رۆڵی میوزیک لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردندا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
محەمەد بەكر 23/05/2022

رۆڵی میوزیک لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردندا

ئێمە پێویستمان بە دووبارە گەڕان و دۆزینەوەی رۆڵی میوزیک و کاریگەرییەکانی و ئەو ھەموو دەرئەنجامە باشەیە کە دەکرێ میوزیک پێمان ببەخشێت، بەڵام پێش ئەوەی بچینە ناو باسەکە، پێویستە دوو شت لەبیر نەکەین، یەکەم: ئەوەیە کە دەبێ ئاگاداری ھەموو گەڕان و تێزە نوێیەکان بین دەربارەی ئەو بابەتە و باشتر رۆڵی میوزیک لە پەروەردە و فێرکردن تێبگەین و بتوانین بەرجەستەی بکەین، یان لە چوارچێوەی کولتووری خۆمان جێگرەوەیەکی گونجاوی بۆ بدۆزینەوە.

دووەم: دەبێ ئەوە بزانین کە میوزیک تەنیا ژەنینی ئامێرێک نیە، بەڵکوو خۆی لە ئاواز و دەنگ و ریتم و تیمپۆ و لەرینەوەکان و زۆر شتی تریشدا دەبینێتەوە، ژەنین بەشێکە لە میوزیک
و دەکرێ میوزیک بە ھونەری بەیەکەوە گونجاندنی دەنگەکان و رێکخستنیان بە شێوەیەک کە پێی دەگوترێ ھۆش و ھەست بناسێنین، میوزیک وەک ئەوەی فەرھەنگی وێبستە (webster) دەیناسێنێ، زانست و ھونەری رێکخستنی دەنگەکانە لە چوارچێوەی گونجاندا.

بەو جۆرە تێگەیشتنە، وردە وردە بۆمان دەردەکەوێ کە نابێ میوزیک وەک ئاوازێکی رێکخراو لە لایەک و دەنگە دەنگە ناڕێکەکان لە لایەکی تر، تێکەڵ بکەین. کەوابوو ئێمە باس لە گۆڕینی رێگاکانی فێرکردن بۆ ئاھەنگێکی دەنگ بەرز ناکەین، بەڵكوو بەکارھێنانی دەنگە رێکەکان وەک کەرەستەیەکی یاریدەدەر بۆ فێرکردنێکی خێراتر.

بۆ نموونە لەبری ئەوەی بە دەنگێی بەرز و چەند جارێك دووبارەکردنەوەی بابەتێک، منداڵ یان قوتابی فێر بکەین، دەکرێ بە ئاوازێکی رێک و بە ماندووبوونێکی کەمتر بابەتەکە بگەیەنین،
یان با بڵێین ئەگەر کەسێک بیەوێ زمانێکی نوێ فێر بێ، ئەوەندەی سوود لە شێوەی دەربڕینەکانی گۆرانی و فیلمەکان دەبینێ، ئەوەندە نووسراوەکان و دانیشتن لە ھۆڵەکانی خولی فێرکردنی زمانەکە، سوودی پێ ناگەیەنن.

ئەفڵاتوون و ئەرستۆش، باسیان لە رۆڵی میوزیک لە گونجاندنی رۆح و جەستەدا کردووە،
زۆر جار بەھۆی ئازارێک یان نەخۆشییەكەوە، مرۆڤ ناتوانێ بە باشی درک بکات و خێرا لە شتەکان تێبگات و فێر بێت، بەڵام دەکرێ لەڕێی میوزیک ئەو کارە ئاسانتر بکرێ، ئەفڵاتوون دەڵێ: ”ناکرێ گۆڕانکاری لە کەسایەتیی كۆمەڵگەیەكدا بکەیت تا ئەو كاتەی کە میوزیک دەھێنیتە ناو دەمەزراوەکانی پەروەردە و فێرکردنەوە.“

ھەروەھا کۆنفۆشیۆسیش ھەمان بۆچوونی ھەیە و دەڵێ: ”مرۆڤ بەردەوام ھەوڵ دەدا بە میوزیک هەڵكشێت بۆ بەرزترین ئاستەکان، چونکە رێگەیەکە بۆ گەیشتن بە ترۆپکی ئاستی رۆشنبیریی مرۆڤایەتی، کاتێک لە رێگەی میوزیک عەقڵی گەلێك ئاراستە دەکەیت بەرەو نموونەییبوون، ئەو کاتە گەلێكی مەزن بەرھەم دێ.“
شامانیەکانی رووسیای ناوەڕاست و رۆحانییەکانی ھیند، میوزیکیان بۆ گەییشتن بە بارێکی ھزریی وەھا بەكار دەهێنا کە کۆنترۆڵی ھەموو ھەستەوەرەکانی خۆیانیان پێدەکرد.

دیارە کە زانستی ئەمڕۆ بە بەڵگە ئەو شتانە دەسەلمێنێ کە جاران تەنیا ھەست بوون، بەڵام ئەوەتا بە چەند خولەکێک گوێگرتن لە میوزیک دەگەینە ئەو ئامانجانەی کە بەبێ میوزیک پێویستیمان بە ماندووبوون و کارکردنێکی زۆر ھەیە بۆ ئەوەی پێیان بگەین.
ھەر بۆیە فێربوون و فێرکردن بە كۆمەكی میوزیک، باشترین رێگەیە بۆ دروستکردنی نەوەیەکی باش، فێرکردن بەو مانایە نا کە نەوەیەکی میوزیسیان بەرھەم بێت، بەڵكوو بە واتای مرۆڤێکی کامڵ. ئاخر ئەو منداڵانەی کە دایکیان بە دەنگێکی خۆش ئاوازییان بۆ دەچڕێ، وریاتر و چالاکترن لە منداڵانی تر، ھەر بۆیە ئەو دایکانە پەروەردەکاری باشترن.

بە گشتی دەکرێ بڵێین بەکارھێنانی میوزیکێکی ئارام لە کاتی راھێنان و فێرکردندا، یارمەتیدەرێکی باشە بۆ خێراترکردنی فێربوون. ھەندێ جار دەکرێ میوزیکە ژەنراوەکان بگۆڕین بە میوزیکی سروشتی، وەک دەنگی شەپۆلی دەریا و هاژەی رووبار، دەنگی باران و جووڵەی گەڵای دارەکان و جریوە و خوێندنی باڵندەكان.

ئەگەر سەیری ئەو مرۆڤانەش بکەین کە لە دەرەوەی جەنجاڵی و دوور لە ژاوەژاوی شارەکان دەژین، زۆربەیان کەسانی داھێنەر و بلیمەتیان لێ دروست دەبێ، چونکە بەردەوام گوێیان لە میوزیکی سروشتە، ھەموو ئەوانەی باسمان لێیانەوە کرد، تەنیا بە گوێگرتن لە میوزیک دەکرێ و ئەگەر بمانەوێ لەوانەش باشترمان دەست بکەوێ، دەکرێ فێری ژەنین بین، ئەو کاتە مێشکمان بە جۆرێکی چالاکتر و خێراتر فرمانەکان جێبەجێ دەکات و لێکدانەوە بۆ ئەو شتانە دەکا کە چاو دەیانبینێ یان بەر جەستە دەکەون، بۆیە دەروونمان ئاسوودەتر دەبێ و ژیانمان تەندروستتر.