كۆبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی و فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان دوا خرا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

كۆبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی و فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان دوا خرا

 كۆبوونه‌وه‌ی دەستەی سەرۆکایەتی و فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان دوا خرا و پەرلەمانتارێکی پارتییش دەڵێت، کەشی سیاسی لەبارە بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان.

بڕیار وابوو ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 24/5/2022 ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ل فراكسیۆنه‌كان كۆببێته‌وه‌، به‌ڵام به‌پێی زانیارییه‌كان كۆبوونه‌وه‌كه‌ دوا خراوه‌ بۆ رۆژی چوارشه‌ممه‌ 25/5/2022، هۆكاره‌كه‌شی بۆ كۆچی دوایی باپیری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

خەدیجە عومەر، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندووه‌: "سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی کۆبوونەوەی نێوان دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان دوا خراوه بۆ ڕۆژی چوارشەممە، بەڵام کەشی سیاسی لەبارە بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان، بەتایبەتی دوای دەستپێشخەریی پارتی و سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ شاری سلێمانی.''

پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتیشی: "ناسەقامگیریی سیاسی کاریگەریی کردووەتە سەر کاروبارەکانی پەرلەمانی کوردستان و ئەگەر نێوان لایەنەکان ھێور بێتەوە، ئەوە بێگومان کاریگەریی خۆی دەبێت لەسەر بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانیش، چونکە بەھۆی ئاڵۆزیی نێوان لایەنەکان ڕەوشەکە بەگشتی ئاسایی نەبوو.''

لەبارەی مەرجەکانی پارتی بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان، خەدیجە عومەر ڕوونی کردەوە: "ھیچ لایەنێک مەرجی پێشوەختەی نییە بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان، ئومێد دەکەین دوای کۆبوونەوەی داھاتوو لێکتێگەیشتن ھەبێت بۆ ئەوەی لە مانگی داھاتوودا پەرلەمانی کوردستان دوای 80 ڕۆژ لە ڕاگرتنی کۆبوونەوەکانی دەست بە کۆبوونەوەکانی بکاتەوە.''