گرنگیی بەشداریی سەرۆکی حکوومەت لە کۆڕبەندی داڤۆس
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
تەحسین وسو عەبدوڵڵا 24/05/2022

گرنگیی بەشداریی سەرۆکی حکوومەت لە کۆڕبەندی داڤۆس

دوای ئەنجامدانی زنجیرەیەک جووڵەی دبلۆماسیی سەرکەوتوو لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لە لایەن بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەپێناو دۆزینەوەی دەرفەتی زیاتر بۆ قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان، ئەویش بە ئامانجی بەرەوپێشبردن و فەراهەمکردنی داهاتوویەک کە ڕەنگدانەوەی دروشمی سەرەکیی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێت کە خۆی لە "کوردستانێکی بەهێز و سەقامگیر"دا دەبینێەوە.

لە لایەکی تریشەوە ئامانجێکی تری ئەو جووڵە دبلۆماسییە نێودەوڵەتییانەی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، بریتییە لە بەشداری پێکردنی هەرێمی کوردستان لە دووبارە بنیاتنانەوەی سیستەمی ئاسایش و بەرگریی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەمیانەی سەرجەم سەردانەکانیدا گرفتە سەرەکییەکانی ناوچەکە و داهاتووی پڕۆسەی سیاسی لە عێراق، ئەجێندای سەرەکی بوون لە چوارچێوەی خستنەڕووی ڕوانگەی هەرێمی کوردستان بۆ پرسەکان.

لەم چوارچێوەیەشدا ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢١/٥/٢٠٢٢ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤۆس کە بە شێوەی ساڵانە بەڕێوە دەچێت، بەرەو سویسرا بەڕێ کەوت، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی کۆڕبەندەکەدا، ئەمڕۆ بەشداری لە پانێلێکدا دەکات لەژێر ناونیشانی "پێکهاتەیەکی نوێی ئاسایش لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا"، کە کۆنفرانسەکە لە ماوەی نێوان ٢٢ بۆ ٢٦/٥/٢٠٢٢ بەردەوام دەبێت.

شایانی باسە جگە لەوەی سەرۆکی حکوومەت بەشداریی پانێلێکی تایبەت دەکات، لە هەمان کاتدا لە پەراوێزی کۆڕبەندەكە کۆبوونەوە و دیداری هاوبەش و دوولایەنیی گرنگیش ئەنجام دەدات بۆ خستنەڕووی دیدی هەرێمی کوردستان بۆ بەشدارانی کۆڕبەندەكە.

ناونیشانی ئەو پانێلەی کە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری دەکات، خۆی لە خۆیدا ئاماژەیەکە بۆ گرنگیی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سیستەمی ئاسایش و بەرگریی ناوچەی ڕۆژ‌هەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها ئاماژەیەکیشە بۆ ئەوەی کە ناوچەکە بەرەو رووی گۆڕانکاریی ئاسایشی دەڕوات، ئەمەش بەو مانایە دێت کە هەرێمی کوردستانیش وەک ناوچەیەکی گرنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شان بە شانی دەوڵەتانی تری ناوچەکە، ڕۆڵ و پێگەی تایبەتی خۆی هەیە و ناکرێت لە دەرەوەی هاوکێشە ئەمنییەکاندا بێت، بەڵکوو دەبێ وەک کاراکتەرێکی سەرەکی ڕۆڵی خۆی ببینێت لە چوارچێوەی دووبارە بنیاتنانەوەی هاوکێشە سیاسی و ئاسایشییەکاندا.

ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه‌ و ره‌نگه‌ خه‌ڵكیش چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ پێشنیار و قسه‌كانی مه‌سرور بارزانی کە لەمیانەی کۆڕبەندەکەدا دەیخاتە ڕوو، شان بە شانی سەرکردەکانی جیهان، ئەوەیە کە ئەو گرفتە سەرەکییانەی کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕووی ئاسایشەوە تێدایە وەک بنەمایەکی سەرەکی لە داهاتوو ڕۆڵ ببینێت لە یەکلاکردنەوەی قەیرانەکان، بەم پێیە دید و دونیابینی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەبێتە جێگەی بایەخی بەشدارانی كۆڕبەندەكە، لەبەرئەوەی نزیکەی ٢٥٠٠ کەس لە سیاسەتمەدار، خاوەنکار، کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیاکار بەشدارن تیایدا، بۆ ئەوەی بیروڕا و ڕوانگەکان ئالوگۆڕ بکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هاوبەش بۆ هەموو ئەو پرسە جیهانییە جۆراجۆرانەی کە وەک ئاڵنگاریی گەورە هەژمار دەکرێن لەبەردەم جیهان.

لە لایەکی تریشەوە، گرنگیی بەشداریی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەوەدایە کە ئەم کۆڕبەندە و ڕاسپاردەکانی، لەمیانەی گفتوگۆکانی نێو کۆڕبەندەكە دێنە ئاراوە، دەبنە بەرمەبنای چارەسەر بۆ کێشە و قەیرانەکان لە داهاتوودا، بەم جۆرە دیدی هەرێمی کوردستان شان بەشانی دەوڵەتانی تری جیهان بەشدار دەبێت لە داهاتووی جیهان، کە ئەمەش ئامانجی سەرەکیی خودی سەرۆکی حکوومەتە کە هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم بە وردی کاری لەسەر کراوە.

خۆشبەختانە ئاماژەی باشیش بەدی دەکرێت کە ئەم جۆرە میکانزمە لە سیاسەتی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمدار دەبێت بۆ بەرژەوەندیی گشتیی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای ئاستەنگە نێوخۆیی و ئاڵنگارییە دەرەکییەکان، بەڵام بەردەوامبوون و کۆڵنەدانی هەرێمی کوردستان، وای کردووە دانەبڕێت لە کۆڕبەندە جیهانییەکانی بۆ ئەوەی ڕوانگەی هەرێمی کوردستانیش بەشدار بێت لە پرسە جیهانییەکان.