كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
جەمال عەبدوڵا 24/05/2022

من پێتان دەڵێم، بۆچی پەنابەران لە بەریتانیا دەردەكرێن؟

دوای ئەوەی كە بەریتانیا بە بڕیاری خۆی بریار ئەوەی داوە كە ھەندێك لە پەنابەرانی ئەو وڵاتە بەزۆر بنیرێت بۆ ڕواندا، یان بیاننێرێتەوە بۆ وڵاتی خۆیان، چەند ڕۆژێكە سەیر دەكەم ڕۆژانە و بە بەردەوامی و ھەتا ئێستاش، ھەندێكی ناو خۆمان، ئەم بابەتە دەبەستنەوە بە سەردانەكەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ بەریتانیا، بە قسەی ئەوان گوایە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ بەریتانیا ڕێك كەوتووە تا حكوومەتی بەریتانیا ئەو بڕیارە بدات و ژمارەیەك لە پەنابەران كە كوردیشیان تێدایە، بەزۆر لە بەریتانیا دەربكەن.

ئەوە لە كاتێكدایە كە ئەگەر ئەوانەی ھەندێك تاقەتیان ھەبێت و بگەڕێنەوە سەر بەرنامە و چاوپێكەوتن و كۆبوونەوەكانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە بەریتانیا، جا لە بۆریس جۆنسۆنەوە بۆ خوارەوە ھەتا دەگاتە پانێڵەكەی چاتام ھاوس، جارێكی تر بۆیان دەردەكەوێت كە بەرنامە و ئەجێندا و باس و خواسەكانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە بەریتانیا، ئەو بابەتە ستراتیژی و سیاسییە گەورانە بوون كە پەیوەندییان بە ئایندەی نەك ھەر ھەرێمی كوردستان، بەڵكوو پەیوەندییان بە ئایندەی عێراق و بەشێكی گرنگ لە ناوچەكەشەوە ھەبوو، ھەر لە نەوت و غازەوە بگرە ھەتا دەگاتە سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سیستەمی سیاسیی عێراق و پێویستیی ڕێكخستنەوەی پەیوەندیی نێوان عێراق و كوردستان لەسەر بنەمای كۆنفیدراڵی.

جا ئێوە پێم بڵێن، ئەمە لە كوێ و ناردنەوە یان دەركردنی نزیكەی 50 پەنابەر لە بەریتانیا بۆ ڕواندا یان وڵاتانی خۆیان لە كوێ؟ نەك ھەر ئەمڕۆ، بەڵكوو چەندان ساڵە دوورونزیك و ئەوەندەی ئاشنایەتیم لەگەڵ سیاسەتەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەرامبەر بە كەیسی پەنابەرانی خۆمان لە وڵاتانی جیھان ھەبێت، لە یەك دێڕدا پوخت و كورت دەكرێتەوە، ئەویش ئەوەیە كە ”حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ ناردنەوەی بەزۆری پەنابەراندا نیە..) ئیتر ئاو بێنە و دەست بشۆ.

بەڵام وا ھەست دەكەم كە ھەندێك لەناو خۆماندا لە پەنا ئەم كەیسەوە و چونكە ھێلكە ھاویشتنەكە دادی نەدان و خۆیانی پێ ڕسوا بوون، ھەتا ئێستاش ھەر بیانەوێت لە گرنگیی ئەو سەردانەی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ بەریتانیا كەم بكەنەوە و بە قسەی خۆیان سەرۆكی حكوومەت بۆ ئەوە چووەتە بەریتانیا تا ھەندێك پەنابەری كورد لە بەریتانیا دەربكرێن!

بەشێك لەم كەسانە ھەرچەندە خۆیان كوردن و چەندین ساڵیشە لە ئەورووپان، لەپشت ئەم پڕوپاگەندەیە و گەورەكردنی ئەم بابەتەن، بەڵام ھێشتا شارەزای وردی ژیانی سیاسیی وڵاتانی ئەورووپا و ھۆكاری وردی ئەو گۆڕانكارییانە نین كە بەسەر یاسا و سیاسەتەكانی ئەو وڵاتانە لە بەرامبەر پەنابەران و كۆچبەراندا ھاتووە، ھێشتا وا دەزانن ئۆلۆف پاڵمەی سەرۆكوەزیرانی پێشووتری سوید لە ژیاندا ماوە و ھەر زۆر كلاسیكییانە بیر دەكەنەوە، بەڵام:

1- حەق وایە ئەو جۆرە كەسانە لەجیاتی ئەوەی لەگەڵ پەكەكە و ھەندێكی ناو خۆمان، سەر بنێن بەیەكەوە و خۆیان بە بڵاوكردنەوەی درۆودەلەسە و بوختان دژی كوردستان و بەتایبەتی دژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان خەریك بكەن، خۆیان بەو گۆڕانكارییە ئابووری و حزبی و سیاسییە گەورانەوە خەریك بكەن كە لە وڵاتانی ئەورووپا ڕوویان داوە، بەتایبەتی گۆڕانكاری لە سیاسەتەكانی كۆچ و كۆچبەران... فەرموون:

2- زیاتر لە پێنج ساڵە ڕەوتێكی ڕاستڕەو لە سەرتاسەری ئەورووپا بە بەریتانیاشەوە، دژی كۆچ و كۆچبەر و پەنابەران دروست بووە، ئەو رەوتە خۆیان لە چوارچێوەی چەندین حزبی سیاسیدا ڕێك خستووە و زۆر بەھێز و كاریگەریشن، تەنانەت ئەگەر ھەندێكیشیان حزبی حاكم نەبن لە وڵاتانی خۆیاندا، بەڵام لە حكوومەتی ئیئتیلافیدان لەگەڵ حزبی حاكمدا، یان ئۆپۆزسیۆنی زۆر بەھێزن و كاریگەریی زۆریان ھەیە لە داڕشتنی سیاسەتی نوێ و ھەمواركردنەوەی سیاسەت و یاساكان ڕووە و دژایەتیكردنی كۆچبەران و پەنابەران.

تەنانەت پرۆفیسۆری ھۆڵەندی لە زانستە سیاسییەكان مایندێرت فێنێما (Meindert Fennema) یەك ناوی بۆ ھەموو ئەو حزبانە لە ئەورووپا داناوە و پێیان دەڵێت: حزبەكانی دژە كۆچ ( Anti – immigration parties) و دەڵێت: ”ئەم حزبە ڕاستڕەوانە لە چوار ڕووەوە كۆچبەران بە مەترسی بۆ سەر خۆیان دەزانن، ئەوانیش بریتین لە: (كۆچبەران ھەڕەشە لە پێناسەی نەتەوەیی و نیشتیمانیی وڵاتانی ئەورووپا دەكەن، كۆچبەران ھۆكاری سەرەكیی تاوان و بێكارین لە وڵاتانی ئەورووپا، كۆچبەران ھەڕەشەن بۆ سەر ئاساییشی كۆمەڵایەتی، كۆچبەران ئەو یارمەتیە كۆمەڵایەتیانە خراپ دەقۆزنەوە و خراپ سوود لەو یارمەتیانە وەردەگرن كە دەوڵەتانی ئەورووپا بۆیان دابین كردوون.)

جا ئەم گوتارە سیاسییەی ئەو حزبە ڕاستڕەوانەی ئەورووپا، زۆر كاریگەریی لەسەر ھاووڵاتیانی ئەسڵی ئەورووپا و ڕای گشتیی ئەو ھاووڵاتیانە داناوە، بڕۆن سەیری ڕێژەی ئەو دەنگانە بكەن كە ماری لۆپینی كاندیدی بەرەی نیشتمانیی فەرەنسا كە حزبێكی ڕاستڕەوی دژی كۆچبەرانە، بكەن، ماری لۆپین نزیكەی لەسەدا 46ی دەنگەكانی بۆ سەرۆكایەتیی فەرەنسا لە بەرامبەر ماكرۆن ھێنا و ماكرۆن نەگەیشتە لەسەدا 59 جا ئایا ئەمە تەنانەت كاریگەرییشی نابێت لەسەر داڕشتنەوەی سیاسەت و ھەمواركردنەوەی یاساكانی تایبەت بە كۆچ و كۆچبەران و پەنابەران لە فەرەنسا لەلایەن ماكرۆنەوە؟

3- ئەوەندەشی كە پەیوەندیی بە بەریتانیاوە ھەبێت - چونكە بابەتەكە باسی ناردنەوە و دەركردنی بەزۆری پەنابەرانە لە بەریتانیا - با ئەوانەی كە دژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان خەریكی بڵاوكردنەوەی پروپاگەندەی ناڕاست و درۆودەلەسەن، ئاوڕێك لە شەش ساڵ لەمەوبەری ڕاپرسییەكەی بەریتانیا بۆ سەربەخۆیی و ھاتنەدەرەوەی بەریتانیا لە ئەندامێتیی یەكێتیی ئەورووپا بدەنەوە، كە نزیكەی لەسەدا 52 گوتیان (بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی و وازھێنان و ھاتنەدەرەوەی بەریتانیا لە یەكێتیی ئەورووپا، ئەو حزبەشی كە ڕۆڵی زۆر كاریگەر و گرنگی لە جۆشدانی ڕای گشتیی بەریتانیا ھەبوو بۆ دەنگدان بە (بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی بەریتانیا و ھاتنە دەرەوەی بەریتانیا لە یەكێتیی ئەورووپا، پارتی سەربەخۆیی بەریتانیا بوو، ئەم پارتەش یەكێكە لە پارتە ڕاستڕەوەكانی بەریتانیای دژی كۆچ و كۆچبەر و پەنابەران كە لە ھەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی ئەورووپا لە ساڵی 2014دا، نزیكەی لەسەدا 28ی دەنگی دەنگدەرانی بەریتانیای ھێنا و پێش ھەردوو پارتە كلاسیكییەكەی بەریتانیا كەوت، واتە پارتی كرێكاران و پارتی پارێزگاران.

جا ئەگەر لە سەدا 52ی بەریتانیەكان كە دەنگیان بۆ سەربەخۆیی و ھاتنەدەرەوەی بەریتانیا لە یەكێتیی ئەورووپا دابێت و لە سەدا 28یان كە سەر بە پارتی سەربەخۆیی بەریتانیان، ھەر زۆر بە ئاشكرا دژی كۆچ و كۆچبەران و پەنابەران بن و دژی ئەوە بن كە لە چوارچێوەی یەكێتیی ئەورووپادا لەگەڵ خەڵكی ئەورووپیی ئەسڵدا بژین، ئایا لەگەڵ ئەوەدا دەبن كە لەناو وڵاتی خۆیاندا لەگەڵ كورد و عەرەب و فارس و تورك و ئەفغانی و پاكستانیدا بژین؟

ئێوە واز لە ئەورووپا و بەریتانیاش بھێنن، ئەی باشە دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی پێشووی ئەمەریكاتان بیر نایەت كە دژی كۆچ و كۆچبەران دیواری لەنێوان خۆیان و مەكسیك دروست دەكرد و منداڵی لە دایك و باوك دادەبڕی؟ نازانم بۆچی من لەم ھەولێرەوە و بەم تۆز و خۆڵبارینە ئەم ڕاستیانەی ناو ئەورووپا دەزانم و لەبەرچاومن، كەچی ئەوانەی دژی كوردستان و حكوومەتی ھەرێمی كوردستانن، ھەر خەریكی بوختان دروستكردنن لەو كەشوھەوا ساف و بێگەردەی ئەورووپادا ئاگایان لەو گۆڕانكاری و لەو ڕاستییە سیاسییانەی تایبەت بە ژیانی حزبی و حكوومیی ئەورووپا نیە؟