پڕۆسەی سیاسیی عێراق لە بازنەیەكی داخراودا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
تەحسین وسو عەبدوڵڵا 22/05/2022

پڕۆسەی سیاسیی عێراق لە بازنەیەكی داخراودا

دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە عێراق، لە ١٠ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢١دا، تا ئێستا پرسی چۆنیەتیی پێکهێنانی کابینەی حکوومەت، یان بنەمای پێکهێنانی حکوومەت بە گەورەترین بەربەستی بەردەم پڕۆسەی سیاسی لە عێراق دێتە هەژمار.

هەر لە سەرەتاوە پرسەکە دابەش بووە بۆ سەر دوو ئاراستە، یان دوو ڕوانگەی جیاواز؛ ئاراستەیەک پێداگری لەسەر پێکهێنانی حکوومەتێکی زۆرینەی نیشتمانی دەكات، ئەم ئاراستەیە لە موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدرەوە تەبەنی کراوە. ئاراستەکەی دیكە، کە پێداگری لەسەر حکوومەتێکی تەوافوقی دەکات، ئەمانەش خۆیان لە چوارچێوەی هەماهەنگیی عەرەبە شیعەکان ڕێکخستووە، کە وەک لایەنی بەرامبەر و دژبەری سەدر ناسراون. ئەم دوو ئاراستە جیاوازە، وەک گرێکوێرەی بەردەم پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەت، شکستیان بە هەموو هەوڵەکان هێناوە.

ئەگەرچی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی، چەندین جار بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرکۆمار هەوڵی دانیشتنی پەرلەمانی دا، بۆ ئەوەی سەرکۆماری نوێی هەڵبژێردراو بتوانێت لە پەرلەمان کەسێک بۆ پێکهێنانی حکوومەت دیاری بکات، بەڵام لایەنی بەرامبەر، کە خۆیان وەک لایەنی پەکخەری پەرلەمانیی ناساندووە، ڕێگر بوون لە تەواوكردنی ڕێژەی یاسایی، بۆ گرێدانی کۆبوونەوەی پەرلەمانی.

دوای ئەوەش، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، کە سەرکردایەتیی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی دەکات، کە بە (هاوپەیمانیی رزگاركردنی نیشتمان) ناسراوە، هەر یەکە لە (رەوتی سەدر، عەرەبە سوننەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان) پێکهاتووە، ٤٠ ڕۆژی لەبەردەم چوارچێوەی هەماهەنگی/ پەکخەری پەرلەمانی دیاری کرد، بۆ ئەوەی بتوانن کۆبوونەوەی پەرلەمان ڕێک بخەن، بەڵام بەهۆی موجامەلەکردن و نەبوونی ئیرادەیەکی یەکگرتووی عێراقی، نەک نەیانتوانی حکوومەت پێکبێنن، تەنانەت نەیانتوانی لەو ماوەیەی کە دیاری کرابوو، لەنێوان خۆشیاندا کۆبوونەوەی هاوبەش ئەنجام بدەن.

دوای تەواوبوونی ماوەی چل ڕۆژەکە، دووبارە سەدر ماوەیەکی زەمەنیی دیكەی خستە بەردەم کوتلە سەربەخۆکان لە پەرلەمان، کە خۆی لە دوو هەفتەدا بینییەوە، بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان یەکلایی بکەنەوە، کە لەڕاستیشدا سەربەخۆکان دەتوانن باری لاری پڕۆسەی سیاسی لە عێراق لە چوارچێوەی پەرلەماندا بابەتەکە یەکلایی بکەنەوە، بەڵام ئەوانیش لەو ماوە زەمەنییەدا نەیانتوانی خۆیان یەكلایی بکەنەوە، بۆیە پڕۆسەی سیاسی لە عێراق جارێکی دیكە لە چوارچێوەی ئەو بازنە داخراوەدا مایەوە کە چەند مانگێكە لایەنە سیاسییەکان نەیانتوانیوە بگەنە چوارچێوەیەکی هاوبەش، بۆ پێکهێنانی بنەمانی حکوومەتی عێراق.

دوای هەموو ئەمانە، سەدر جارێکی دیكە ٣٠ ڕۆژی دیكەی دیاری کرد، کە خۆی وەک ئۆپۆزسیۆنێکی نیشتمانی دەمێنێتەوە، ئەگەر لایەنەکان بتوانن حکوومەت پێکبێنن، بەڵام ئەمەشی دیاری کردووە، کە ئەگەر لەو ماوەیەی کە دیاریی کردووە، لایەنەکانی دیكە نەتوانن حکوومەت پێکبێنن، ئەوا بڕیاری دیكەیان بۆ پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا دەبێت.

بەپێی دوایین (پەیام)ی موقتەدا سەدر، لەمیانەی ڕاگەیەنراوەکەیدا، دادگای فیدراڵییشی خستە ناو بازنەی سوور و تۆمەتی ئەوەی خستە پاڵ کە هۆکاری سیاسی لەپشت بڕیارەکانیانەوەیە. بەپێی شیکەرەوەکان، ئەم هەڵوێستەی سەدر بەرامبەر دادگای فیدراڵی، هۆکارێکی دیكەی بەردەوامی و قووڵبوونەوەی ناکۆکییە سیاسییەکانە لە داهاتووی پڕۆسەی سیاسیی عێراق.

کەواتە بەپێی ئەو دۆخەی کە پڕۆسەی سیاسیی عێراق پێیدا تێپەڕ دەبێت، داهاتووی عێراق، لەو ماوەیەی کە سەدر دیاریی کردووە، لە چوارچێوەی دوو گریمانەدا جێگەی دەبێتەوە، ئەوانیش:
یەکەم: هێزە سیاسییەکانی دەرەوەی سەدر ئەگەر بوێر و خاوەنی ئیرادەی خۆیان بن و بتوانن ئۆپۆزسیۆنی سەدر قبووڵ بکەن، لەم ئەگەرەدا حکوومەتی عێراق بە جۆرێک لەرزۆک و بێ ئیرادە و لاواز دەبێت و تەمەنی یاسایی خۆیشی پێ تەواو ناکرێت و هاوشێوەی حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی دەبێت، کە سەدر توانیی بە ژمارەی کەمتر لە پەرلەمانتارانی ئەم خولەی هەڵیبوەشێنێتەوە، ئەوکات ژمارەی پەرلەمانتارانی کوتلەکەی ٥٦ پەرلەمانتار بوو، لەکاتێکدا ئێستا خاوەنی ٧٦ پەرلەمانتارە. کەواتە لەم خولەدا، ئەگەر سەدر ببێتە ئۆپۆزسیۆن، لە هەر کاتێکدا بیەوێت ئاسانتر لە پێشوو، دەتوانێت حکوومەت هەڵبوەشێنێتەوە.

دووەم: لایەنەکانی دەرەوەی سەدر، بەتایبەتی چوارچێوەی هەماهەنگی، وەك ئێستا بەردەوام بن لە موجامەلەی سیاسی، بۆ ئەوەی سەدر لە حکوومەتدا بەشدار بێت و بوێریی قبووڵکردنی ئۆپۆزسیۆن بوونی سەدر نەکەن، ئەمەش بە مانای بەردەوامبوون و درێژەکێشانی ئەو چەقبەستووییە دێت کە چەندان مانگە بۆ پێکهێنانی حکوومەت ناتوانن بگەنە چوارچێوەیەکی هاوبەش، ئەگەری زۆرە لە دەرەنجامی بەردەوامبوونی دۆخەکە، هەڵبژاردنێکی دیكە بێتە پێشەوە، چونکە ئەستەمە لەو ماوەیەی سەدر دیاریی کردووە، کە خۆی لە ٣٠ ڕۆژدا دەبینێتەوە، حکوومەت پێکبهێنرێت.