رەخنەگرتن لە ئایەتەكانی ئاپۆ!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
کارزان گلی 22/05/2022

رەخنەگرتن لە ئایەتەكانی ئاپۆ!

لەناو پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، رەخنەگرتن لە پارت و سەرۆكی پارت عەبدوڵا ئۆجەلان، گوناهێكی گەورەیە، تەنانەت زۆر جار بووەتە هۆی كوژران و دوورخرانەوەش، ئەمەش بەگوێرەی گوتەی ئەو كەسانەی لە پەكەكەوە نزیك بوونە یان كاریان لەگەڵ كردوون.

باسی ئەوە ناكەم لە سۆسیال میدیا رەخنەیەكی بچووك لە پەكەكە بگریت، ئیدی هێرشت دەكرێتە سەر و بە (خاین و نۆكەر و پیاوی توركیا!) ناوت دەبەن، باسی ئەو كەسانە دەكەم كە قوربانییەكی زۆریان بۆ پەكەكە داوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی رەخنەیان لە سەرۆك و پارت گرتووە، عاقیبەتیان دووچاری مەترسییەكی زۆر بووەتەوە.

ئەگەر بتەوێت بزانیت ئایە پەكەكە رەخنە قبووڵ دەكات یان نا، دەبێ بگەڕێیتەوە بۆ ئەو میدیا بینراو و بیستراوەی پەكەكە لە ئەورووپا هەیبووە و هەیەتی، كە بەشایەدی زۆر كەس، میدیای پەكەكە لە نەوەتەكان و دوو هەزارەكاندا، میدیایەكی بەهێز بووە.

سەیری رۆژنامەكانیان بكە، لە یەكەم ژمارە تاوەكوو ئێستا، سەیری تەلەڤزیۆنەكانیان بكەن و ئەرشیڤیان هەڵبدەوە، ئەگەر لە شوێنێك بینیت رەخنەیەكی بچووك لە سەرۆك و تەنانەت لە رێكخراوی پەكەكە گیراوە، مافی خۆتە بڕوا بەم وتارە نەكەیت.

سەلیم چروككایە، كە ماوەی 10 ساڵ، بەهۆی پەكەكەبوون و لەپێناو مافی رەوای گەلی كورد لە ئامەد زیندانی كرا، لە كتێبی (ئایەتەكانی ئاپۆ)دا، گەواهیی ئەوە دەدات كە پەكەكە چەند لاوازە بەرامبەر بە رەخنە.

چروككایە، كاتێك لە زیندان هاتووەتە دەرەوە و چووەتە بیقاع و لە نزیكەوە لەگەڵ ئۆجەلان بووە، دەڵێت، بۆمان نەبووە لە هیچ رۆژنامەیەكی پەكەكە لە ئەورووپا، تەنانەت وتاریش بە ناوی خۆمانەوە بڵاو بكەینەوە، بەڵكوو دەبوایە وتار بنووسین و گەورەیی ئاپۆ نیشان بدەین و باسیش لە گرنگیی پەكەكە بكەین.

لە رۆژنامەكانی پەكەكەدا، تەنیا ئاپۆ بۆی هەبووە بە ناوی خۆی وتار بنووسێت، لەو زیاتر هیچ كەسێكی تر بۆی نەبووە بە ناوی خۆی وتار بڵاو بكاتەوە.
ئاڵتان تان، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە و كوڕی بەدری تان، كە لە زیندانی ئامەد لەسێدارە درا و قوربانییەكی زۆری بۆ دۆزی كورد داوە، بەئاشكرا دەڵێت پەكەكە بچووكترین رەخنە قبووڵ ناكات و بە ”خاین“ ناوت دەبات.

ئاڵتان تان، لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی (CNN)، گوتی: بۆ خۆم گوێم لێ بووە كە لەناو پەكەكەدا گوتویانە، بۆچی ئاڵتان تان و تاهیر ئێلچی، تاوەكوو ئێستا لە ژیاندا ماون؟ چەند رۆژێك دوای ئەوە تاهیر ئێلچی كوژرا.

زۆرن ئەوانەی رەخنە لە پەكەكە دەگرن و بە ”خاین“ ناویان براوە، دیارترین نموونە سەركردەی باڵای ناو پەكەكە، محەممەد شەنەرە، بەهۆی ئەوەی رەخنەی لە خودی ئۆجەلان گرت، بۆیە بە ”خاین“ ناو برا و تەنانەت گوتیان ئەمە پیاوی میتی توركیایە و پاشان هەواڵی كوژرانی لە یەكێك لە باڵەخانەكانی حەلەب بڵاو بووەوە.

عەبدوڵا ئۆجەلان، هەرگیز حەزی نەكردووە لە باكوور و تەنانەت لە پارچەكانی تری كوردستانیش، كەسێك هەبووبێت ناوبانگی هەبێت و لەڕووی سیاسی و هونەری و ئەدەبییەوە لە ئاستێكی باڵادا بێت، گەر نموونەی وا هەبووبێت ئەو بە سووك وەسفی كردووە.

بۆ نموونە كاتێك دێتە سەر وەسفی یڵماز گونای، سینەماكاری بەناوبانگی كورد، لێی دەپرسن پۆچوونت چییە لەسەری؟ ئەو بەشێوەیەك باسی دەكات، كە سینەماكارێكی گەورە نییە، تەنانەت باس لەوەش دەكات كە پیاوكوژ بووە! لە ئێوە دەپرسم: ئاخۆ دەكرێت كەسێكی وەكوو عەبدوڵا ئۆجەلان ئەو وەسفەی گونای بكات؟

رەخنەگەرتن لە پەكەكە و ئاپۆ، بەلایاناوە گوناهێكی گەورەیە، تاوانێكە لێخۆشبوونی نییە، تەنانەت تا خاینبوون دەتبەن و هەر وەكوو خاینێكیش سزات دەدەن.