حکوومەتی هەرێمی کوردستا،ن قەرزەكانی كە دراون بە بازرگان و كۆمپانیاكان، لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییەكەوە وەردەگرێتەوە و 50 موڵكی وەزارەتی داراییشی لەبری قەرز وەدەگیرێنەوە. بەرپرسێكی ئەنجوومەنی وەزیرانیش رایدەگەیەنێت، یەكێك لە كارە جوان و یاساییەكانی ئەم كابینەیە لە بواری چاكسازیدا، گەڕاندنەوەی ئەو قەرزە بازرگانییانەیە.
وەزارەتی داد لە حکوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: "بەڕێوەبەرایەتیی جێبەجێكردنی دووی هەولێر، یەكێكە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی فەرمانگە دادییەكانی سەر بە وەزارەتی داد و ساڵی 2020 بۆ وەرگرتنەوەی قەرزی حکوومی دامەزرێنراوە".
ئاماژە بەوەش کراوە، لەسەرەتای کارەکانیانەوە لە وەزارەتی داراییەوە بەگشتی و لە قەرزی بانکەكانەوە بەتایبەتی دەستی پێ کردووە، لە ماوەیەکی كورتدا 54 موڵكیان خستووەتە موزایەدەوە و 50 موڵكی وەزارەتی داراییشیان لەبری قەرز وەرگرتووەتەوە و چوار موڵكیش فرۆشراون و داهاتەكانیان بۆ وەزارەتی دارایی گەڕێندراوەتەوە.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، ئێستا 39 موڵكی دیكە لە موزایەدەدان، كە ئامادە نەبوون قەرزی حكوومەت لە كاتی خۆیدا بدەنەوە.
پێشووتر 884 ملیار دینار قەرز بە بازرگانان و سەرمایەداران درابوو، لەبڕی قەرزەكانیان موڵك دانرابوو، تاوەكوو لە كاتی نەدانەوەی قەرزەكانیان، ئەو موڵكانە بفرۆشرێن و پارەكەی بۆ حكوومەت بگەڕێندرێتەوە، تاوەكوو ئێستاش زیاتر لە 10 ملیار دینار وەرگیراوەتەوە.
وەزارەتی داد باسی لەوەش كردووە: "ئەوەش لە چوارچێوەی یاسا و بەرنامەی چاكسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كابینەی نۆیەمە، لەبەر زۆریی دۆسییەكانی جێبەجێكردن و كاریگەریی لەسەر پەككەوتن و دواكەوتنی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگاكان و دیكۆمێنتەكانی جێبەجێكردن بۆ پاراستنی مافی حكوومەت و هاووڵاتی، بڕیاری كردنەوەی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە درا".
بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز) زیاتر لە دوو هەزار و 700 بازرگان و سەرمایەدار، كە لەنێویاندا سەرمایەداری زۆر گەورە هەیە، قەرزی بازرگانییان وەرگرتووە.
لە راگەیاندراوەكەدا ئەوەش هاتووە: "بەر لە کردنەوەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە، قەرزی حکوومەت لەلای کۆمپانیاکان و گەورە بازرگانەکان بەشێوەیەکی جیاوازتر وەرگیراوەتەوە، کە پارێزگار و قایمقامەكان و بەڕێوەبەرە گشتییەكان، هەریەكە و بەگوێرەی شوێن و پسپۆریی خۆیان، دەسەڵاتیان هەبووە، كە ئەو داهاتانە كۆ بكەنەوە، ئەمەش وایكردبوو، پەرشوبڵاوی و ناڕێکییەک هەبێت، چونکە نەدەتوانرا كۆنترۆڵ بكرێ، بەڵام ئێستا توانراوە ئەو قەرزانە باشتر و ئاسانتر ڕێكبخرێنەوە و یەكبخرێنەوە و بگەڕێندرێنەوە".
د.عەبدولحەكیم خەسرەو، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "یەكێك لە كارە جوان و یاساییەكانی ئەم كابینەیە لە بواری چاكسازیدا، گەڕاندنەوەی ئەو قەرزە بازرگانییانەیە كە دراون و چیتر بە پاساوی جۆراوجۆر خاویی لە دانەوەیاندا نەكرێت، بۆ ئەم مەبەستە، ئێستا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی یاسایی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانكە بازرگانییەكان، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی داد، كار بۆ گەڕاندنەوەی 497 ملیار دینار قەرزی بازرگانی دەكەن، 387 ئەسڵی قەرزەكەیە و 497 سوودە، کۆی قەرزەكە دەگاتە 884 ملیار دینار، بۆ ئەم مەبەستە، 184 دۆسیەمان هەیە و 124یان لە قۆناغی ئاگاداركردنەوەی قەرزارەكانە و 64 ڕەهنی قەرزارییش فرۆشراون، یان لە حاڵەتی فرۆشتندان، هەنگاو بە هەنگاو هەموو قەرزەكان دەگەڕێنینەوە و ئەوەی نەیگەڕێنێتەوە بە یاسا و دادگا مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت"