سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر ئاشکرای کرد کە لە هەفتەی داهاتوو یەكەم بڕەپارەی تەرخانكراو لە فرۆشتنی زەوییەكان بە هەشتی حەسارۆک دەگات.
بەپێی راگەیاندراوێکی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر کە کۆپییەکی بە (باسنیوز) گەیشتووە و تێیدا هاتووە: "بۆ خێراگەیاندنی خزمەتگوزارییەكانی هەشتی حەسارۆک، سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو 29/5/2022، كاتژمێر 12ی نیوەڕۆ لە سەرۆكایەتیی شارەوانی هەولێر، بە ڕێگەی زیادكردنی ئاشكرا، فرۆشتنی ئەو زەوییانە ڕادەگەیەنرێت كە تەواوی پارەكەی بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بە هەشتی حەسارۆک تەرخان دەكرێت".
ئەوەش خراوەتە روو: "بەپێی ئاگادارییەكی (لیژنەی یەكەمی فرۆشتن و كرێدان)ی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر كە لە 26/4/2022 بڵاوكراوەتەوە، ئەو پارچە زەوییانەی لە خوارەوە ئاماژەیان پێ كراوە، بە ڕێگەی زیادكردنی ئاشكرا و بەپێی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2021، هەر كەسێک ئارەزووی بەشداریكردنی هەیە سەردانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بكات بۆ دانانی بارمتەی یاسایی بەڕێژەی 50% كەمتر نەبێت لە نرخی خەمڵێنراو".
هەروەها روونیشکراوەتەوە کە زیادكردنەكە لە 30ەمین ڕۆژی دوای بڵاوكردنەوەی ئەم ئاگەدارییە لە ڕۆژنامە لە كاتژمێر 12ی نیوەڕۆ دەست پێدەكات.
ژمارەی زەوییەكان:
1- 11561 /8ک 93حصاروک/ زەوی بازرگانی/ ڕووبەر: 3672 مەتر دووجا.
2- 11834 /8ک 93حصاروک/ زەوی بازرگانی/ ڕووبەر: 4752 مەتر دووجا.