مامۆستایەكی زانكۆ پێشنیازه‌كانی بۆ چاره‌سه‌ری وشكه‌ساڵی ده‌خاته‌ ڕوو
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

مامۆستایەكی زانكۆ پێشنیازه‌كانی بۆ چاره‌سه‌ری وشكه‌ساڵی ده‌خاته‌ ڕوو

 "له‌ كۆی سێ ملیۆن دۆنمی ده‌غڵ، ڕه‌نگه‌ ملیۆنێك دۆنم به‌رهه‌می هه‌بێ" 

مامۆستایەكی زانكۆ، ئەوە دەخاتەڕوو، كە ئەمساڵ ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ هەزار تۆن گەنم لە هەرێمی كوردستان بەرهەم دێت، لە كاتێكدا ساڵانە پێویستمان بە ٨٦٢ هەزار تۆن هەیە، بۆیە پێویستە رووبەری ئاوی زیاد بكرێت، بۆ ئەوەی بەرهەم زیاد بكرێت، ”بۆ چارەسەركردنی گرفتی كەم ئاوی و وشكەساڵی بۆ جووتیاران، پێویستە ئاو لە زێیەكانەوە وەرگرێت، بەتایبەت زێی گەورە، بە بۆڕی بۆ كێڵگەكان بیگوازێتەوە، بەتایبەت ئەو زەوییانەی كە كشتوكاڵی لێ دەكرێت”.

د. تەڵعەت تاهیر بۆتانی، مامۆستا لە زانكۆی راپەڕین، دەرچووی بەشی جوگرافیای زانكۆی موسڵە، تێزی دكتۆراكەشی لەسەر ئاسایشی خۆراك بووە، سەبارەت بە باران بارین و كوشتوكاڵ كردن، بۆ (باسنیوز)، ئاماژە بەوە دەدات، كەتەنیا لە دەڤەری بەردەڕەشی سەر بە شاری دهۆك، ١٨ هەزار دۆنم زەوی بۆ كشتوكاڵی هەیە، دوو لەسەر سێی كراوەتە گەنم، كە ١٢ هەزار دۆنمە، هەر دۆنمێك بەلایەنی كەمەوە ١٠٥ هەزار دیناری تێچووە ”ئەمە بە حیسابی پێشتر، ئێستا پەین و بنەتۆ گرانتر بووە“، ئەمەش تێچووەكەی دەگاتە ملیارێك و ٢٦٠ ملیۆن دینار، لەبەرامبەردا بە دۆلار دەگاتە ٨٦٩،٩٦٤ ملیۆن دۆلاری ئەمریكی، ئەمەش بەهۆی كەمی رێژەی بارانەوە، ئەو زەوییەكان بەروبوومیان نەبووە، بۆیە ئەو پارەیە كە جووتیار خەرجی كردووە، دەبێتە زیان.

ئەو مامۆستایە كە خۆشی خەریكی كشتوكاڵییە، لەبارەی ئەم كەشە بارانییەی چەند رۆژێكە ناوچەكانی كوردستانی گرتووەتەوە، باس لەوە دەكات، كە بارانەكە پچڕ پچڕە، لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دیكە جیاوازە، لە دەشتی هەولێر و مووسڵ ئەو بارانە هیچ سوودێكی نابێت، چونكە دەغڵەكە وشك بووەتەوە، جگە لەوانەی كە ئاودێری دەكەن، ئەوەی دێمی بێت، وشك بووەتەوە، بەڵام بۆ دەڤەری بەردە رەش، دەشتی روڤیا و شێخان، سیمێڵ و بەرانەتی، شارزوور و دەشتی كۆیە، ئەم هێلە تا دەگاتە دەربەندیخان، ئەم بارانە سوودی دەبێت، بەڵام دەشتی هەولێر، كەركووك، خورماتوو، بەشێكی شارۆچكەی خەبات، بەردەڕەش و زوماڕ و سنجار هیچ سوودی نییە.

No description available.

بەقسەی ئەو پرۆفیسۆرە، زەوی كشتوكاڵی بۆ دەغڵ بە گشتی لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، سەرووی ٣ ملیۆن دۆنمە، كە هەر دۆنمێك دەغڵ، ١٠٥ هەزار دینار بەلایەنی كەمەوە، تێچووی بووە ”بەرای من زۆر زیاترە، چونكە ئەمساڵ بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، پەین زۆر گران بووە، گەنمیش گران بووە، ماددەی قركەر گران بووە، بەڵام ئێمە ئەگەر ١٠٥ هەزاری دابنێن، ئەوا بەرای من لەهۆی وشكە ساڵییەوە ئەگەر ملیۆنێك دۆنم زەوی بەرهەمی هەبێت، ئەوی دیكە هەمووی زیانی پێدەگات و جووتیار زیان دەكات، تەنیا دەغڵودانەكەش ئەو برشتەی نییە كە سەیر دەكرێت، بۆیە بەرهەم ئەومساڵ زۆر كەم دەبێت“، بە پێی داتای ساڵی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠٠٧، كە وشكە ساڵی بوو، بەرهەمی پارێزگای هەولێر ٥ تۆن گەنم بووە، دهۆك ٢٠٢ تۆن بووە، سلێمانیش ١٧ هەزار و ٤٣٥ تۆنی هەبووە.

بۆیە بە خەمڵاندنی ئەو پرۆفیسۆرەی جوگرافیا، ئەمساڵ ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ هەزار تۆن لە هەرێمی كوردستان بەرهەم دێت، لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان پێویستی بە ٨٦٢ هەزار تۆن هەیە، چونكە هەر تاكێك ساڵانە پێویستی بە ١٣٦ كیلۆ گرام گەنم هەیە، تەنیا وەك نان و سەموون بیخوات، ”سەرباری ئەوەی وەك ساوار، برووش و كێك و خواردەمەنییەكانی دیكە كە بە دەغڵودان دروست دەكرێت، ئەی ئەو ئاوارانەی كە لە كوردستان دەژین، ئەوان چەندیان پێویستە؟“، سەرباری ئەو رێژەیەش كە تاكی كوردی ساڵانە پێویستی پێییەتی، رێژەكە لە وڵاتێكەوە بۆ یەكێكی دیكە جیاوازە، لەسەر ئاستی جیهان ٧٨ كیلۆ گرامە، بەتایبەت لە وڵاتانی پێشكەوتوو، بەڵام لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتە دواكەوتووەكان، زیاتر دانەوێڵە دەخورێت.

د. تاهیر بۆتانی، بە پێویستی دەزانێت، كە حكوومەت بۆ چارەسەركردنی گرفتی كەم ئاوی و وشكەساڵی بۆ جووتیاران، ئاو لە زێیەكانەوە وەرگرێت، بەتایبەت زێی گەورە، بە بۆڕی بۆ كێڵگەكان بیگوازێتەوە، بەتایبەت ئەو زەوییانەی كە كشتوكاڵی لێ دەكرێت، گەنمیش لە مانگی ئازار و نیسان پێویستی بەئاوە و دەڵێت: ”ئەوكات حكوومەت دەتوانێت پانتایی ئاو زیاد بكات و لە زێیەكانەوە بە ترۆمپا ئاو بگوازێتەوە، تەنیا لە مانگەكانی كۆتایی دەغڵودان پێویستی بە چەندجارێك ئاو هەیە، ئەوكاتە دەتوانێت دەغڵەكە لە وشكەساڵی بپارێزیت، ئەو كارەش زۆر گران نییە، لەوكاتە تۆ تەنیا بۆ گەنم سوودی لێوەرناگریت، بەڵكو زۆر كاری دیكەی كشتوكاڵی دەكەیت و كوردستان دەبێتە سەبەتەیەك خۆراك“، جگە لەوە چارەسەریانە، دروستكردنی بەنداو بە كارێكی دیكەی گرنگ بۆ كشتوكاڵ دەزانێت، هەروەها هێنانی بنەتۆوێك كە بەرگەی كەمی باران و وشكەساڵی بگرێت و خۆی لەگەڵ كەشوهەوایەكە بگونجێنێت، ”جۆرە كشتوكاڵێكیش هەیە، بێ ئەوەی زەوییەكە بكێڵیت، تەنیا كونی دەكەیت، دەنكە تۆوێك و دەنكێك پەین دادەنێیت، ئەوكاتە شێی زیاد ناڕوات و دەمێنێتەوە و كەمتریش ئاوی دەوێت“.

بەپێی لێكۆڵینەوە جیهانییەكان، هەر شوێنێك كەمتر لە ٢٥٠ ملم باران لە ساڵێكدا ببارێت، ئەوا بە بیابان دادەنرێت، شارێكی وەك هەولێر ساڵانە لەم رێژەیە كەمتر دەبارێت، ئەو مامۆستایەی زانكۆ، دەڵێت: ”ئەو بارانە بخوڕەی كە دەشبارێت، هیچ سوودێكی نییە، بەیانی وشك بووەتەوە، پلەی گەرما بەرزە و زوو دەبێتە شێ، بۆیە هێنانی لقی ئاو، زیادكردنی رووبەرەكەی، كارێكی زۆر پێویستە، بۆئەوەی جووتیار زیانی پێ نەگات و بەرهەمی هەبێت“.