وەزیری دارایی بەڕێوەبەری بانکێکی سلێمانیی لە کار لادا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

وەزیری دارایی بەڕێوەبەری بانکێکی سلێمانیی لە کار لادا

 بەڕێوەبەری بانکێک لە سلێمانی، لە لایەن وەزیری دارایی لە پۆستەکەی لادەدرێت و بەڕێوەبەرەکەش زانیاری دەخاتە ڕوو.

بە‌پێی زانیارییەکانی  (باسنیوز) وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبەری بانکی تانجەڕۆی سلێمانیی لە کارەکەی لاداوە.

سەرچاوەیەک لقی بانکی ناوەندیی سلێمانی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، دوێنی دووشەممە ڕوقیە سەعید، بەڕێوەبەری بانکی تانجەڕۆ لە گرووپێکی تایبەت بە بانکەکان نامەی ماڵئاوایی نووسیوە.

لە نامەی ماڵئاواییەکەی بەڕێوەبەری ئەو بانکەدا هاتووە: "بۆ گشت هاوپیشەکانم لە هەموو بانکەکان، من خواحافیزی لەم گرووپە دەکەم و سوپاسی یەک بە یەکتان دەکەم بە هۆی لاچوونم لە پۆستی بەڕێوبەر، بە فەرمانی بەڕێز جەنابی وەزیر کە سەحب یەد کرابووم و درێژە بە کاری وەزیفی خۆم دەکەم لە یەکێک لە بانکەکان".

ئەمە لەکاتێکدایە، لە مانگی سێیی ئەمساڵ سێ خانەنشین لە کاتی نۆرەگرتن بۆ وەرگرتنی مووچەی خانەنشینییەکەیان، لەبەردەم بانکی تانجەڕۆی سلێمانی گیانیان لەدەست دا.

لای خۆیەوە ڕوقیە سەعید عومەر، کە بەڕێوەبەری بانکی تانجەڕۆ بوو، زانیارییەکانی پشتڕاست کردەوە و بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: " بەڵی من وەکوو بەڕێوەبەری بانکی تانجەڕۆ نەماوم". لەوە زیاتر زانیاری و وردەکاریی زیاتری نەخستە ڕوو.

پێشتر بەهۆی ڕووداوەکانی گیان لەدەستدانی خانەنشینان لە بانکەکە، وەزیری دارایی لیژنەی لێکۆڵینەوەی لەسەر بەڕێوەبەری بانکەکە پێکهێنابوو.