زمانی کوردی.. پێشکەوتنێکی تر، سەرکەوتنێکی تر، چاوەڕوانیی دیکەیش
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
فەرهاد شاکەلی 21/05/2022

زمانی کوردی.. پێشکەوتنێکی تر، سەرکەوتنێکی تر، چاوەڕوانیی دیکەیش

چەند رۆژێك لەمەوبەر، ئەو هەواڵە بڵاو کرایەوە کە گووگل بڕیاری داوە [کوردیی ناوەندی] ببێتە یەکێک لەو زمانانەی کە لە بەرنامەی [Google Translate]دا لە کاردا دەبێت و لە وەرگێڕانی نێوان کوردی و زمانانی دیکەدا دەکرێ سوودی لێ وەربگردرێت.

پێشەکی لە دڵەوە پیرۆزبایی لەو لاوە خۆشەویستانەی کورد دەکەم کە کۆڵنەدەرانە و عاشقانە توانییان ئەم گەنجینە بەنرخە ببەخشن بە نەتەوەی کورد و بە سامانی فەرهەنگیی کورد. دەستتان خۆش کچان و کوڕانی لێهاتوو، نموونەتان زۆر بێت. هەروەهایش پیرۆزبایی لە هەموو کوردێک دەکەم کە زمان و فەرهەنگی نەتەوەکەی خۆی خۆش دەوێت.

ئەم کارە سەرەتایەکی خۆشیبەخش و جێی شانازییە، بەڵام وەک هەر سەرەتایەک دەبێ هەنگاوی دیکەی بە دوادا بێت و دەبێ بە کاری قووڵتر، زانستیتر و ڕاستتر دەوڵەمەند بکرێت و بپارێزرێت.
پێم خۆشە بەم بۆنەیەوە چەند سەرنجێک لەبارەی ئەم ڕووداوەوە دەرببڕم و هیوادارم ئەو لاوانەی کارەکەیان ئەنجام داوە، هەروەهایش دەستەڵاتی سیاسیی کورد و خوێنەوار و ڕووناکبیرانی کورد، سوودی لێ وەربگرن:

یەکەم: بەکارهێنانی ئاوەڵناوی [سۆرانی] لەگەڵ ناوی زمانی کوردیدا هەڵەیەکە و نابێ بە هیچ جۆرێک ڕێگە بدرێت بەو شێوەیە بمێنێتەوە. بە ڕاستی ناوهێنانی ئەو شێوەیەی زمانی کوردی وەک سۆرانی، سووکایەتیکردنە بە کورد و بە زمانی کوردی.

لە ماوەی چەند سەدەدا لەناو کوردناساندا هەمیشە بەو شێوەیەی زمانی کوردی وتراوە [کوردیی ناوەندی: Central Kurdish]. ئەوانەی پێی دەڵێن [سۆرانی] دوو جۆرن؛ یا لە نەزانینەوەیە یا هەڵوێستێکی ناحەزانە و نادۆستانەیان بەرانبەر ئەو شێوەیە و ئاخێوەرانی هەیە.

دەبێ لاوانی خاوەن پرۆژەکە، بەڕێوەبەرانی گووگڵ تێبگەیێنن کە دەبێ ناوە ڕەسمییەکەی [کوردیی ناوەندی: Central Kurdish] بێت. بۆ ئەوەی هەردوو شێوە کوردییەکەی گووگڵ پێکەوە ببینرێن، دەتوانن وای بنووسن: Kurdish (Central) . [کوردیی ناوەندی]، بۆ ئەوەی بە هەڵەی تێینەگەن، تێرمێکە لە جیۆگرافیای زمانەکەوە هاتووە، چونکە تاکە شێوەی زمانی کوردییە کە ڕێک دەکەوێتە ناوەندی کوردستانەوە.

دووەم: ئەو گەنجینە وشە و دەربڕینە کوردییانەی ئێستا لە بەرنامەکەدا لە بەردەستدان، دەبێ چاوی پێدا بگێڕنەوە، چونکە دڵنیام زۆر لایەنی لاواز و بگرە هەڵەیشی تێدان. پێش تاوێک، هەر بۆ نموونە، وشەی [Culture]ی ئینگلیزیم دانا، دەبینم بۆ بەرانبەرە کوردییەکەی دەڵێ [کەلتوور]، لە کاتێکدا [Culture]ی ئینگلیزی واتای زۆرتری هەیە و [کەلتوور] وەرگێرانێکی باش/ڕاست نییە. ئەگەر هەر دایدەنێن، با ببێتە دوایین هەڵبژاردە، نەک تاکە هەڵبژاردە.

[Culture]ی ئینگلیزی لە کوردیدا دەبێتە [فەرهەنگ، شارستانەتی، نەریت]، دوای ئەوانە دەکرێ [کەلتوور و ڕۆشنبیری]یش دابنرێن. دیارە [فەرهەنگ] باشترین و ڕاستترین وشەیە. سەرنجڕاکێش ئەوەیە وشەی [فەرهەنگ] لە تێکستێکدا بە زمانی پەهلەوی بە کار براوە و تێکستەکەیش ناوی کوردی تێدا هێنراوە. زمانانی پەهلەوی و ئاڤێستا دوو نزیکترین زمانی کۆنی ئێرانین لە زمانی کوردییەوە.

سێیەم: زۆر گرنگە لە ئێستاوە ڕێنووسێکی باش و ڕاست و زانستی بە کار ببرێت. دەزانم بۆ ئەو لاوە خۆشەویستانە، ئەمە ئەرکێکی ئاسان نییە، ئەگەر نەڵێم ئەرکێکی سەختە. ئەمڕۆ بە دەیان کەس خۆیان وەک زمانزانی کورد و وەک شارەزای بواری ڕێنووس و ڕێزمان دەبەنە پێشەوە و خۆ دەنوێنن، بەڵام بەشی زۆریان نە زمانناسن، نە کوردیزانن، نە شارەزای ڕێزمان و ڕێنووسن. کار و بەرهەمی هەندێکیان، زیانێکی گەورەی گەیاندووە و دەگەیێنێتە زمانی کوردی.
دروود بۆ زمان و فەرهەنگی کوردی و بۆ هەموو ئەوانەی خۆشیان دەوێت و وەک نیشانەیەکی بەرز و پیرۆز دەیبینن