كادیرێكی یەكێتی: بارزانی دەستبەرداری پۆستی سەرۆکی ھەرێم بوو، بەڵام وڵاتان بۆ كاری گەورە دەستبەرداری ئەو نابن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

كادیرێكی یەكێتی: بارزانی دەستبەرداری پۆستی سەرۆکی ھەرێم بوو، بەڵام وڵاتان بۆ كاری گەورە دەستبەرداری ئەو نابن

”دەبێ خەبات و ئەزموونی بارزانی بە شێوازی نوێ بخرێتە ئەندێشەی تاکی ئەمڕۆ“

نووسەر و كادیرێكی یەكێتی لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بابەتێكی بە بۆنەی 60 ساڵەی پێشمەرگایەتی مەسعود بارزانی نووسیوە و تیایدا دەڵێ: ”بڕیاری ریفراندۆم یەكێك لە کارە مێژوویی و گەورەکانی مەسعود بارزانی بوو، کە بەگژ جیھاندا چووەوە و قسەی خۆی بردەسەر. کەسانێک چەند ساڵێکیان دەوێ ھەتا لە بایەخ و گەورەیی ریفراندۆم تێدەگەن“.

سەردەشت حەمەساڵح، نووسەر و كادیری یەكێتی، سەرەتای نووسینی بەوە دەست پێدەكات، كە هەندێ كەس بە قسەی تورك و عەرەب و فارس بڕوا دەكەن، بەڵام بڕوا بە كوردەكەی خۆیان ناكەن، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ركابەرییەكی ناشەریفانە بەرهەم بێت و دەشڵێ ”لە مێژوودا، کورد لە یەک دەرگاوە توانراوە قەڵای بگیرێ، ئەویش دەرگای خۆخۆرییان بووە!“.

ئەو كادیرەی یەكێتی سەبارەت بە بارزانی دەنووسێت: ”من پێزانینم بۆ 60 ساڵ پێشمەرگایەتیی بەڕێز مەسعود بارزانی هەیە و وەك سەركردەیەكی گەورەی كورد رێزی لێ دەگرم، بەڵام كارەساتەكە ئەوەیە، خودی پارتییەكان ناتوانن كاك مەسعود بۆ نەوەی نوێ پێناسە بكەن و ئەزموونی ئەو سەركردەیە لە گەنجەكانی ئێستا بگەیەنن“.

سەردەشت حەمەساڵح، لە باسی ئەو سەختی و نەهامەتییانەی مەسعود بارزانی لە رێی گەلەكەیدا دیویەتی، دەنووسێ: ”ئەو زاتە لەدوای نسکۆ چووەتە ژێر باری قورسی ھەستانەوە و دروستکردنەوەی حزبەکەیان، کە رەنگە ئەو دێڕە لای ھەندێک ئاسان بێت و لە چەڵەمە و بەربەست و دژوارییەکانی ئەوێ رۆژێ تێ نەگا. نەوەی نوێ ئەو رۆژگارە قورسانەی نەخراوەتە بەرچاو، کە چۆن کەسێک توانی جارێکی تر شۆڕشێکی وەھا گەورە لەدوای نسكۆ ھەستێنێتەوە و بیگەیەنێتە ئەو ئاستەی، نەک لە کوردستان، بەڵکو لە عێراقدا حزبی یەکەم بێ. ئەرکێکی ھێند قورس و شاخ تەپێن، دەبێ بگەیەنرێتە خەڵکی، کە ئەوکاتەی کاک مەسعود خەریکی کۆکردنەوە و دروستکردنەوەی حزب و مەفرەزە و کەسایەتییەکان بووە لە ئاوارەییدا، چەند ناڕەحەت و مەحاڵ و گران بووە، سەرباری ئەوەش نەخۆش کەوتن و كۆچی دوایی مستەفا بارزانیی باوکی، کە بڕستبڕ بووە، دواتر رێکخستن و ئیدارەدانی حزب، ھەروا چاودێریی چڕی ساواک بەسەریانەوە و پاشان کۆچی دوایی کاک ئیدریس بارزانیی برای، ئینجا ناکۆکیی ناو حزبە کوردییەکان و جەنگی ھەڵگیرساوی شاخ و زۆر کاری گەورە و گرانتر، دەبێ بە شێوازی نوێ بخرێنە ئەندێشەی تاکی ئەمڕۆ!“.

ئەو نووسەر و كادیرەی یەكێتی نموونەیەك لەسەر پێداگریی بارزانی دێنێتەوە لەسەر بەرگریی لە پێشمەرگە و دەنووسێ: ”بەڕێز نەوشیروان مستەفا بە دەمی خۆی باسی کردووە، کە کاک مەسعود لەدوای رووخانی سەدام حوسێن و لە کۆبوونەوەیەکدا توند بە رووی زاڵمای خەلیل زاد، نوێنەری سەرۆک بووش و بریمەر حاکمی عەسکەری عێراقدا تەقییەوە و گوتی ئەگەر نیازی ئەوەتان ھەیە ئێستا ئێرە جێدێڵم و سەربەخۆیی رادەگەیەنم. دواتر زاڵمای دەچێتە دەرەوە و دێتەوە و دەڵێ سەرۆک بووش دەیەوێ قسەت لەگەڵ بکات، کاک مەسعودیش دەڵێ قسەی لەگەڵ ناکەم، شەرمەزاری لای ئەو بم باشترە وەک لای میللەتەکەم. ئەو ھەڵوێستەی بارزانی وای کرد، کە عێراق لە نیشتمانی عەرەبییەوە بکرێت بە بەشێک لە جامیعەی عەرەبی و پێشمەرگەش وەک خۆی بمێنێتەوە و لە دەستووردا ئەوەی کاک مەسعود سەپا“.

سەبارەت بە بوێریی بارزانی و گرنگیی بڕیاری ریفراندۆم، دەنووسێ: ”یەکێک لە کارە مێژوویی و گەورەکانی مەسعود بارزانی ریفراندۆم بوو، کە بەگژ جیھاندا چووەوە و قسەی خۆی بردەسەر. داخەکەم زۆر بەلاڕێدا دەبرێ و بۆ کەسانێک چەند ساڵێکیان دەوێ ھەتا لە بایەخ و گەورەیی ریفراندۆم تێدەگەن“.

سەبارەت بە رۆڵی گەورەی مەسعود بارزانی لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهاندا، سەردەشت حەمەساڵح دەنووسێ: “جیھان و وڵاتان بۆ پرسی گەورە روو لەو پیاوە دەکەن، جەنابیان دەستبەرداری پۆستی سەرۆکی ھەرێم بوو، بەڵام وڵاتان دەستبەردای ئەم سەرکردەیە نابن. با دوو نموونەی ئەمەشتان پێ بڵێم، یەکەمیان، چەند ساڵێک لەمەوبەر، لە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی داعش، کە سەرەتای مەترسی بوو بۆ سەر جیھان، ھەر زوو روویان لە بارزانی کرد و داوایان کرد رووبەڕووی ئەو بەڵایە ببنەوە، ئەوەبوو ھاوشانی یەکێتی، یەکەم شکاندنی داعشیان پێشکەشی جیھان کرد و پێشمەرگە پایەی بەرز بووەوە. دووەمیشیان، ئەمڕۆی عێراقە، كە داوا لەو زاتە کراوە گرێی عێراق بکاتەوە، کە لە چەند رۆژی داھاتوودا ئەنجامەکەی دەبینرێ”.