كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

گومان دەكرێ زەكی چەلەبی لە لایەن خودی پەكەكەوە تیرۆر كرابێت

سەرچاوەیەك: چەلەبی ڕێگەی نەداوە پەكەكە چێشتخانەكەی بكاتە بارەگای نهێنی

كۆتایی هەفتەی رابردوو، لەلایەن دوو چەکداری نەناسراوەوە و لە ڕێگەی بەكارهێنانی ماتۆڕسکیل، زەکی چەلەبی، خاوەنی ڕێستورانتی (دەنیز) لە شاری سلێمانی، درایە بەر دەستڕێژی گوللە، پاش مانەوەی بۆ ماوەی 17 سەعات لەژێر چاودێریی پزیشکی، بەھۆی سەختیی برینەکەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەکی تایبەتەوە دەست (باسنیوز) کەوتووە، دەوروبەری زەكی چەلەبی گومان دەكەن ئەو کەسانەی کە تەقەیان لە زەکی چەلەبی، خاوەنی چێشتخانەی (دەنیز) لە شاری سلێمانی کردووە، چەکداری پەکەکە بووبن، بە تایبەتیش كە پاش ئەنجامدانی تاوانەكە، بە خێرایی هەڵاتوون و تا ئێستاش دەستگیر نەكراون. تا ئێستاش دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی چەکدارەکانیان دەستگیر نەکردووە و لەسەر کوژرانی خاوەنی چێشتخانەکەش ھیچ ڕوونکردنەوەیەکیان بڵاو نەکردووەتەوە.

زەكی چەلەبی چ كێشەیەكی لەگەڵ پەكەكە هەبوو؟

زەکی چەلەبی، ماوەی 10 ساڵە وەک ھاوڵاتییەکی باکووری كوردستان لە سلێمانی دەژی، خاوەنی چێشتخانەی دەنیزە کە بە چێشتخانەی باكوورییەكان ناوبانگی دەركردووە، ئەگەرچی میدیاکانی پەکەکە کەیسی کوژرانی زەکی چەلەبییان کردووە بە کەیسێکی سیاسی و وەك كەسێكی نزیك لە خۆیان دەیناسێنن، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی (باسنیوز) لە كەسانی نزیك لە زەكی چەلەبییەوە دەستی كەوتووە، زەكی ماوەی چەند ساڵێکە ھەموو پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ پەکەکە پچڕاندووە و بەشداریی ھیچ کار و چالاکییەکی سیاسی و مەدەنیی پەکەکەی نەکردووە، تەنانەت ئامادە نەبووە بەشداریی خۆپیشاندان و چالاکییە جیاوازەکانی پەکەکەش لە سلێمانی بکات، تەنیا خۆی بە کاری بازرگانی سەرقاڵ کردووە و چێشتخانەی دەنیزی لە شەقامی بەختیاری لە سلێمانی بەڕێوە بردووە.

هەر بەپێی ئەو زانیارییانەی (باسنیوز) لە سەرچاوەكانیەوە دەستی كەوتووە، لە ماوەی رابردوودا كەسانی سەر بە (پەکەکە) چەندین جار گێچەڵیان بە زەکی چەلەبی کردووە و داوای پارەیان لێ کردووە، بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلێکی بارھەڵگر بۆ چەکدارەکانی (پەکەکە) لە ناوچەی شارباژێڕی سنووری سلێمانی بکڕێت، بەڵام چەلەپی داواکارییەکەی ڕەت کردووەتەوە و ئامادە نەبووە ھاوکاریی ماددیی پەکەکە بکات، ھەروەھا زەکی چەلەبی، لەسەر ئەو گێچەڵی سەرانە وەرگرتنە چەند سەرکردەیەکی پەکەکەی ئاگادار كردووەتەوە، بەڵام لە وەڵامدا پێیان گوتووە: ”ماڵی تۆ ماڵی ھەڤاڵانە و دەبێ بە ھەموو شێوەیەك ھاوکاریی ھەڤاڵەکانمان بکەیت، بۆیە لەو کاتەوە زەکی چەلەبی، خۆی لە ڕێکخستەکانی پەکەکە پاراستووە و بەشداریی چالاکییەکانی ئەو حزبەشی نەکردووە.“

ڕێستورانتەكەی نەكردووەتە بارەگای نهێنی

بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز)، یەكێك لە ناكۆكییەكانی نێوان پەكەكە و زەكی چەلەبی ئەوە بووە، كاتێك چەكدارانی پەكەكە لە حەشارگەكانیانەوە لە قەندیل دابەزیونەتە نێو سلێمانی بۆ ئەنجامدانی كردەوەی جۆراوجۆر، ڕێستورانتی (دەنیز)یان كردووەتە جێی دیدار و كۆبوونەوە و چالاكییەكانیان، زەکی چەلەبییش پاش ئەوەی درکی بەوە کردووە كە خەریکە چێشتخانەکەی دەبێتە مۆڵگەی چەکدارەکانی پەکەکە، داوای کردووە ھەر کەسێک لە چێشتخانەکەی نانی خوارد، ھاوشێوەی خەڵکی ئاسایی دوای تەواوبوونی ژەمە نان خوارنەکەی، چێشتخانەکە چۆڵ بکات، ھەروەھا زەکی چەلەبی ڕێگەی نەداوە چەکدارەکانی پەکەکە، لەنێو چێشتخانەکەی کۆبوونەوەی سیاسی ئەنجام بدەن، ئەمەش وای کردووە ناكۆكییەكانی لەگەڵ پەكەكە و سەركردەكانی ئەو حزبە بگاتە لوتكە.

میدیاکانی پەکەکە، هەر ڕۆژەی تۆمەتێك دەبەخشنەوە

یەكێك لەو هۆكارانەی كە گومانەكان لەسەر تیرۆركردنی زەكی چەلەبی لە لایەن پەكەكە زیاتر دەكات، ئەوەیە كە لە ڕۆژی كوژرانیەوە تا ئێستا، هەر جارەی میدیاكانی پەكەكە لایەنێك تۆمەتبار دەكەن.

لەمبارەیەوە حاکم حەمدی گلی، دادوەری پێشووی دادگای سه‌ربازیی یه‌کێتی و که‌سایه‌تیی سیاسیی که‌رکووک بە (باسنیوز)ی راگەیاند، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) تووشی ئیفلاسی سیاسی و سەربازی بووە، ڕۆژ بە ڕۆژ ناسنامەی ئەو حزبە بۆ خەڵک ئاشکرا دەبێت، بەداخەوە (پەکەکە) دۆخی سلێمانیی قۆستووەتەوە و ئێستا خەڵک بیرکردنەوەیەکی فراوانی ھەیە و ھەمووی دەزانێت ئەو حزبەی بە ناوی کوردایەتییەوە چەکی ھەڵگرتووە، خزمەت بە ئەجێندای کێ دەکات.

پەكەكە دۆستەكانی خۆی دەكوژێت

بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە ژمارەیەك سەرچاوەی جۆراوجۆرەوە ئاماژەیان پێ دراوە، یەكێك لە بەهێزترین چەكەكانی پەكەكە بۆ ترساندنی ئەوانەی لەگەڵیدا كار دەكەن تاوەكوو بیر لە هەڵاتن و جێهێشتنی ڕیزەكانی نەكەنەوە، كوشتنە. لەمبارەیەوە پێشتر هۆشەنگ ئۆسێ، نووسەری رۆژئاوای كوردستان و كادیری پێشووتری میدیایی پەكەكە ئاشكرای كردووە، هەزاران كەس لە كادیر و سەركردەكانی پەكەكە، بە دەستی خودی حزبەكەیان كوژراون.

محەمەد سەلیم چوروككایا، یەكێك لە سەركردە دیارەكانی پەكەكە و نووسەری كتێبی (ئایەتەكانی ئاپۆ)ش لە كتێبەكەیدا سەدان نموونەی لەبارەی تیرۆركردنی كەسانی نزیك لە پەكەكە لە لایەن خودی پەكەكەوە ئاشكرا كردووە. هەر ئەمانەش وا دەكەن كە گومانەكان لەبارەی كوژرانی زەكی چەلەبی زیاتر بن.