ئەم نموونەیە بۆ ھەندێك خەڵكی خەواڵووی ناو خۆمان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 22/05/2022

ئەم نموونەیە بۆ ھەندێك خەڵكی خەواڵووی ناو خۆمان

توركیا بەھۆی بوونی پەكەكەوە لەناو ھەرێمی كوردستاندایە، زۆر جاریش چەكدارانی پەكەكە لە نزیك خەڵكی مەدەنی خۆیان حەشار دەدەن یان ھاتوچۆ دەكەن و دەبنە مایەی زیانگەیاندنی گیانی و مادی بۆ خەڵكە مەدەنیەكەش، چونكە توركیا بۆردومانی پەكەكە دەكات، بەڵام هەموو دوای بۆردومانێك، ھەندێك لە ناوخۆماندا پەیدا دەبن كە خۆیان ھەر لە بنەڕەتدا چاوساغی داگیركەرانی كوردستانن و ھەر بە چاوساغیكردن بۆ داگیركەرانی كوردستان ھێناویانە و ھەر بەم چاوساغیكردنەش گەورە بوون! خەڵكی تر بە چاوساغیكردن بۆ توركیا تۆمەتبار دەكەن!

دوای بۆردومانەكەی دوێنێی توركیا بۆ سەر كەمپی مەخموورو و گوندی تووتەقەڵانی نزیك ئاغجەلەریش، هەمان ئەو خەڵكانە دەڵێن: ”ئەم بۆردومانانەی توركیا بە چاوساغیی ھێزەكانی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان دەكرێت.“ من لێرەدا بۆ یەكەمین جار نموونەیەك باس دەكەم كە ڕەنگە بۆ ئەو كەسە خەواڵوانەی ناو خۆمان باش بێت و ببێتە مایەی ئەوەی تۆزێك خەو بەریان بدات.

زیاتر لە 23 ساڵ بەر لە ئێستا، لەگەڵ ژمارەیەكی كەم لە ڕاگەیاندنكاران كە جەنابی مام جەلال مەبەستی بوو بیانبینێت، چووینە قەڵاچوالان و لە كۆبوونەوەیەكدا باس ھاتە سەر باسی پەكەكە و تەواجودی پەكەكە لە ھەرێمی كوردستان، جەنابی مام جەلال گوتی: ”توركیا زۆر گلەیی ھەبوو كە پەكەكە لە ھەندێك لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئێمەدا ھەن، بۆ نموونە لە زەڵێ، ئێمەش ڕەتمان دەكردەوە و پێمان گوتن فەرموون خۆتان تیمێك بۆ لێكۆڵینەوە بنێرن بۆ زەڵێ.“

لە درێژەی ئەم باسەدا، جەنابی مام جەلال گوتی: ”ڕۆژێك تیمەكەی توركیا ھاتن و گوتیان ھاتووین بچین بۆ زەڵێ و منیش \واتە جەنابی مام جەلال\ برادەرێكی بەرپرسی خۆمانم لەگەڵدا ناردن و گوتم بڕۆ لەجیاتی گوندی زەڵێ گوندێكی تری ئەو دەوروبەرەیان نیشان بدە و بڵێ ئەمە زەڵێیە و فەرموو كوا پەكەكە؟ ئیتر ئەو بەرپرسەی یەكێتی لەگەڵ تیمەكەی توركیادا بەرەو زەڵێ ڕۆییشتبوون و لە دەوروبەری زەڵێ بەرپرسەكەی یەكێتی تیمەكەی توركیای بردبووە گوندێكی تر و گوتبووی فەرموون ئەوە زەڵێ، دواتر ئەفسەرێكی بڵند لە تیمەكەی توركیا گوتبووی نەخێر ئەمە زەڵێ نیە! چونكە ئەوەتا من ئامێرێكم پێیە و ئێستا لەسەر زەوی دایدەنێم با پێمان بڵێت ئەو گوندەی تۆ نیشانی منی دەدەیت ناوی چیە و كوێیە و چەندیشمان ماوە بگەینە زەڵێ!“

كەواتە لێرەدا تەكنیك چاوساغە نەك مرۆڤ، جا ئەوە پێش 23 ساڵ بەر لە ئێستا بووە، ئەی ئاخۆ دەبێ ئێستا چ گۆڕانكارییەكی تەكنیكی بەسەر ئامێرەكانی كەشف و سیخووڕیكردندا ھاتبێت؟ ئیتر زیاتر باس ناكەم و ھیوادارم ئەو یاغنیشانەی كە ئێستا دەڵێن: ”بۆردومانەكانی توركیا بۆ سەر پەكەكە بە چاوساغیی ھێزە ناوخۆییەكانی ھەرێمی كوردستانە!“ خەو بەریان بدات.