بەرپرسێكی پێشووی گۆڕان: گومان دەكرێ لە نێوخۆی پەكەكەوە زانیاری بدرێتە دەرەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

بەرپرسێكی پێشووی گۆڕان: گومان دەكرێ لە نێوخۆی پەكەكەوە زانیاری بدرێتە دەرەوە

”پەكەكە هەرێمی كوردستان لای كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناشرین دەكات“

ئه‌ندامێكی پێشووی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان له ‌چه‌مچه‌ماڵ، بە دووری نازانێت لە نێوخۆی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)وە زانیاری بچێتە دەرەوەی حزبەكە، لە كاتێكدا پەكەكە بەردەوام پەنجەی تۆمەت ئاراستەی لایەنی دیكە دەكات.
ئەمڕۆ شەممە 21ی ئایاری 2022، بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر لە سنووری چەمچەماڵ بە (باسنیوز)ی راگەیاند، دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بارەگایەكی پەكەكە و ئۆتۆمبێلێكی سەر بە پەكەكەیان لە سنووری ناحیەكەیان بۆردومان كردووە و بەم هۆیەوە پێنج كەس گیانیان لەدەست داوە كە سێ لەوانە سەر بە پەكەكە بوون.
لەم بارەیەوە، سه‌ربه‌ست نازم محه‌مه‌د، ئه‌ندامی پێشووی جڤاتی گشتیی بزووتنوەی گۆڕان له‌ چه‌مچه‌ماڵ، بۆ (باسنیوز) گوتی: ”ئێمە وه‌ك نه‌ته‌وه‌ باوه‌ڕمان به‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان هه‌یه‌، كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ بین باشتر‌ و به‌هێزتر و جوانترین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌لومه‌رجی له‌به‌رده‌مه‌ باشووری ئه‌م كوردستانه‌یه‌ و ئاینده‌ی دیاره‌، بۆیه‌ شه‌ڕی په‌كه‌كه‌ مه‌ترسییە‌ له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و گرفت دروست ده‌كات و ئه‌م هه‌رێمه‌ لای دراوسێكان و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ناشرین ده‌كات، ده‌بێ ئه‌و شەڕه‌ ببرێته‌ ده‌دره‌وه‌ی باشووری كوردستان.“
گوتیشی: ”ئه‌وه‌تا له‌ سنووری هه‌ولێر و دهۆك و ئاكرێ، به‌شێكی زۆری گونده‌كان چۆڵ كراون‌، جووتیاران گوندیان به‌جێ هێشتووه‌، مانگێك پێش ئێستا له‌ 14ی 4 یادی ئه‌نفال و كیمیاران بوو، له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا گوتاری یه‌كه‌ی ئیداری خوێندرایه‌وه كه‌س قسه‌ی نه‌كرد كه‌سوكاری شه‌هیدان راپۆرتی خۆیان خوێنده‌وه‌ كه‌س قسه‌ی نه‌كرد كە گه‌یشته‌ سه‌ر وه‌زیری شه‌هیدان وتار بخوێنێتەوە، بۆنەكە تێك چوو و ده‌ستیان كرد به‌ په‌لاماردان، هۆكار‌ەكەش فشارە و ده‌ستی ده‌ره‌كیی ناحه‌زان له‌م سنوورەدا‌ زاڵه‌ و ده‌یانه‌وێت هه‌رچی هه‌یه‌ به‌ ئاراسته‌ی سیاسی تێكی بده‌ن.“
سه‌ربه‌ست نازم محه‌مه‌د، ئه‌وه‌شی خسته ‌روو: ”به‌رژه‌وه‌ندیی كورد له ‌هیچ پارچه‌ك له‌وه‌دا نییه‌ ئه‌م دۆخه‌ی باشووری كوردستان تێك بچێت، بینیمان له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ر به‌شێك له ‌یه‌كێتی له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان و له‌به‌رچاوی دونیاوه له ‌%50ی خاكی كوردستانیان فرۆشت، كۆمه‌ڵێك پێشمه‌رگه‌ شه‌هید بوون، ئه‌و ناوچانه‌ی به‌ خوێنی 5 هه‌زار پێشمه‌رگه‌ی شه‌هید ئازاد كرابوو، له‌ده‌ست چوو، ئێستا لە كه‌ركووك و ئه‌و ناوچانه‌ رۆژانه‌ ته‌عریب ده‌كرێت، ئه‌م گرووپه‌ كه‌مانه‌ی ئێستا بوونه‌ته‌ مۆته‌كه‌ له‌سه‌ر باشووری كوردستان، سوود لەو دۆخە وه‌رده‌گرن و ده‌یانه‌وێت دۆخی شنگال لە سلێمانی دووباره‌ بكه‌نه‌وه،‌ هه‌ر به‌ فیتی ئه‌و گرووپانەیە ‌مووشه‌ك له‌ ماڵی بازرگانان ده‌درێت له‌ هه‌ولێر و دواتر تۆمه‌تیشمان بۆ دروست ده‌كه‌ن.“
ده‌شڵێت: “ره‌نگه‌ هه‌ندێك خه‌ڵكی پەكەكە خوڵقێنه‌ری گرفت بن له‌م سنووره‌، ئه‌وه‌تا له‌ سنووری سلێمانی ئاڵۆزیی زیاترە، سێ سه‌ركرده‌ی په‌كه‌كه‌ له‌ ئه‌زمه‌ڕ كراونه‌ته‌ ئامانج، به‌رپرسی كۆمیته‌ی شه‌هیدانیان هه‌ر له‌ناو سلێمانی كراوه‌ته‌ ئامانج! من قه‌ناعەتم نییه‌، به‌تایبه‌ت توركیا بێت ئه‌مانه‌ له‌ سلێمانی تیرۆر بكات، ئه‌مه‌ی ئێستا ده‌كرێت له‌ سلێمانی بۆ شلكردنی فشاری سه‌ر شه‌نگاله،‌ له‌ شه‌نگال فشار هه‌یه‌ و ده‌یانه‌وێت كه‌می بكه‌نه‌وه‌ و به‌سه‌ر سلێمانیدا دابه‌شی بكه‌ن. بۆشیان بكرێت بەسه‌ر هه‌ولێریشی دابه‌ش ده‌كه‌ن، به‌ڵام بۆیان نه‌چووه‌ته‌ سه‌ر.“
ئەو ئه‌ندامەی پێشووی جڤاتی گشتیی گۆڕان ئەوەشی گوت، كە: ”په‌كه‌كه‌ چەندین گرووپ و باڵی هه‌یه‌ و هه‌موویان به ‌یه‌ك ئاراسته‌ كار ناكه‌ن و جیاوازن، له‌ زۆر شوێن گرفت بۆ خۆیان دروست ده‌بێت، په‌كه‌كه‌ هه‌واڵگریی هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و گرووپانه‌ی خۆیان نه‌بێت، سه‌ركرده‌كانیان به‌و شێوه‌یه‌ ناكرێنه‌ ئامانج.“
راشی گه‌یاند: ”له‌م سنوورانه‌ هه‌ندێك شوێنیان بۆ دیاری كراوه‌، بۆ نموونه‌ له ‌ناحیه‌ی شوان بۆیان دیاری كراوه‌ كه‌ باره‌گای په‌كه‌كه‌ی تێدایه‌، له‌ هه‌ندێك شوێن لێیان درا، ئه‌وكات گوتیان فڕۆكەی توركیا بووه‌، چه‌ندان ساڵه‌ په‌كه‌كه‌ له‌ شاخه‌كان بوو، باشتر وایه‌ نه‌یه‌ته‌ ناو شاره‌وه‌، به‌ڵام بەداخەوە لەم سنوورە بۆیان شل كراوە و شوێنی حەوانەوەی بۆیان كردووه‌ته‌وه‌“.
سه‌ربه‌ست نازم محه‌مه‌د، گوتیشی: ”له‌م سنوورەدا‌ په‌كه‌كه‌ چالاكییان هه‌یه،‌ هه‌ندێك گرووپ لەناو شارن و ئافره‌ت سه‌رپه‌رشتییان ده‌كات، ده‌گه‌ڕێن و كۆمه‌ك كۆ ده‌كه‌نه‌وه‌ و به‌ناوی خزمه‌تی نیشتمان پاره‌ له‌ خه‌ڵك وه‌رده‌گرن.“