وه‌زاره‌تی حكوومه‌تی عێراقه‌وه، به‌ڵام یه‌ك دانه‌ی لێ جێبه‌جێ نه‌كراوه و پاره‌كه‌یشی دیار نه‌ماوه، گرنگترینیان بریتی بوو له جێگیركردن و كپكردنی گرده لمییهكانی بیابانه‌كان و چاككردن و باشكردنی خاك و دروستكردنی چه‌ندین كه‌ناڵی ئاودێری بۆ به‌راوكردنی ئه‌و ناوچانه و زیادكردنی به‌رگی ڕووهكی له‌و ناوچانه دروست كردنى پشتێنه‌ى سه‌وزى نیشتیمانى عێراقى كه به درێژایى زیاتر له 1000كم له بیابانهكاتى به‌سره‌وه ده‌ستى پێده‌كرد تاوه‌كو نزیك ره‌بیعه له موسڵ بهپانتایى 5-12كم چه‌ندین پڕۆژه‌ى كشتو‌كاڵى و نیشته‌جێ بوون كارگه‌ى تێدابوو كه ده‌بووه دروستكردنى چه‌ندین هه‌لى كار به‌لام به داخه‌وه لهبهرگهندهلى نه‌كرا پشت گوێ خراو وه‌ك هه‌موو بابه‌ته‌كانی تر گوندهڵی لێكرا هه‌روه‌ك له نه‌خشه‌ى ژماره 2و3 له‌خواره‌وه ڕوونكراوه‌ته‌وه.
نه‌خشه‌ی ژماره 2: پشتێنه‌ی سه‌وزی نیشتیمانی پێشنیاركراو بۆ عێراق
نه‌خشه‌ی ژماره 3: ده‌ریاچه‌ی پێشنیاركارو له بیابانه‌كانی عێراق
زه‌ره‌ر و زیانی خۆڵبارین زۆرن گرنگترینیان:
په‌كخستنی گه‌شتی فرۆكه‌خانه‌كان و زیان گه‌یاندن به ماڵ و موڵكی گشتی و هاووڵاتییان و زیانگه‌یاندن به كه‌رتی كشتوكاڵ و بیابان بوونی هه‌وا و زیادبوونی به‌كارهێنانی ئاو و زیان گه‌یاندن به په‌یكه‌ری چیمه‌نتۆی تازه، سه‌ڕه‌ڕای بوونی ئه‌و زیانانه چه‌ند سوودێكیشی هه‌یه له‌وانه ده‌بێته هۆی به پیتكردنی خاك له ڕێگای هێنانی پێكهاته‌ی نوێ بۆ خاك ڕوودانی كرداری پیتاندنی ڕووهكی و بردنی هه‌ندێك مادده‌ی وه‌ك ئاسن و زنك بۆ ناو ده‌ریاكان.
چۆنیه‌تی كه‌مكردنه‌وه‌ی دیارده‌ی خۆڵبارین، پێویسته ئه‌م ڕێكارانه بگیرێته‌به‌ر:
یه‌كه‌م، ڕێكاری ته‌كنیكی كه بریتییه له چاككردنی زه‌وی ئه‌و ناوچانه و چاندنی به ڕووه‌ك و جێگركردنی گرده لمییهكانی بیابانه‌كان و به‌كارهێنانی ڕێگای كێڵانی باش به جۆرێك كه خه‌تی كێڵان پێچه‌وانه‌ی ئاڕاسته‌ی بای هاتوو بێت، ئه‌و زه‌ویانه هه‌ر چوار وه‌رزی ساڵ به به‌روبوومی وه‌رزی بچێندرێت.
دووه‌م، ڕێكاری ئابووری هاندانی جووتیاران و وه‌به‌رهێنه‌ران بۆ زیادكردنی جووڵه‌ی ئابووری له‌و ناوچانه.
سێیه‌م، ڕێكاری كۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌ویش له ڕێگای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌ژاری و چاككردنی ژیان و گوزه‌رانی دانیشتووانی ئه‌و ناوچانه به‌تایبه‌ت ئاژهلداران و جووتیاران .
چواره‌م، ڕێكاری یاسایی ئه‌ویش ڕێگه نه‌درێت ئه‌و ناوچانه ده‌ستكاری بكرێت و خه‌ڵك لێیه‌وه كۆچ نه‌كات.
پێنجه‌م: ڕێكاری نێوده‌وڵه‌تی هاندانی دراوسێكانی عێراق بۆ چوونه ناو په‌یماننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی په‌یوه‌ست به ژینگه و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی به بیابان بوون.
سه‌باره‌ت به هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت چی بكرێت؟
چونكه هه‌رێمی كوردستان وه‌رگره و سه‌رچاوه نییه، بۆیه ده‌بێت هه‌ماهه‌نگی باش بكرێت له‌گه‌ڵ ده‌زگا فیدڕاڵییه‌كان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی وشكه‌ساڵی و زیادبوونی به بیابان بوون، چونكه پێویسته ڕێگری له خۆڵبارین له‌سه‌رچاوه‌كه‌یه‌وه بكرێت ئه‌گه‌ر نه‌كرێت ئێمه هه‌ر هه‌وڵێك بده‌ین له شوێنی خۆمان ئه‌نجامێكی ئه‌وتۆی نابێت، بۆیه ده‌بێت ئه‌و بابه‌ته زۆر به جدی كاری له‌سه‌ر بكرێت و له‌گه‌ڵ ده‌زگاكانی حكوومه‌تی فیدڕاڵ.
نزیكه‌ی دوو ساڵه ناوچه‌كه ڕووبه‌ڕووی وشكه‌ساڵی بووه‌ته‌وه و له‌وانه‌یه درێژه‌ی هه‌بێت بۆ ساڵانی داهاتوو، ئه‌مه‌ش كاره‌ساتی ژینگه‌یی و مرۆیی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، چونكه زه‌وی كشتوكاڵی له ساڵانی 2020 – 2021 به ڕێژه‌ی 50% له عێراق دابه‌زیوه و ڕیژه‌ی ئاوی عێراقیش بۆ 50% دابه‌زیوه، پێویسته له‌سه‌ر دام و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كار بكه‌ن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی وشكه‌ساڵی و دیارده‌ی خۆڵبارین، ئه‌مه‌ش به زیادكردنی پشتێنه‌ی سه‌وزایی له ده‌وروبه‌ری شاره‌كان و هاندانی جوتیاران بۆ چاندنی زه‌وییه‌كانیان له هه‌موو وه‌رزه‌كانی ساڵ، هه‌روه‌ها هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ دام و ده‌زگاكانی حكومه‌تی عێراقی بكه‌ن و ریژه‌ی سه‌وزایی زیاد بكرێت، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی جێگیركردنی خاك وچونكه ڕووه‌ك خۆی وه‌ك فلته‌ری هه‌وا كار ده‌كات و ده‌بێته هۆی سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ زیادبوونی شێ له هه‌وای له ناوچه‌كه و وا ده‌كات ته‌پ و تۆز بنیشێت.
له كۆتاییدا پێشنیار ده‌كه‌م حكوومه‌تی هه‌رێمی هه‌ر كه‌سێك خانوو یاخود باڵه‌خانه و كارگه‌یه‌ك دروست بكات یاخود هه‌ڵسا به ئه‌نجامدانی پڕۆسه‌ی هاوسه‌رگیری یان منداڵی له دایك بوو یان هه‌ر بۆنه‌یه‌كی تر، هان بدرێت ڕووه‌ك بچێنن، به‌ڵام ئه‌و جۆرانه‌ی كه له‌گه‌ڵ كه‌ش و هه‌وای شوێنه‌كه گونجاوه و حكوومه‌ت خۆی شوێنێك ته‌رخان بكات بۆ نمونه له هه‌ولێر لای خۆرهه‌ڵات له به‌رزاییه‌كانی كه‌سنه‌زان و له رۆژئاواى هه‌ولێر له به‌رزاییه‌كانى دهمرداغ و تاوه‌كو زورگه‌زراو و ڕووه‌ك بچێندرێت، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێت حكوومه‌ت هاووڵاتیان ناچار بكات، ئه‌مه‌ش له زۆر وڵاتان ده‌كرێت.
* د.مەسعود حسێن حەمید، پسپۆری بواری ژینگه و ئاوە.