لە شنگالەوە تا گەرمیان، بارەگاكانی پەكەكە بوونەتە مەترسی لەسەر ژیانی خەڵك
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

لە شنگالەوە تا گەرمیان، بارەگاكانی پەكەكە بوونەتە مەترسی لەسەر ژیانی خەڵك

چاودێرێکی سیاسی: پەکەکە سەرەخۆرەیە و نابێ لەبەر ململانێی سیاسی دەرفەتی پێ بدرێت

لە شنگالەوە تاوەکوو گەرمیان، بارەگاکانی پەکەکە و جووڵەی چەکدارەکانیان، بوون بە مەترسیی گەورە لەسەر ژیانی هاووڵاتییانی هەڕیمی كوردستان، چاودێرێکی سیاسییش ئاماژە بەوە دەكات، کە ”پەکەکە سەرەخۆرەیە و هەر هێز و لایەنێک دەرفەتی پێ بدات، زیانی گەورە لە خۆی و خەڵکی هەرێمی کوردستان دەدات.“

پەکەکە لە باکوورەوە بۆ هەرێمی کوردستان

پەکەکە لە پارتێکی چەکداری باکووری کوردستانەوە، ئێستا تەواوی چالاکییەکانی بە کردنەوەی دەیان بارەگا لە شنگالەوە تاوەکوو خانەقین، بۆ هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان گواستووەتەوە، ئەوەش مەترسیی گەورەی خستووەتە سەر ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنی، چونكە بوونی بارەگاکانیان و جووڵەی چەکدارەکانیان، بەتایبەتی لە سنووری شنگال و گەرمیان و دەڤەری ڕاپەڕین، ترسی زۆری خستووەتە دڵی هاووڵاتییان و دانیشتوانی ئەو ناوچانە، چونکە ئەوە چەندین جارە لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، بارەگاکانی پەکەکە و جووڵەی بەرپرس و چەکدارەکانیان دەکرێنە ئامانج.

بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز)، پەکەکە لەناو سەنتەری شنگال تا ئێستا دەیان بارەگای ماوە و تەنانەت بینای بنکەی پۆلیسی ئەو شارە بەدەستی چەکدارانی پەکەکەوەیە، لەناو شاری سلێمانی و کەلار و کفری و ڕانیە و قەڵادزێش چەندین بارەگای پەکەکە بە ناو و ئاڵای جیاوازەوە هەیە.

جگە لەوەش، بەپێی زانیارییەکان، پەکەکە لە ڕێگەی ڕۆژئاوای کوردستانەوە بەردەوامە لە بردنی ھێز بۆ شنگال، ھەروەھا بۆ بریندارەکانیان نەخۆشخانەکانی شنگال بەکار دەھێنن، کە ئەوەش مەترسییەكی جدییە بۆ سەر دانیشتوانی شنگال، چونکە پێشتریش بۆردومانی ئەو نەخۆشخانەیە کراوە.

پەکەکە سەرەخۆرەیە

شێرزاد زەکەرییا، چاودێری سیاسی و مامۆستای زانکۆ لە زاخۆ، لەمبارەیەوە بۆ (باسیوز) ڕایگەیاند: ”پەکەکە سەرەخۆرەیە و تەنانەت ئەو هێز و لایەنانەی لەبەر ململانێی سیاسی دەرفەتی پێدەدەن، دەبێت ئەوە بزانن، کە دواجار ئەو دەرفەتدانە بە زیانی خەڵک و حزبەکانی خۆیانە.“

گوتیشی: ”عێراق و هەرێمی کوردستان سەروەریی خۆیان هەیە و پەکەکە هێزێکی دەرەوەی عێراق و هەرێمی کوردستانە، کەوابێت بوونی پەکەکە لەو ناوچانە پێشێلکارییە بەرامبەر بە سەروەریی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەگەر عێراقیش بیەوێ دراوسێی تورکیا بێت، ئەوە دەبێ ناوچەکانی خۆی بپارێزێ، عێراق کە یاسای تایبەت بە حزب و هێزی چەکداری هەیە، یاسا و دەستووری عێراق هیچ دەرفەتێکی بۆ بوونی پەکەکە تیادا نییە، کەوابێت بە هەموو پێوەرێك بوونی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا نایاساییە، ئەوەش مەترسیی گەورەی هەیە لەسەر پەیوەندیی تورکیا لەگەڵ عێراق لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە مەترسیی هێرشی تورکیا هەیە بۆ سەر بارەگا و جووڵەی چەکدارانی پەکەکە، کە ئەوەشیان ئاسایشی نەتەوەیی دەخاتە مەترسییەوە و ژیانی هاووڵاتییان تێکدەدات.“

ئەو چاودێرە جەختی لەوەش کردەوە، کە ئێستا پەکەکە هەرێمی کوردستانی خستووەتە مەترسییەکەوە کە هیچ دەستکەوتێکی تیادا نابێت، گوتیشی: ”پەكەكە بووەتە هێزێک بۆ راکێشان و فراوانکردنی دەسەڵات و هەژموونی تورکیا لە ناوچەکە، ئەگەر پەکەکە مەبەستی خەباتە بۆ مافەکانی گەلی کورد لە باکووری کوردستان، ئەوە شوێنی خەباتی پەکەکە دیارە و دەتوانێت لە رووی سیاسی و مەدەنییەوە خۆی لە باکووری کوردستان ڕێک بخاتەوە و بەدڵنیاییەوە کاریگەرییشی دەبێت، بەڵام ئەوەی ئێستا لە پەکەکە دەبینرێ، کار و کردەوەی جیاوازترە و بەتەواوی شوێنی خەباتی راستەقینەی خۆی جێ هێشتووە و ئەجیندای وڵاتانی داگیركەر لە هەرێمی كوردستان جێبەجی دەكات، پەكەكە بەڕاستی بووەتە کێشەیەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی هەرێمی کوردستان و ژیان و گوزەران و بژێویی خەڵكەكەی.“