شارەزایەكی كورد لە ئەمریكا هۆکاری زۆربوونی شەپۆلەکانی خۆڵبارین ئاشكرا دەكات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

شارەزایەكی كورد لە ئەمریكا هۆکاری زۆربوونی شەپۆلەکانی خۆڵبارین ئاشكرا دەكات

ئەمڕۆ دووشەممە شارەزایەكی گەردونناسیی كورد لە ئەمریكا وتارێكی لەبارەی هۆكارەكانی زۆربوون و توندبوونی شەپۆلەکانی خۆڵبارینی ئەم دواییە لە کوردستان و عێراق بڵاو كردووەتەوە و زانیاریی وردی ئاشكرا كردووە.

لوقمان حەوێز لێكۆڵڤان و شارەزای كورد و ئەندامی کۆمەڵەی گەردوونناسی تیکساس لە ئەمریكا باسی دیاردەی خۆڵبارین دەكات و دەڵێ دیاردەیەکی سروشتیە لە گەلێک ناوچەی جیهان ساڵانە لە وەرزە جیاجیاکان ڕوودەدات، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی جیهان کە بەشێک یان زۆربەی ناوچەکانی بیابانە.

دەشنووسێ "هەڵکەوتەی جوگرافی کوردستانی باشوور بە جۆرێکە ئەو ڕەشەبایانەی کە هەڵدەکەن لەسەر بیابانەکانی ڕۆژئاوا و باشووری عێراق و بیابانەکانی تری سعودیە و ئوردن و سووریا، لە هەندێک کات و وەرزەکانی ساڵ بەرەو ئاڕاستەی کوردستان دێن، ساڵەکانی پێشووتریش وا بووە، ئەگەر ئەو ڕەشەبایانەی سەر بیابانەکان توند بن ئەوا بڕێکی زۆر لە تەپ و تۆزی زۆر وردی سەر ئەو بیابانانە لەگەڵ خۆیان هەڵدەگرن و بەرز دەکەنەوە لە هەوا تا بەرزایی پتر لە سێ کیلۆمەتر لە نێو بەرگە هەوادا و بەئاراستەی بایەکە دەیجوڵێنن، هەموو جارێکیش ئەگەر ئاڕاستەی با و ڕەشەبا بەرەو کوردستان بووبێت ئەوا ئەو تەپ و تۆز و خۆڵبارینەی لەگەڵ ئەو بارستە هەوایە هێناوە بەرەو ناوچەکە و دیاردەی خۆڵبارین ڕووی داوە.

هەروەها ئاشكرای كردووە كە سێ هۆکاری سەرەکی هەن بوونەتە هۆی زۆربوون و توندبوونی ئەو دیاردەیە لەم چەند ساڵانەی دواییدا، هەر سێ هۆکاریش بەشێوەیەکی سەرەکی پەیوەستن بە دیاردەی گۆڕانی کەش و هەوا کە ئێستا بەڕێوەیە لە هەموو جیهان و کاریگەرییەکانی لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان هەستی پێدەکرێت.

لوقمان حەوێز لەبارەی هۆكاری یەکەمەوە نووسیویەتی "کەمبوونەوەی تێکڕای ڕێژەی دابارین بەگشتی لە عێراق و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتیش لەم چەند ساڵانەی دواییدا، بووەتە هۆی وشکبوونی زیاتری سەر ڕووی زەوی و لە ئەنجامدا فشەڵبوونی زیاتری خاکی بیابانەکان، ئەمەش وا دەکات لەگەڵ هەڵکردنی ڕەشەبا ڕێژەیەکی زیاتر لە جاران لە تەپ و تۆز و وردیلەکانی لم لەو بیابانانە بەرزبێتەوە نێو هەوا.

هۆكاری دووەمیش توندتربوونی ڕەشەباکانە بە گشتی، واتە زۆربوونی خێرایی با کە لەو ناوچانەوە هەڵدەکەن، ئەمەش لێکەوتەیەکی تری دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوایە، ئەو توندبوونەش لە ئەگەری ڕوودانی دیاردەی خۆڵبارین زۆرتر و توندتریش دەکات بەهۆی ئەوەی بڕێکی زۆرتر لە تەپ و تۆزی بیابانەکان بەرز دەکەنەوە نێو بەرگە هەوا.

هەروەها لەبارەی هۆكاری سێیەمیشەوە دەڵێ ئەو وشکیەی بە گشتی ڕووی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراقیش کردووە، بووەتە هۆی فراوانبوون و گەورەبوونی ڕووبەری بیانەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بێگومان عێراقیش، ئەمەش یارمەتیدەر بووە و دەبێت لە زۆربوونی دیاردەی خۆڵبارین لە عێراق و کوردستان.