پەکەکە، لە کفری و چەمچەماڵەوە شەڕی تورکیا دەکات؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

پەکەکە، لە کفری و چەمچەماڵەوە شەڕی تورکیا دەکات؟

بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی: هیچ مووشەک و چەکێکی نییە لەو ناوچانەوە بگات بە تورکیا

بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت، پەکەکە بووەتە کێشەیەکی گەورە بۆ سنوورەکەیان و بوونی چەکدار و بارەگاکانیان لەو ناوچانە، جگە لە بەکارهێنان بۆ دژایەتیی هەرێمی کوردستان، هیچ مانایەکی دیکەی نییە، چونکە لە کفری و کەلار و چەمچەماڵەوە شەڕی تورکیا ناکرێت و هیچ مووشەک و چەکێک نییە لەو ناوچانەوە بگات بەو وڵاتە.


بوون و دەستوەردانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان

بابەتی بوون و دەستوەردانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان، بووەتە بابەتێکی رۆژەڤی چاودێرانی سیاسی، چونکە قۆستنەوەی ناوچەیەکی فراوانی هەرێمی کوردستان لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان PKKەوە، بووەتە هۆی ئەوەی هەموو ئەو ناوچانەی، کە پەکەکەی لێیە، لەژێر هەڕەشەی بۆردومان و شەڕ و ئاڵۆزیدا بێت، جگە لەوەش، پەکەکە هۆکار بووە بۆ چۆڵکردنی نزیکەی 700 گوند لە هەرێمی کوردستان، کە ئەوەش جگە لە تێکدانی ژیانی گوندنشینەکان، لە رووی ئابوورییشەوە زیانی گەورەی بۆ هەرێمی کوردستان هەبووە.

هاوکات پەکەکە هەر بەوەش نەوەستاوە، دەستوەردانی زۆری لە دۆخی هەرێمی کوردستاندا کردووە و لە سنووری سلێمانی و ئەو ناوچانەی کە بە روویاندا زیاتر کراوەیە، کادیرانی پەکەکە سواری شەپۆلی ناڕەزایی خەڵکەکەی بوونە و تۆمەتبارن بە سووتاندنی بارەگا حزبی و حکوومییەکان.

لە ماوەی رابردووشدا، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، دەستگیرکردنی گرووپێکی پەکەکەی لە دهۆک راگەیاند، کە بەنیاز بوون لە ڕێگەی مووشەک و کاتیوشاوە، هێرش بکەنە سەر چەند سەد و ناوچەیەکی گەشتیاری و مەدەنی لە هەرێمی کوردستان، هاوکات هەر ئەمڕۆش فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، گوندی تووتەقەڵی لە سنووری ناحیەی ئاغجەلەری لە چەمچەماڵ بۆردومان کرد و بەهۆیەوە ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا - هایلۆكس سووتا، کە پێنج سەرنشینی تێدابووە و تەواوی سەرنشینەکان گیانیان لەدەست داوە، کە چەکداری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بوون.
بەدوای ئەوەشیاندا، هەر ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێکی دیکەی پەکەکە لە سنووری مەخموور کرایە ئامانج و بەپێی دوایین زانیاری، کوژراو و بریندار هەیە.

چەکدارەکانی پەکەکە بەئاشکرا بارەگایان هەیە

لەمبارەیەوە شێخ جەعفەر مستەفا، بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند، پەکەکە لە سنووری کفری و خانەقین بارەگای ئاشکرای هەیە و چەکدارەکانی بە ئۆتۆمبێل دێن و دەچن، کە ئەوەش مەترسیی بۆردومان و هێرشکردنە سەریان هەیە، دەرەنجام زیانی بۆ ناوچەکە و ئارامی و ئاسایشی دەبێت.

بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی گوتیشی: ”نازانین پەکەکە لەو ناوچانە چی دەکەن؟ لەکاتێکدا هیچ مووشەک و چەکێکیان نییە لە کفری و کەلار و چەمچەماڵەوە بگات بە تورکیا، لەبەرئەوە بابەتەکە روونە، تەنیا ئامانجەکەی پەکەکە ئێستا بووەتە دژایەتیی هەرێمی کوردستان و بەتەواوی دەستبەرداری باکووری کوردستان بووە، بەپێچەوانەوە، ئێستا پەکەکە هێزێکە بۆ هێنانی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان و هەموو ناوچە کوردستانییەکان.“

ئەو بەرپرسەی پارتی ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو کرانەوەیەی ئەو دەڤەرە بە خانەقین و کەلار تا دەگات بە سلێمانی، کە پەکەکە دەیان بارەگای بە ناوی جیاواز و ئاڵای جیاوازەوە هەیە، زیانی گەورەی لە سنوورەکە داوە و رۆژ بە رۆژیش باجەکەی بۆ ئەو ناوچانە قورستر دەبێت، گوتی: ”پەکەکە بووەتە سەرئێشەیەکی گەورە بۆ هەرێمی کوردستان و پێویستە بە هەموو لایەنێک چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە.“