پەكەكە لە گوندی تووتەقەڵان چی دەكات؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 21/05/2022

پەكەكە لە گوندی تووتەقەڵان چی دەكات؟

ئەگەر بەڕاستی پەكەكە مەبەستی خەباتی چەكداری بوایە و بۆ بەرژەوەندیی كورد، بڕوای بەم جۆرە خەباتەش ھەبوایە، ئایا ئەو پێنج كەسە یان لانی كەم سێ كەسیان كە بەئاشكرا پەكەكەن و لە گوندی تووتەقەڵانی سەر بە ناحیەی ئاغجەلەری سەر بە قەزای چەمچەماڵ بوون، ئنجاش لەناو ئۆتۆمبێلێكی تۆیۆتای ھایلۆكسدا بوون و درۆنی توركیا گیانی كێشان، ئایا نەدەبوایە ئەوانە لەجیاتی گوندی تووتەقەڵان لە یەكێك لە گوندەكانی سێرت یان مووش یان وان یان مێرسین یان ئورفە یان باتمان یان شرناخ یان ھەكاری یان باشقەڵا یان شەمزینان بوونایە و لەوێش لەناو تۆیۆتای ھایلۆكسدا نەبوونایە؟

ئاخر خەباتی چەكداری لە شاخ و تۆیۆتای ھایلۆكس لەم سەردەمی شەڕی درۆن و دیجیتاڵیەدا، بێجگە لە نەزانی و دابڕان لە تەكنۆلۆژیای شەڕی سەردەم، ھیچی تری لێ ناخوێنرێتەوە، بەڵام ئیتر ئەوە پەكەكەیە و وا دەزانن ئێستاش ھەر سەردەمی ساڵانی كۆتایی حەفتاكان و سەرەتای ھەشتاكانی سەدەی ڕابردووە كە لە دۆڵی بیقاع لەگەڵ ڕێكخراوە فەلەستینیەكان خەریكی مەشقی سەربازی بوون.

ئێوە لەمەش گەڕێن، باشە پەكەكە لە گوندی تووتەقەڵان چی دەكات؟ ئایا گوندی تووتەقەڵان تانك و زرێپۆشی توركیای لێیە؟ ئایا گوندی تووتەقەڵان سەربازگەی سەربازان و جەندرمە و قەرەقووڵی توركیای لێیە و پەكەكە لە نزیك ئەو سەربازگانەی توركیاوە و بە تۆیۆتای ھایلۆكس خەریكی كەشف و ئیستیتڵاع و كۆكردنەوەی زانیاری بوون بۆ ئەوەی لە شەوێكی ئەنگوستەچاوی ئەم ھەفتەیەدا و بەتایبەتی لە شەوێكی خۆڵبارینی ئەم ھەفتەیەدا، پەلاماری ئەو سەربازگانەی توركیا لە دەوروبەری ئاغجەلەر و گوندی تووتەقەڵان بدەن؟

ئەی ئایا چەكدارانی پەكەكە زانیاریی ئەوەیان ھەبووە كە لە دەوروبەری گوندی تووتەقەڵان، نۆكەر و خۆفرۆشی سەر بە توركیای لێیە و ئەوان چوون بۆ ئەوەی كە بیانڕفێنن یان بە زمانی شاخ بە سزای گەل و شۆڕشیان بگەیەنن؟ یان ئایا پەكەكە ویستوویەتی لە گوندی توو تەقەڵان ئابوونە بۆ سەركردایەتیەكەیان لە قەندیل یان بۆ ھەرێمی میدیاكەیان یان بۆ خۆسەرەكەیان لە شنگال كۆ بكاتەوە؟

بیرم كەوتەوە باشە خۆ لە گوندی توو تەقەڵان پێشمەرگەی پارتییشی لێ نیە - وەك ھەموو جارێك كە خۆیان دەیڵێن - ھەتا ڕێنوێنیی درۆنەكانی توركیای كردبێت! ھەر بەڕاست پەكەكە لە گوندی تووتەقەڵان چی دەكات؟ ئایا دەبوایە پەكەكە بە تۆیۆتای ھایلۆكسەوە لە گوندی تووتەقەڵان تەقەڵ لێ بدات، یان لە یەكێك لە گوندەكانی دەوروبەری ھەكاری و باشقەڵاو شەمزینان؟